سەردێڕ:

نھێنییەکانی پشت کابینەکەی عەبدولمەھدی و ئاسۆکانی بەردەوامبوونی

کابینەیەکی بێ ژن و بێ کەمایەتی
عادل عەبدولمەھدی لە ١٢ مانگدا دەبێت بەرەنگاری زۆر دۆسییە ببێتەوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-10-30

7010 جار خوێندراوەتەوە

دوای چەند مانگێک لەدانوستاندنی ئاشکراو ژێربەژیر؛ سەرەنجام لەنیوەشەوی ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨دا حکومەتێکی ناتەواو بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەھدی لەبەغدا سوێندی یاسایی خوارد. دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی لەرێی ئەم شیکردنەوەوە ھەوڵەکانی پشت پەردەی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق و ھەندێ لەدەرکەوتەکانی ئەم کابینە نوێیە دەخاتەڕوو؛ ئاسۆکانی بەردەوامبوونی تا کۆتایی وادە دەستورییە چاوەڕوانکراوەکەی کە ساڵی ٢٠٢٢ە ھەڵدەسەنگێنێت.


دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، یەکەی شیکردنەوە

دوای چەند مانگێک لەدانوستاندنی ئاشکراو ژێربەژیر؛ سەرەنجام لەنیوەشەوی ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨دا حکومەتێکی ناتەواو بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەھدی لەبەغدا سوێندی یاسایی خوارد. دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی لەرێی ئەم شیکردنەوەوە ھەوڵەکانی پشت پەردەی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق و ھەندێ لەدەرکەوتەکانی ئەم کابینە نوێیە دەخاتەڕوو؛ ئاسۆکانی بەردەوامبوونی تا کۆتایی وادە دەستورییە چاوەڕوانکراوەکەی کە ساڵی ٢٠٢٢ە ھەڵدەسەنگێنێت. 

 

Image result for abdulmahdi and new government
 کابینەکەی عەبدولمەھدی بەناتەواو تۆمەتبار دەکرێت بەھۆی لەبەرچاونەگرتنی ھاوسەنگیی جێندەریی

 

١٤ وەزارەت لە ٢٢ 

 بەپێی ئەو زانیاریی و راگەیاندنانەی لەبەردەستدان ژمارەی وەزارەتەکانی کابینەکەی عادل عەبدولمەھدی ٢٢ پۆستی وەزاریی فیعلیی دەبن، بەڵام لەکۆی ئەو ژمارەیە لەگەڕی یەکەمدا تەنھا چواردەیان پڕکرانەوە کە بریتین لەوەزارەتەکانی: نەوت، دارایی، گەیاندن، ئاوەدانکردنەوە، بازرگانی، دەرەوە، کشتوکاڵ، وەرزش و لاوان، تەندروستی، پیشەسازی، کار، کارەبا، سەرچاوەکانی ئاو و گواستنەوە.

بەھەمانشێوەی جاران؛ وەزارەتەکانی ئەم کابینەیە لەسەر بنەمای ھاوپشکی نەتەوەیی، تائیفیی و سیاسیی دابەشکراون. لەو دابەشکارییەشدا، کورد نزیکەی ١٨%ی وەزارەتەکانی بەرکەوتووە کە نزیکە لە ژمارەی خاڵەکانی لەناو پەرلەمان؛ ئەگەر سەرۆکایەتی کۆمارو جێگری دووەمی سەرۆک پەرلەمان لەبەرچاو بگیرێت. ھەرچی شیعەکانیشە زیاتر لەنیوەی وەزارەتەکان دەبەن کە دەکاتە  ١٢ وەزارەت؛ ئەگەر پۆستی سەرۆک وەزیران لەبەرچاو بگیرێت. سوننەکانیش لەکۆی ٢٢ وەزارەت بەشەش وەزیر بەشدار دەبن؛ لەکاتێکدا وەک لیست دەوروبەری ٥٠ پەرلەمانتارن و بەپەرتەوازەیی لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا دەگەنە دەوروبەری ٧٠ ئەندام. 

  

ململانێی کورد لەسەر پشکەکان

 جیاواز لەھەندێک لەخولەکانی پێشوو، لەم کابینەیەدا کە شەشەم حکومەتی پاش رووخاندنی رژێمەکەی سەدام حسێن و حزبی بەعسیی عێراقییە لە ٢٠٠٣، تەنھا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان پۆستە وەزارییەکان پڕ دەکەنەوە. بەھۆی ناکۆکیی ئەو دوو حزبەشەوە لەسەر سەرۆکایەتی کۆمار، بەپەرتەوازەیی و لەکەشێکی پڕ لەململانێدا لەبەغدا دانوستانەکانیان بەرێوەبردووە. لەپاکێجی یەکەمدا دوو وەزارەت بەر پارتی کەوتوون کە دارایی و ئاوەدانکردنەوەن، بۆ سێیەم وەزارەتیش کە یان "کۆچ" یان "داد" ـە لەنێوان پارتی و یەکێتیدا مشتومڕ ھەیە.

 

Image result for kurdish leaders
 جیاواز لەسەروەختی جەلال تاڵەبانی، بەشداریی کورد لەکابینەی نوێی عێراقدا زۆر پەرتەوازەبوو

 

بەپێی ھەندێ سەرچاوەی سیاسیی لەبەغداوە گەیشتونەتە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، مەسعود بارزانی ڤیتۆی ھەبووە لەسەر پێدانی وەزارەتی داد بە یەکێتی کە خالید شوانی کاندید بوو بۆ وەرگرتنی. بەو ھۆیەوە ئەو وەزارەتە گۆڕدراوە بۆ کۆچ و کۆچبەران کە لەنێوان ھەردوو حزبدا ھێشتا بەھەڵپەسێردراوی ماوەتەوە؛ بۆ گەڕی دووەمی پێکھێنانی حکومەت کە دەکەوێتە پاش دانیشتنی چاوەڕوانکراوی پەرلەمان لە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ . ئەگەرچی پارتی سوورە لەسەر وەرگرتنی و نەوزاد ھادی بۆ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران کاندید کردوە، بەڵام لەپاش بێبەشبوونی لەوەزارەتی داد، ھێشتا یەکێتی ناوی کەسی بۆ پڕکردنەوەی نەخستۆتەڕوو. 


تەواوکردنی کابینەی حکومەت 

 ئەو وەزارەتانەی لەکابینەکەی عەبدولمەھدی بەبەتاڵی ماون بریتین لە بەرگری، ناوخۆ، داد، پەروەردە، رۆشنبیری، خوێندنی باڵا، پلاندانان، کۆچ و کۆچبەران. بۆ ھەریەک لەوانەش کاندیدی حزبیی پێشکەشکراون و ئێستا مشتومڕی سیاسیی زۆر بۆ پڕکردنەوەیان ھەیە، بەتایبەت بەرگری و ناوخۆ کە دوو وەزارەتی ئەمنیی گەورەو گرنگن لەپەیکەری دەوڵەتداو جگە لەدەسڵاتی ئەمنی، دەسەڵاتی خەرجکردنی پارەی زۆر و واژۆکردنی گرێبەستی گەورەیان ھەیە. ئەو ھێزو لایەنانەی بێبەشبوون لە گەڕی یەکەمی پڕکردنەوەی وەزارەتەکاندا؛ گوشار دەکەن بۆ ئەوەی لەم گەڕەدا بەشداربن. لەگەڵ ئەوەشدا، گوشارو داواکاریی زۆر لەسەر عەبدولمەھدی ھەیە بۆئەوەی لە تەواوکردنی کابینەی حکومەتەکەیدا گرنگیی زیاتر بەکەسانی تەکنۆکرات و پیشەیی بدات. 

 

Image result for abdulmahdi and new government
 لەگەڕی دووەمی متمانەدان بەکابینەکەی عەبدولمەھدییدا وا بڕیارە پۆستە ئەمنییەکان پڕبکرێنەوە


بە گفتی ناڕاست دەستیپێکرد

 راسپاردنی عادل عەبدولمەھدی بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق شکاندنی ڕێسا باوەکانی پرۆسەی سیاسیی بوو، چونکە لەماوەی ١٥ ساڵی رابردوودا یەکەمجارە کاندیدی سەرۆک وەزیران لەدەرەوەی لیستە براوەکان و لەدەرەوەی حزبی دەعوەی ئیسلامیی فرمانڕەوادا بێت کە لەساڵی ١٩٥٧دا دامەزراوە. لەپاش راسپاردنیشی بۆ پێکھێنانی حکومەت و بەمەبەستی پڕکردنەوەی پۆستە وەزارییەکان؛ عادل عەبدولمەھدی دەروازەیەکی ئەلەکترۆنیی بۆ وەرگرتنی سیڤی کردەوە. بەدوای ئەم ھەنگاوەشدا زیاتر لە ١٥ ھەزار کەس سیڤی خۆیان بۆ وەرگرتنی وەزارەت لەسەر بنەمای لێھاتوویی و بەپێی پرەنسیپی ئیشپێکردنی تەکنۆکرات پێشکەش کرد. لەو ژمارەیەش ٦٠١ سیڤی جیاکرانەوە وەک بەھێزترین کەسایەتییە خوازیارەکانی وەرگرتنی وەزارەت. بڕیاریش وەھابوو چاویان بە عەبدولمەھدی بکەوێت بەمەبەستی ھەڵسەنگاندن، بەڵام پاش ئاشکراکردنی ناوی کاندیدە وەزارییەکان بەفەڕمیی دەرکەوت ھەموو ئەو خەونانەی لەسەر پێشھاتە ھەڵچنرابوون زیادەرۆییان تێدابوەو حکومەتی نوێ لەسەر کۆمەلێک بنەما پێکدەھێنرێت کە تێکەڵەیەکە لە ھاوپشکی حزبیی و سیاسی، برادەرایەتی لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرکردە سیاسییەکاندا، لەگەڵ گوشارو خواستی ناوخۆیی و ھەرێمی. زیاتر لەسەرکردەیەکی سیاسیی ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە عەبدولمەھدی بەرانبەر گوشاری حزبەکان ھیچی پێنەکراوەو لایەنە سیاسییەکان سەرکەوتووبوون لە سەپاندنی کارنامەی خۆیان بەسەریدا بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ. 

 Image result for abdulmahdi and new government
 ئەگەرچی عەبدولمەھدی بانگەشەی پێکھێنانی حکومەتێکی تەکنۆکراتی دەکرد، بەڵام پشکپشکێنە ئەو بانگەشەیەی پوچەڵکردەوە

 

عەبدولمەھدی پێداگربوو لەسەر دورخستنەوەی پەرلەمانتاران و دەموچاوە کۆنەکان لەکابینەکەی، بەڵام لەو ١٤ وەزیرەی رایگەیاند؛ سیانیان پێشتر وەزارەتیان وەرگرتووە کە بریتین لەوەزارەتەکانی نەوت "سامر غەزبان"، دارایی "فوئاد حوسێن"، تەندروستی "عەلا عەلوان". سەرباری چەندین پێشنیازیش بۆ وەزارەتی دەرەوە، ناچار بوو "محەمەد حەکیم" دابنێت بەوەزیری دەرەوە کە باڵیۆزی عیراق بووە لەنەتەوە یەکگرتووەکان و وەک کەسایەتییەکی دۆستی ئێران تەماشا دەکرێت و جێگەی ئیبراھیم جەعفەریی دەگرێتەوە کە ھەندێکجار بەپێچەوانەی سیاسەتی سەرۆک وەزیران حەیدەر عەبادی و لەبەرژەوەندیی ئێران لێدوانی دەداو مامەڵەی دەکرد بەتایبەت لەکەیسەکانی دژ بەتورکیادا.


گوشارەکانی سەر عەبدولمەھدی لەپێکھێنانی کابینەیەکی بێ ژن و بێ کەمایەتی

بێھیوایی لەعەبدولمەھدی تەنھا لەوەدا نەبوو کە خەڵکانی تەکنۆکراتی نەکردە وەزیرو ھەمان ھێزە سیاسییە کۆنەکان بەجۆرێک لەجۆرەکان جڵەوی کاروباریان لێوەرگرت، بەڵکە لەوەدابوو پاکێجی یەکەمی وەزارەتەکانی ناوبراو ھیچ کەسایەتییەکی سەر بەکەمایەتییەکان و ھیچ وەزیرێکی لەرەگەزی مێی تێدا نییە. ئەوەش چەندین کاردانەوەو ڕەخنەی بەدوای خۆیدا ھێناوە. یونامی کە تیمێکی نێودەوڵەتییە بۆ یارمەتیدانی عێراق، بێھوایی و دڵشکانی خۆی ئاشکرا کرد لە نەبوونی ژن لەکابینەی عەبدولمەھدی. نوێنەرانی تورکمان و ئێزدی و مەسیحی بەشێوازی جۆراوجۆر ھەڕەشەی کاردانەوەیان کرد ئەگەر بەشداری پێنەکردنیان لەحکومەتدا بەردەوام بیت. پەرلەمانتارە ژنەکانیش ئاستی داواکاریی خۆیان بەرزکردەوە بۆ رێژەی ٢٥% لەناو حکومەت. جگە لەوەش نوێنەرانی پارێزگاکان داوا دەکەن بەسڕەو بابل و دیالەو کەرکوک و ... ھتد وەزیریان ھەبێت لەکابینەی نوێدا، لەکاتێکدا عێراق ١٩ پارێزگای ھەیەو ٢٢ وەزارەت.

سەرۆک وەزیران عادل عەبدولمەھدی ھیچ لیستێکی پەڕلەمانیی نییە تا لەناو ئەنجومەنی نوێنەران داکۆکیی لێبکات یان کارنامەکەی بۆ تێپەرێنێت، کەچی لەھەوڵەکانی پێکھێنانی حکومەتدا دووچاری گوشارو پەڵپ و داواکارییەکی زۆر بوویەوە کە ھەندێک لەوانە ڕەھەندی ھەرێمییان ھەبوو. سەدر کە خاوەن زۆرترین کورسییەکانی پەرلەمانە، دروشمی "لا شرقیە ولا غربیە ـ نە رۆژھەڵاتیی و نە رۆژئاوایی“ی بەرزکردەوە وەک پێداگری لەسەر بڕیاری عێراقییانە دوور لەئەمەریکاو ئێران. ھەروەھا پێداگریی لەسەر ھەڵبژاردنی وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ دوور لەکاریگەریی ھەرێمی، بەرانبەر بەمەش ھاوپەیمانێتی "البناء" سەرۆکی پێشووی حەشدی شەعب؛ فالح فەیازیان کاندید کرد بۆ جێگرتنەوەی قاسم ئەعرەجی لە وەزارەتی ناوخۆ کە سەر بەرێکخراوی بەدر بوو.

 

Image result for iraqis leaders
 موقتەدا سەدر؛ یەکێک لەنەخشەداڕێژەرانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق 

 

ھاوپەیمانێتی ئیسلاح کە عەبادی و حەکیم و سەدر سەروکاریی دەکەن، بەگشتیی دژی فالح فەیاز بوون بەو پێیەی ھۆکاربوو بۆ شکستپێھێنانی پرۆژەی ویلایەتی دووەمی عەبادی لەرێگەی ئینشیقاقکردن و گواستنەوەی سەنگەر بۆ ھاوپەیمانێتی رکابەریان کە "بینا" یە. جگە لەوەش سەدرییەکان کارتی سوریان بەرزکردەوە دژی کاندیدی لیستی مالیکی "قوسەی سوھەیل" بەو پێیەی پێشتر سەدریی بووەو جیا بۆتەوە. ئەو ڤیتۆیە تەنھا بەو دوو وەزیرە نەوەستاو کاندیدی وەزارەتی ڕۆشنبیری "حەسەن رەبیعی"یشی گرتەوە کە سەر بەعەسایبەو پێش جیابوونەوە لەسەدرییەکان لە ساڵانی ٢٠٠٦_٢٠١٠دا سەرۆکی لیستی سەدر بووە لەپەڕلەمان. مشتومڕ لەسەر ئەم وەزارەتانە بووە ھۆی ئەوەی چارەنووسیان یەکلایی نەکرێتەوە بخرێنە گەڕی دووەم، بەڵام ھاوپەیمانێتی "بینا" کە ھی حەشدی شەعبی و مالیکییە سوورن لەسەر تێپەڕاندنی کاندیدەکانیان لەگەڕی دووەم و سائیرونی ھاوپەیمانێتی سەدریش ھەڕەشە دەکەن و دژی دووبارە ھێنانەوەی ئەو ناوانە دەوەستنەوە بۆ دەنگدان لەناو پەڕلەمان. بەم ھۆیەشەوە چاوەڕوانی گرژیی و چەقبەستن دەکرێ لەرەوتی کاری کابینەی عەبدولمەھدی ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتییش بێت. 

رەنگە لەھەموو گوشارەکان ناخۆشتر بۆ عەبدولمەھدی ئەو گرتە ڤیدیۆییە بێت کە تێیدا سەرکردەیەکی سەدر "نەسار ڕوبەیعی" کە وەک میوان ھاتبوە ناو پەڕلەمان رێگریی دەکات لە تەواوکردنی خوێندنەوەی ناوی وەزیرەکان لەوکاتەی دێتە سەر ئەو وەزیرانەی کە بەدڵی ئەوان نین. سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکە ھەڵدەگرێت و بەمەش گەڕی یەکەمی متمانەدان بەحکومەت کۆتاییدێت. ھەرچەندە ڤیدیۆکە لەپەخشی دانیشتەکەی پەرلەمان بەفەڕمی لابرا، بەڵام لەرێگەی مۆبایلەوە دزەیکردووە بۆ زۆرێک لەمیدیاکان و وەک یەکێک لەخاڵە لاوازەکانی عەبدولمەھدی دەقۆزرێتەوە.


ھەرا لەسەر سیقڤی و کارنامەی ھەندێک لەوەزیرەکان 

 بەھۆی ململانێی پارتی و یەکێتی لەلایەک و بۆ ڕاگرتنی باڵانسی کەمایەتی و نوێنەرایەتی ژنانیش لەلاکەیتر، عەبدولمەھدی کاندیدێکی ژنی بۆ وەزارەتی داد پێشکەشکرد "ئەسما سالم"، بەڵام بەھۆی ئەوەی ناوبراو کە خوشکی ڕەیان کلدانیی یەکێک لەفەرماندەکانی حەشدی شەعبییە، ھەروەھا لەدایکبوی ساڵی ١٩٨٣یەو ساڵی ٢٠٠٥ زانکۆی لەبەغدا تەواوکردووە و ھیچ ئەزمونێکی پێشتری کاری ئیداریی نییە، دووچاری ڕەخنەی زۆر بوویەوە. ئەمە ئیحراجی گەورەیە بۆ عەبدولمەھدی بەتایبەت قبوڵکردنی کاندیدکردنی کەسێک تەنھا لەبەر ئەوەی براکەی فەرماندەیەکی چەکدارە. ھاوکات لەگەڵ ئەمەشدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کۆمەلێک گرتەی ڤیدیۆیی سەماکردن و نانخواردنی خێزانیی ئەسما بڵاوکراونەتەوە کە ئامانج لێی سەلماندنی بێتواناییەتی لەکاری ئیداریی و ئەمەش پەرچەکرداری زۆری چالاکییەکانی ژنانی بەدوای خۆیدا بەوپێیەی ئەو حاڵەتانە ژیانی تایبەتن.

 

Image may contain: 1 person, sitting and indoor
خەونی وەرگرتنی پاڵێوراوی وەزارەتەکان لەرێی پێشکەشکردنی سیڤیی و چاوپێکەوتنی رووبەڕوو ھەرزوو لەباربرا

 

سەبارەت بەوەزارەتی وەرزش و لاوانیش کەربولییەکانی ئەنبار کە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیان لایە کاندیدێکیان، تێپەڕاند "ئەحمەد عوبەیدی" کە پێشتر تۆمەتبار بووە بەتوندڕەوی سوننیی و لەزیندانی ئەمەریکییەکاندا بووە. چالاکوانەکانی سۆشیال میدیا ھەندێ تویتی پێشتری ئەم وەزیرەیان بڵاوکردۆتەوە، تێیدا ستایشی تەھا دلێمی دەکات کە پیاوێکی ئاینیی سەر بەگۆبەنی یاساغە لەعێراق و زیاتر لەکەناڵی سەفا دەردەکەوێت. لەتویتێکیشدا دەڵێت نیشتمان ھیچ کەڵکی نییە ئەگەر ئایین پرۆگرامی نەبێت، بەڵام ناوبراو پاش دەستبەکاربوونی ھەموو ئەو تویتانەی سڕییەوە.  

جگە لەو دوو وەزارەتەش پێداگریی عەسایبی ئەھلی حەق کە بزوتنەوەیەکی شیعەی توندڕەوەو قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتی دەکات، لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی رۆشنبیری مشتومڕو ھەراو ھەڕشەی ئەدیبان و نوسەرانی بەدوای خۆیدا ھێناوەو ئێستا داوا دەکرێت عەسایب؛ رۆشنبیری بگۆڕن بەوەزارەتی داد چونکە ناکرێت ھێزێکی ئاینیی رادیکاڵ سەروکاریی وەزارەتێک بکەن کە پەیوەندیدارە بەسەماکردن و پەیکەرو ھونەرو میوزیک. لەگەڵ ئەمەشدا ٦٠ چاکی کورد لەیاداشتێکدا بەنگین رێکانی کاندیدی پارتی و وەزیری ئاوەدانکردنەوە بە ئینتمیای بەعسیییبوون تۆمەتبار دەکەن و داوای پێداچونەوەی دۆسیەکەی دەکەن، ھەمان تۆمەتیش بۆ ھەندێ لەوەزیرەکان ھەیە بەتایبەت پیشەسازیی کە پشکی سوننەیە.  

چوار وەزیری ھەڵبژاردە 

 لە ناوەندی سیاسیی عێراقیدا باوەڕوایە ئێرانییەکان دەستێکی باڵایان ھەبووبێت لەدانانی وەزیری دەرەوە، ھەر ئەوانیش وەزیری ناوخۆ یەکلایی بکەنەوە ئیتر چ بە فالح فەیاز بێت یان کاندیدێکتری لیستی حەشدی شەعبی. بەڵام نوێنەری تڕەمپ بۆ کاروباری عێراق و سوریا، برێت مەکگۆرک لەمیانەی پیرۆزباییکردن لە ١٤ وەزیرەکەی عەبدولمەھدی بەتایبەت ناوی وەزیرەکانی نەوت "سامر غەزبان"، دەرەوە "محەمەد حەکیم"، کارەبا "لوئەی خەتیب"، دارایی "فوئاد حوسێن"ی برد. جگە لەوەش گەشبینی زۆر ھەیە بە دانانی لوئەی خەتیب بە وەزیری کارەبا بەوپێیەی باکگراوەندی باشی لەبواری وزەدا ھەیەو وەزیرێکی تەکنۆکراتە و بەرێوبەری پەیمانگای عێراقی بۆ وزە بووە لە لەندەن. 

 

Image result for fuad husen
 فوئاد حسێن لە کێبرکێی بەرھەم ساڵح بۆ سەرۆکایەتی کۆمارەوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق

 

كارنامە و ھیواکان لەسەر عەبدولمەھدی

 پڕۆگرامی حکومەتی عەبدولمەھدی لە ١٢١ لاپەڕە پێکدێت، چەند کاتژمێرێک پێش دەنگدانیش خراوەتە بەردەست پەرلەمانتاران و ھیچ دەرفەت نەبووە بۆ تاوتوێکردنی کەچی بەزۆرینەی دەنگیش تێپەرێنراوە. بەپێی ئەو زانیارییانەشی بەردەستن بەبێ دانوستان و تاکلایەنە لەلایەن سەرۆک وەزیران و ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە نوسراوەتەوە، بڕیاریش وەھایە لە ١٠٠ ڕۆژی یەکەمی تەمەنی حکومەتدا پرۆگرامێکی وەزاریی تێروتەسەل ئامادە بکرێت و  ئەوە نەخشەڕێی چوار ساڵی داھاتوو بێت، بەڵام فایەق شێخ عەلی کە پەرلەمانتارو سەرۆکی ھاوپەیمانێتی تەمەدونە لەرێگای تویتێکی فەیسبوکەوە نوسییبووی چەرچڵ و کلیەمنسۆی و ئەتڵی و ئەدیناوەر ناتوانن جێبەجێی بکەن، تەنانەت ئەگەر ھیتلەرو مۆسۆلینی و سەدام حوسێنیش ببنە پاڵپشتی عەبدولمەھدی بۆ ئەو مەبەستە. 

زۆرێک لەچاودێران پێیانوایە دەستاودەستی دەسەڵات لەنێوان عەبادی و عەبدولمەھدی بۆ شیعەی عێراق دەسکەوتێکی زۆر گەورەو گرنگە، چونکە لە دوای ٢٠٠٣، سەرباری ھەموو شتێک دەستاودەستی سەرۆکایەتی حکومەت و وادەی ھەڵبژاردنەکان لەبەغدا ھێشتا ھێڵی سوورو نەگۆڕن. سەرباری کەموکورتییەکان زۆرێک لەلایەنە عێراقییەکان ھیوایان بە عادل عەبدولمەھدی ھەیە بۆ چاکسازی. ناوبراو ئیداریی و سیاسییەکی ناسراوە و بیرمەندو نوسەرێکی بواری ئابورییە. سەدرییەکان بە بژاردەی خۆیانی دەزانن بەوپێیەی لەئێستادا سەربەخۆیەو مەرجەکانی مەرجەعیەتی نەجەفی تێدایە. عەممار حەکیم و مەجلیسی ئەعلا سەرباری ناکۆکییان پێانوایە ئەوان براوەن بەدانانی بەو پێیەی پێشتر سەرکردەیەکی دیاری ریزەکانی ئەم ڕەوتە بووە. پارتی و یەکێتی پشتیوانی دەکەن، چونکە ھاوڕێی نزیکی بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانییە. ئێرانییەکان بە کەسێکی نزیک لەخۆیانی دادەنێن چونکە نزیکترین کەس بوو لەمحەمەد باقر حەکیم و عەبدولعەزیز حەکیمی برای. باکگراوەندە کۆنەکەشی لەدەورانی چەپ بوون پێش ئەوەی ببێتە ئیسلامی لای ڕەوتی مەدەنی خۆشەویستی کردووە، رەگەزنامە فەڕەنسییەکەی و ھەردوو بڕوانامە ماستەرەکەی لەبواری کارگێڕی و ئابووری لەپاریس نزیکی دەکاتەوە لەئەمەریکی و ئەوروپییەکان. خەڵکی باشوری عێراق پێیدڵخۆشن بەوپێیەی لە بنەڕەتدا بنەماڵەکەی خەڵکی ناسریەن و بەقسەی خۆیان لەخەموژانیان تێدەگات، بەڵام سەرباری ھەموو ئەمە رێگای ناوبراو پڕە لەدڕک و داڵ و قۆناغێکی سەخت چاوەڕێی دەکات، تەنھا یەک ساڵیش مۆڵەتی پێداروە بۆ ئەوەی وێنەیەکی جیاواز لە وێرانەیەکی گەورەدا پێشکەش بکات کە عێراقە.

 

Image result for abdulmahdi and new government
عادل عەبدولمەھدی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ئامادەیە یان رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان دەبێتەوە.

 

عادل عەبدولمەھدی لە ١٢ مانگدا دەبێت بەرەنگاری زۆر دۆسییە ببێتەوە لەوانەش: قەرزەکانی سەر عێراق، جێبەجێکردنی یاسای حەشدی شەعبی، چارەسەری ڕەوشی گرژی کەرکوک و ناوچەی جێناکۆک، چەکی عەشایەر لەباشوور، کێشەی وشکەساڵی و کەمئاوی، کێبەرکێی ئەمەریکاو ئێران لەسەر خاکی عێراق، مەترسیی پاشماوەکانی داعش و ئەگەری سەرھەڵدانەوەیان، مافیاکانی گەندەڵیی حزب و وەزارەتەکان، ئاوەدانکردنەوەی شارە کاولەکانی پاش شەڕ، کێشەی بێکاریی و خزمەتگوزاریی زۆر دۆسیەی دیکەی ئاڵۆز کە بەدرێژایی ساڵان لەعێراقدا کەڵەکە بوون.
راستە زۆربەی لایەنەکان یەکدەنگ بوون لەکاندیدکردنی عەبدولمەھدی، بەڵام بەھۆی ئەوەی ناوبراو خاوەن ھیچ لیستێک نییە، تا ئێستاش بەڕوونی نازانرێت لەمەولا کێ پاڵپشتی یاسایی بۆ ھەنگاوەکانی مسۆگەر دەکات؟ جگە لەوەش تەمەنی ھەڵکشاوە بۆ نزیک لە ٧٨ ساڵ و بەو پێیەی پێشتر دوو پۆستی وەزاری و جێگریی سەرۆک کۆماری دیوە، ئەگەر شکست بھێنێت ئەوە کۆتاییەکی خراپی ئەزمونی سیاسیی دەبێت و جارێکیتر دەرفەتی نییە بێتەوە ناو گۆڕەپانی کێبەرکێکان.