ئەگەرچی ساڵانێکە لەھەموو گۆڕانکارییەکی حکومییدا ناوی ئامۆزاکەی دەھێنرێتەپێش و ھەوڵی ئەوە دەدرێت بکرێتە رکەبەری سەرەکیی جوڵە ئابوریی و سیاسیی و میدیاییەکانی، بەڵام نێچیرڤان بارزانی ھەمیشە وەک "بژاردەی یەکەم" یان "یەکەمی بێڕکەبەر" بۆ پێکھێنانی حکومەت دەمێنێتەوە. بەجۆرێک بووەتە رێژەیەکی نەگۆڕ لەگرتنەدەستی سەرۆکایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە پارتی دیموکراتی کورستان بەسەریدا زاڵە. لە گەڕی نوێی پێکھێنانی کابینەی نۆیەم و ئەو کێبرکێ خێزانیی و حزبییەی باسدەکرێت؛ پێشبینییدەکرێت جارێکی دیکە مەسعود بارزانی لەبری کوڕە گەورەکەی؛ زاواو برازاکەی خۆی بکاتەوە پاڵێوراوی پارتی بۆ پێکھێنانی ئەو حکومەتەی کە گفتیداوە ببێتە ھۆی بنیاتنانی "کوردستانێکی بەھێز".
دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، یەکەی شیکردنەوە
ئەگەرچی ساڵانێکە لەھەموو گۆڕانکارییەکی حکومییدا ناوی ئامۆزاکەی دەھێنرێتەپێش و ھەوڵی ئەوە دەدرێت بکرێتە رکەبەری سەرەکیی جوڵە ئابوریی و سیاسیی و میدیاییەکانی، بەڵام نێچیرڤان بارزانی ھەمیشە وەک "بژاردەی یەکەم" یان "یەکەمی بێڕکەبەر" بۆ پێکھێنانی حکومەت دەمێنێتەوە. بەجۆرێک بووەتە رێژەیەکی نەگۆڕ لەگرتنەدەستی سەرۆکایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە پارتی دیموکراتی کورستان بەسەریدا زاڵە. لە گەڕی نوێی پێکھێنانی کابینەی نۆیەم و ئەو کێبرکێ خێزانیی و حزبییەی باسدەکرێت؛ پێشبینییدەکرێت جارێکی دیکە مەسعود بارزانی لەبری کوڕە گەورەکەی؛ زاواو برازاکەی خۆی بکاتەوە پاڵێوراوی پارتی بۆ پێکھێنانی ئەو حکومەتەی کە گفتیداوە ببێتە ھۆی بنیاتنانی "کوردستانێکی بەھێز".
 |
مەسعود بارزانی راگری پەیوەندییەکانی نێوان نێچیرڤان بارزانی برازای و مەسرور بارزانی کوڕی |
لە رێگەی چەند سەرچاوەیەکی زانیاریی باوەڕپێکراوەوە، دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی شیکردنەوەیە بۆ دیوی دووەمی ھەوڵ و ھەواڵی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی کوردستان و سیناریۆکانی پێکھێنانی حکومەت بەسەرۆکایەتی یەکێک لەبارزانییەکان دەخاتەڕوو.
لەخوێندنی زانستە سیاسییەکانەوە بۆ سەرۆکایەتی حکومەت
نێچیرڤان بارزانی کوڕەزای مەلا مستەفای بارزانی یەکەم سەرۆکی پارتییە. ئەگەرچی کوڕی ئیدریس بارزانی برای مەسعود بارزانییە، بەڵام باوکی نێچیرڤان کوڕی حەمایل خانی کچی مەحمود ئاغای زێباریی نییە کە دەکاتە دایکی مەسعود بارزانی و خوشکی ھوشیار زێباریی وەزیری پێشووی دارایی عێراق. لەناو بارزانییو پارتییەکاندا، دایکی نێچیرڤان بە "نازدار خان" ناودەبرێت و کچی حەمەی ئەوڕەحمان ئاغای بابانییە کە لە حکومەتەکەی شێخ مەحمودی حەفیددا لەماوەی ساڵانی ١٩١٩ – ١٩٢٢ وەزیر بووە.
 |
مەلای مستەفای بارزانی یەکەم سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان |
بەپێی گێڕانەوە مێژووییەکان، پاش ئەوەی ساڵی ١٩٤٣ مەلا مستەفای بارزانی دێتە سلێمانی و لەوێ حەمەی ئەوڕەحمان ئاغای بابان دەناسێت؛ پەیوەندییەکی خێزانیی لەگەڵ دروستدەکات. دوو ساڵ بەر لەمەرگی ناوبراو، بە راسپاردەی شێخ بابۆ، ھەباسی مامەند ئاغاو ئیسماعیلی سوارئاغا لە ماڵی سەرداری حەمەی ئەورەحمان ئاغا خوازبێنی "نازدارخان"یان کردووە بۆ ئیدریسی کوڕی مەلا مستەفای بارزانی. لە پایزی ساڵی ١٩٦٤داو بە بەشداریی نزیکەی ١٠٠٠ پێشمەرگەو ئاغاکانی ناوچەی شارباژێڕ لە گوندی دێرێی نزیک سلێمانی ئاھەنگی بوک گواستنەوەی بۆ سازکراوە. ئەگەرچی بارزانییەکان خۆیان بە میللەت دەزانن و کچیشیان نەداوە بەغەیری خۆیان، بەڵام مەرجی بارزانیی بوون ئەوەیە کە باوکی زاوا بارزانی بێت، وەگەرنا ئاساییە دایکی زاوا جیاواز بێت. بۆ پاراستنی تۆکمەیی و رەچەڵەکی خۆیان، بارزانییەکان نەیانھێشتوە کچەکانیان شوو بە کەسانی دەرەوەی خۆیان بکەن. زۆرجار بەھۆی ئینتیمای دایکی بۆ سلێمانی و باوکی بۆ بارزان؛ نێچیرڤان وەک باڵوێزی بارزانییەکان بۆ دەڤەری سلێمانی رۆڵی بینیووەو دەبینێت. جگە لە دلۆڤان-ی برای کە چەند مانگێک بەر لەئێستا کۆچیدواییکرد، لە دایکە بارزانییەکەی کە ژنی دووەمی ئیدریسی باوکییەتی، نێچیرڤان سێ برای بەناوەکانی باوەڕ، یوسف و عەباس ھەیە کە دوانیان "عەباسو یوسف" جمکن و بەیەک سک لەدایکبوون.
ھەر بەپێی سەرچاوە مێژوویيەکان؛ مەسعود بارزانی و ئیدریسی باوکی نێچیرڤان لەزۆر شتدا ھاوبەش بوون. بۆنمونە ھەردووکیان لەیەک ساڵدا ژنیان ھێناوەو پێکەوە ئاوارەو پێشمەرگەو یاریدەدەری مەلا مستەفای باوکیان بوون، بەڵام بەشێکی زۆری ژیانی سیاسییان بە رکابەریی یەکتر تێپەڕاندووە. بەجۆرێک تا ئەوکاتەی ئیدریس لە ژیاندا مابوو مەسعود نەبووە کەسی یەکەم بۆ رێبەرایەتیی و سەرۆکایەتییکردنی پارتی.
بەپێی ژیاننامەکەی بێت، نێچیرڤان لە ٢١ی ئەیلولی ١٩٦٦ لە گوندی بارزانی سەر بە پارێزگای ھەولێر لەدایکبووە. لەدوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی مستەفا بارزانی باپیری لەگەڵ سەدام حسێنی سەرۆک کۆماری پێشوتری عێراقدا؛ لەساڵی ١٩٧٥دا لەگەڵ خێزانەکەیدا ئاوارەی ئێران بوون و لەوێ بەشی زانستە رامیارییەکانی لە زانکۆی تاران خوێندووە. بەھۆی ئەوەی کوڕی ئیدریس بارزانی برا گەورەی مەسعود بارزانی بووە؛ نێچیرڤان چانسی ھاتنەپێشەوەو سەرکەوتنی لەنێو رێزەکانی پارتییدا ئاسانترو زووتر بۆ رەخسێنراوە. لە ساڵی ١٩٨٩ەوەو لەکۆنگرەی دەیەمدا کراوتە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و دواتر لەکۆنگرەی سیانزەیەمدا؛ لەدوایین مانگی ساڵی ٢٠١٠ەوە بووەتە جێگری سەرۆکی پارتی و تائێستاش بەفەرمی ئەو پۆستەی ھەیە.
 |
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ٢٠٠٦ تائێستا |
لەدوای شەڕی ناوخۆی حزبەکەی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و دابەشکردنی باشوری کوردستان و جیاکردنەوەی ئیدارەی ھەولێر و سلێمانی، لەساڵی ١٩٩٦دا کراوەتە جێگری سەرۆکی ئیدارەی ھەولێری حکومەتی ھەرێمى كوردستان. لە پاش یەکخستنەوەی ئیدارەکانیش، نێچیرڤان بارزانی لەساڵی ٢٠٠٦ەوە تائێستا سەرۆکایەتی چەند کابینەیەکی حکومەتی کردووە، لەوانە کابینەکانی پێنجەم و حەوتەم و ھەشتەم. لەو نێوەندەشدا تەنھا دوو ساڵ و بەپێی رێککەوتنی مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی ئەو پۆستەی بۆ بەرھەم ساڵح بەجێھێشت بەئامانجی سەرۆکایەتییکردنی کابینەی شەشەم (٢٠١٠ ـ ٢٠١٢). بەوتەی چاودێران و کەسانی نزیک و ئاگادار لەھەردووکیان، لەو کاتەوە تائێستا ساردیی و ناکۆکیی لەنێوان بەرھەم و نێچیرڤاندا درێژەی ھەیە. تەنانەت لەسەروەختی دەستاودەستکردنی سەرۆکایەتی حکومەتیش زۆر زانیاریی نھێنیی لەسەر ئاستەنگ و لەمپەرەکانی بەردەم جێھێشتنی پۆستی سەرۆکی حکومەت دزەیانکردە نێو میدیاکان؛ سەرەنجام بە ھەندێ مەرج و ھێشتنەوەی ھەندێ وەزیرو خەڵکی نزیکیی خۆی لەکابینەکە، نێچیرڤان بەشێوەیەکی کاتیی کورسییەکەی بۆ بەرھەم چۆڵکرد. لەسەروەختی سەرۆکایەتی بەرھەم ساڵحییشدا، نێچیرڤان بەبێ ھەبوونی ھیچ پۆستێکی حکومیی لە گەڵ ئاشتی ھەورامیی وەزیری سامانە سروشتییەکان چوونە تورکیاو دواتر وا بڵاوکرایەوە کە رێککەوتنی پەنجاساڵەی وزەی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا واژۆکرد کە ئەوەش نیگەرانیی تیمی وەزاریی یەکێتی و خودی بەرھەم ساڵحی بەدواداھات.
ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و سیناریۆکانی پێکھێنانی حکومەت
بەبێ رەچاوکردنی سکاڵای لایەنەکان و روودانی گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە ئەنجامە بەراییەکاندا، بە دەنگی پێنج کۆمسیارەکەی پارتی و یەکێتی، کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسیی ھەرێمی کوردستان دوایین ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیولی ٢٠١٨ی پەرلەمانی کوردستانی لەنیوەشەوى ٢٠ ئۆکتۆبەرى ٢٠١٨ دا راگەیاند. بەپێ ئەو ئەنجامە؛ پارتی توانی ٤٥ کورسی بەدەستبھێنێت و ببێتە یەکەم لیستی براوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و یەکێتی بە بەدەستھێنانی٢١ کورسی توانی ببێتە دووەم لیستی براوە و بزوتنەوەی گۆڕانیش ١٢ کورسی پەرلەمانی بەدەستھێنا و لە پلەی سێیەمدایە. جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە بۆ یەکەمجارە بەشداری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات توانی ھەشت کورسی پەرلەمان بەدەستبھێنێت و ببێتە چوارەم لیستی براوەی پەرلەمان. ھاوکات لیستی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بە بەدەستھێنانی حەوت کورسی پەرلەمان لەپلەی پێنجەمدایە و لیستی ھاوبەشی بەرەو ئیسڵاحی بزوتنەوەو پەکگرتووی ئیسلامییش توانیویەتی پێنج کورسی بەدەستبھێنێت و ببێتە شەشەم لیستی براوە.
 |
کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسیی لەنیوەشەوی ٢٠ ئۆکتۆبەری ٢٠١٨دا دوایین ئەنجامەکانی راگەیاند |
لەو ئەنجامانەوە، ئەوە دەردەکەوێت کە پارتی بوەتە چەقی قورسایی لایەنە سیاسییەکان بۆ دروستکردنی کابینەی نوێی حکومەت. ھەرچەندە پارتی بەر لەھەڵبژاردنی پەرلەمان باسی حکومەتی فرەلایەن و بنکە فراوانی دەکرد، بەڵام لەپاش "تێکچونی پەیوەندییەکان"ی لەگەڵ یەکێتی بەھۆی دەرچوونی بەرھەم ساڵح بەسەرۆک کۆماری عێراق لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨دا، گومان و ئەگەرەکان زۆر لەجاران زیاتر بوون. یەکێک لەسیناریۆکان ئەوەیە؛ پارتی و یەکێتی لەرێگەی بەدەستھێنانی ٦٦ کورسییەوە وەک جاران حکومەتی نیوە بەنیوە دروست بکەن، ئەوەش بە روونیی لەھەندێک لێدوانی نێچیرڤان بارزانییدا ئاماژەی پێکرا. ھەمان لێدوان ناوبەناو لەلایەن ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی پارتی دووپاتدەکرێتەوە. سیناریۆیەکی دیکە ئەوەیە کە ھەریەک لە گۆڕان، جوڵانەوەی نەوەی نوێ، کۆمەڵ، بەرەو ئیسڵاح بوون بە خاوەنی ٣٢ کورسی پەرلەمان و ئەگەر بتوانن بگەنە رێککەوتن دەتوانن پێکەوە فراکسیۆنێکی گەورەی ئۆپۆزیسیۆن لەناو پەرلەماندا دروستبکەن. ئەم سینارۆیە لەلایەن ھەریەک لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامییەوە پشتگیریی لێدەکرێت، بەتایبەت پاش ئەوەی رۆژی دووشەممە (٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨) ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتوو بەفەرمیی ئۆپۆزیسیۆنبوونی خۆی راگەیاندو دووپاتیکردەوە کە ناچنە نێو پێکھاتەی کابینەی نوێی حکومەتەوە. سیناریۆی سێییەم کە لاوازترینیانە، ھێزە براوەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی ببنە سێیەم گەورەترین فراکسیۆن و لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتییدا کابینەی نوێی حکومەت پێکبھێنن. بەڵام لەھەموو بارودۆخێکدا پارتی وەک یەکەم لیستی براوەی ھەڵبژاردن؛ بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رادەسپێردرێت و ھەر ئەو لیستەش پاڵێوراوی خۆی بۆ سەرۆکایەتییکردنی حکومەت لەنێوان مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی یەکلایی دەکاتەوە.
مەسعود بارزانی لەنێوان بەرداشی کوڕو برازادا
لەدوای سەرنەکەوتنی پاَلێوراوەکەی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دووبارە دەخرێتەوە بەردەم دووڕیانێک و "ئیحراجییەکی گەورەتر" لە نێوان کوڕە گەورەکەی و برازاکەیدا. بۆ بارزانی؛ راگرتنی ھاوسەنگیی خێزانیی و یەکڕیزیی بنەماڵەکەی یەکێکە لەئامانج و ئەرکە نەگۆڕەکان، چونکە پاراستنی ئەو شیرازەیە سەرچاوەی سەرەکیی ھێزی بنەماڵەکەو تەنانەت پارتییە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە رکەبەرەکانیان بەسەر چەندین جەمسەری خێزانیی و سیاسییدا دابەشبوون، بەڵام بەشێکی گرەوەی بارزانی و پارتی بە مەرکەزییەت و پارێزگاریی لەیەک ئاڕاستەیی حزب و سەرکردایەتییەکەی بردوەتەوە. بەھۆی ھەڵکشانی تەمەنی مەسعود بارزانی و دەرکەوتنی نەوەی دووەم و سێیەمی مەلا مستەفا؛ رەنگە وەک جاران پاراستنی ئەو یەکدەنگییە خێزانییە ئاسان نەبێت. سەرباری بەتوندیی رەتکردنەوەی بوونی فرە جەمسەریی لەلایەن پارتییەوە، بەڵام ساڵانێکە جەمسەربەندی نێچیرڤان ئیدریس مستەفا و مەسرور مەسعود مستەفا وەک دوو بارزانیی ئاڕاستەی جیاواز دەرکەوتوون و بەئاشکرا ھەستی پێدەکرێت. مەسرور بارزانی کە بەرێگەی باوکییدا دەڕوات؛ لە کایەی پاراستن و ئاسایشەوە سەرقاڵی خۆپێگەیاندنە و لەناو پارتییدا بەبەردەوامیی دەسەڵاتی رووی لەھەڵکشانە. ئەوەش بە روونیی لەپاڵاوتنی ئەندامانی لیستی پارتی بۆ پەرلەمان و دیاریکردنی بەرپرسی لقەکاندا دەرکەوتووە.
نێچیرڤان بارزانی؛ ھەرچەندە بەفەرمیی جێگری سەرۆکی پارتییە، بەڵام بەشی زۆری دەسەڵاتەکانی لە چوارچێوەی ھێزی نەرم یان کایەی ئابوریی و میدیاییدایە. بەھۆی بەرفراوانیی تۆڕی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بڕیاربەدەستانی سلێمانی، بەغدا، تاران و ئەنقەرە زۆرجار وا دەردەکەوێت کە لە مەسرور بارزانی ئامۆزای بەھێزتر یان ناسراوترو دەرکەوتوتر بێت.
 |
مەلای مستەفای بارزانی لەنێوان ئیدریس و مەسعود دا |
ھاوشێوەی باوکیان؛ چ مەسرورو چ نێچیرڤان خاڵی ھاوبەشیان زۆرە. بۆنمونە ھەردووکیان خاوەن ھێزی چەکداری مەشقپێکراوی تایبەت بەخۆیانن و لەژێر فەرمانی راستەوخۆی خۆیاندا جوڵەیان پێدەکرێت، ئیتر لە چوارچێوەی دامەزراوە حکومییەکاندا بن یان دەزگا حزبییەکانیان. ھەردووکیشیان پارەیەکی زۆر لەبواری میدیادا خەرج دەکەن بۆ پڕوپاگەندەکردن بۆ خۆیان. ھەریەک لە تۆڕە میدیاییەکانی رووداو، وار، کوردستان٢٤و باس بە بەردەوامیی کار لەسەر جوان پیشاندانیان دەکەن و نازناوی جۆراوجۆریان پێدەبەخشن لەوانە؛ "برا گەورە"، "ئەندازیاری ئاوەدانی" و "پارێزەری ئاسایش و ئارامیی کوردستان"....ھتد. ھەروەھا ھەردووکیان خاوەن و داینەمۆی بەگەڕخستن و سەرپێکەوتنی چەندین کۆمپانیا و پرۆژەی بازرگانیین لەنمونەی کۆمپانیای رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بانکەکانی ھەرێم و کوردستان و ...تد. ھەروەک سەرچاوەی داھات و سەرۆکی فەخریی زانکۆکانی کوردستان ـ ھەولێرو ئەمەریکیی لەدھۆک و چەندین باخچەی ساوایان و قوتابخانەی نێودەوڵەتیین. ئەمانەو چەندین پرۆژەی دیکە دەیسەلمێنن کە ھەریەکەیان لە بوارێکدا پرۆژەیەکی کردبێت، ئەویدیکەیان ھاوشێوەی ئەو پرۆژەیەی دروستکردووە یان دووبارەی کردوەتەوە.
بەبۆچوونی ھەندێ لەوانەی لەکاروبارە نھێنیی و تایبەتییەکانی ئەو دوو ئامۆزایە ئاگادارن؛ دەستوپێوەندەکانی مەسرور بارزانی بەخەڵکانێکی "دڵسۆز" پڕکراونەتەوە کە بڕوای تەواویان بە کاریزما و سەرکردایەتیی ناوبراو ھەیە ببێتە میراتگری شەرعیی و پەسەندکراوی باوکی. بەپێچەوانەوە، ھەمیشە وەھا پەنجەی تۆمەت بۆ دەستوپێوەندەکانی نێچیرڤان بارزانی درێژ دەکرێت کە زیاتر بەمەبەستی مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانیان دەوریان گرتووەو بەشی زۆری ئەو گلەییانەی دێتە سەر پارتی بەھۆی ئەوانەوەیە. لەو نێوەندەشدا، زۆرجار میدیاکارەکانی کەناڵە فەرمییەکانی پارتی لەنمونەی کوردستان تیڤی و زاگرۆس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەراوردی تواناو ئیمتیازاتی خۆیان بە میدیاکانی نێچیرڤان دەکەن کە لەھەندێ بواردا بودجەی کراوەیەو لەھەندێ بڕگەو پرۆگرامیشدا دەرگای فراوانی پڕ ئیمتیازی بۆ خەڵکانی ناپارتی کردۆتەوە؛ بەئامانجی "کڕینی ویژدانی کەسانی ناڕازی" و "بۆ جوانکردن"ی پرۆژەکانی نێچیرڤان.
ھەرچەندە لەرۆژانی رابردوودا باوەرێکی وەھا ھەبوو کە مەسرور بارزانی چانسی زیاتری ھەبێت بۆ سەرۆکایەتیکردنی کابینەی نوێی حکومەت، بەڵام بەپێی ئەو ئەو زانیاریی و ئاماژانەی گەیشتوونەتە یەکەی شیکردنەوەی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی؛ چانسی ھەڵبژاردنەوەی نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکی حکومەت لە مەسرور بارزانی زیاترە، چونکە بارزانی ئێستا نایەوێت ئەو درزە لەناو حزبەکەیيدا دروست بکات و جەمسەربەندییەکانی نێوان کوڕە گەورەکەی و برازاکەی زەقتر ببنەوە.
لەدوای ریفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧و سەرباری "سەرکەوتنە ناوخۆییەکان"ی لە ھاوکێشە عێراقیی و ھەرێمییەکاندا؛ مەسعود بارزانی ھێشتا بەئامانج نەگەیشتووە، بەتایبەت لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا توشی شپرزەیی و موفاجەئەیەکی گەورە بوویەوە. ئەگەرچی نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا نەیشاردەوە کە "لەھەموو دنیاوە داوای لێکراوە" ببێتە پاڵێوراوی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق و "گرەنتی دەرچوونی" بۆ کراوە، بەڵام نەیکردووە. بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان؛ لە دواساتەکانی ململانێکەدا د.بەرھەم وتویەتی؛ "تەنھا کاتێک دەکشێمەوە کە نێچیرڤان بارزانی بەربژێری پارتی بێت بۆ ئەم پۆستە". ئەوەش بووەتە جێی پرسیاری ھەندێ نوسەرو میدیاکاری پارتی و لەھۆکاری نائامادەیی نێچیرڤان بۆ چوونە بەغدا دەپرسن. بەتایبەت کە باس لە گرەنتی سەرکەوتنی نێچیرڤان بارزانی دەکرێت، ھێشتا ھیچ وەڵامێکی روون لەبارەی خۆکاندیدنەکردنییەوە نییە. ئەگەرچی سەرلەبەری دۆسییەی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق وەھا لێکدەدرێتەوە کە "بەشێک بوو لە مانۆڕی سیاسیی نێو خانەوادەی بارزانی و تاڵەبانی بۆ داھاتووی حوکمڕانی"، بەڵام لێکدانەوەیەکی دیکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە نێچیرڤان عەرەبی نازانێت و ئەوەش دەستنادات بۆ سەرۆکایەتیکردنی وڵاتێکی عەرەبیی کە ئەندامی دامەزرێنەرە لە کۆمکاری عەرەبییدا.
 |
مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دوو جەمسەری رکەبەرن بۆ جێگرتنەوەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی |
لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا، زانیارییە بەردەستەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە لەلایەک بارزانییەکان نایانەوێت بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی عێراق دروشمەکانی سەربەخۆیی و دەوڵەتی سەربەخۆ لەدەستبدەن و ببنە بەشێک لە رووکاری پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق؛ ھەروەک چۆن لە ٢٠٠٥یشدا ئەو رۆڵەیان بە جەلال تاڵەبانی بەخشی. بەدەرلەوەش، نێچیرڤان بارزانی نایەوێت بەغدا بە ھەولێر بگۆڕێتەوەو گۆڕەپانەکە بۆ مەسرور بارزانی ئامۆزای بەجێبھێڵێت، چونکە بەئەزموون دەرکەوتووە لە دەوڵەتی تائیفیی و فرە پێکھاتەدا سەرچاوەی ھێز؛ ناوخۆی پێکھاتەکان خۆیانن نەک پۆست و پلەو پایە تەشریفاتی و پرۆتۆکۆلییەکان. تەنانەت خودی تاڵەبانی سەرباری ئەو ھەموو کاریزماو دەسەڵاتەی ھەیبوو لە ویلایەتی دووەمییدا؛ گەڕایەوە بۆ ھەرێمی کوردستان بۆئەوەی لەرێگەی رێککەوتن لەگەڵ نەوشیروان مستەفای رێکخەری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕانەوە پێگەی خۆی بە "رێککەوتنی دەباشان" بەھێز بکاتەوە. ھەربۆیە ھاوشێوەی مامی؛ نێچیرڤان ھەموو قورسایی فەرمانڕەوایی خۆی لەھەولێر دەھێڵێتەوەو ئەوەش وادەکات چانسی پاڵاوتنی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت زیاتربێت. بەتایبەت ئێستا دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ھەڵپەسێردراوەو لەکاتی کاراکردنەوەشیدا بەھۆی سنورداریی ئەو دەسەڵاتانەی بڕیارە بۆی دەستنیشان بکرێت؛ پێناچێت ببێتە جێیبایەخ و سەرنجی نێچیرڤان بارزانی.