سەردێڕ:

​مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی ململانێی مەلایی و جەلالیی زیندوو دەکەنەوە

لە پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتدا زیاتر بەدەردەکەوێت
مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی دوو رکەبەری نوێی مەلایی و جەلالی
فۆتۆ: 
2018-10-13

167105 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەرچی لەدوایین لێدوانییدا، مەسعودی کوڕی مەلا مستەفای بارزانی بە مامی خۆی ناوزەد کردو رایگەیاند کە "ھیچ کێشەیەکی نییە" لەگەڵیدا، بەڵام ئیستا باڤَلی کوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی وەک "کاریگەرترین رکەبەری سیاسیی بارزانی" دەناسێنرێت. بەجۆرێک ھەردووکیان بوونەتە جەمسەرو میراتگری ململانێ کلاسیکییەکانی جەلالیی و مەلایی سەروەختی باوانیان و چاوەڕواندەکرێت لە گەڕی سێیەمی بەریەککەوتنیاندا، کێبرکێ لەسەر پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن.


دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، یەکەی شیکردنەوە

ئەگەرچی لەدوایین لێدوانییدا، مەسعودی کوڕی مەلا مستەفای بارزانی بە مامی خۆی ناوزەد کردو رایگەیاند کە "ھیچ کێشەیەکی نییە" لەگەڵیدا، بەڵام ئیستا بافڵى کوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی وەک "کاریگەرترین رکەبەری سیاسیی بارزانی" دەناسێنرێت. بەجۆرێک ھەردووکیان بوونەتە جەمسەرو میراتگری ململانێ کلاسیکییەکانی جەلالیی و مەلایی سەروەختی باوانیان و چاوەڕواندەکرێت لە گەڕی سێیەمی بەریەککەوتنیاندا، کێبرکێ لەسەر پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن.

 

بافڵ تاڵەبانی و سەرەتاکانی دەرکەوتنی

لە دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٣داو بەدیاریکراوتر لەدووساڵی رابردوودا، بافڵ تاڵەبانی وەک یەکێک لە کارەکتەرە سەربازیی و ھەواڵگرییەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ھاتە گۆڕەپانی سیاسی. لەدوای کۆچی دوایی باوکی؛ بافڵ تاڵەبانی لە جومگە سەرەکییەکانی بڕیاردان نزیک بووەوە، تەنانەت لە ھەندێک ململانێی یەکلاکەرەوەی ھەرێمی کوردستان و عێراقدا وەک رێبەرێکی سیاسیی پلەیەک پیشاندرا؛ بەبێئەوەی ھیچ پۆستێکی فەرمیی و ئاشکرایی لەناوەو دەرەوەی حزبەکەیدا ھەبێت.

لە چەند رۆژی رابردوودا، پێگەیەکی ئێرانیی شرۆڤەی جموجوڵەکانی ئەمدواییەی باڤلی کوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراقی کرد وەک "بەھێزترین" شوێنگرەوەی پۆستە حزبییەکەی باوکی بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و درێژەدان بە گەڕێکی دیکەی ململانێکانی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستاندا. بەپێی شرۆڤەیەکی ماڵپەری تابناک؛ بەخێرایی گەڕاندنەوەی بەرھەم ساڵح بۆ ناو ریزەکانی یەکێتی و گەیاندنی بە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و لەبەرچاونەگرتنی خواستی راگەیەنراوی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدی دایکی؛ کاری بافڵ بوون و ئەوەش وایکردووە ناوبراو ببێتە "کاریگەرترین" یاریزانی گۆڕەپانی سیاسەتی نوێی زۆنی سەوز و بڕیاردەرێکی دیکەی بابەتەکانی پەیوەست بە حزبەکەی لە ھەرێمی کوردستان و عێراقدا. بەتایبەت کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان و خودی مەسعود بارزانی بەتەواوی قورسایی خۆیانەوە لە بەغداد نەیانتوانی فوئاد حسێن بکەنە سەرۆک کۆماری نوێی عێراق. ھەر بەپێی ئەو لێدوان و بەیاننامانەی لەپێش و پاش پرۆسەی ھەڵبژاردنی بەرھەم ساڵح بڵاوکرانەوە، ئەو ھەنگاوەی بافڵ و حزبەکەی بە توڕەیی و ناڕەزایی بارزانی و پارتی کۆتاییھات. تەنانەت ماڵپەری تابناک ئەوەی بە دووەمین ھەنگاوی سەرنەکەوتووی مەسعود بارزانی و حزبەکەی داناوە لەبەردەم ھەوڵەکانی باڤڵ تاڵەبانی و ئەوانەی لە گوتارو راگەیاندنی پارتییدا بە "گروپی خیانەتکاری شانزەی ئۆکتۆبەر" ناودەبرێن، چونکە توانیان بەدوور لە ھێز و ھەژمونی پارتی و بارزانی؛ دەنگی پێویست بۆ بەرھەم ساڵحی کاندیدی یەکێتی کۆبکەنەوەو بیکەن بە نۆیەم سەرۆک کۆماری عێراق و سێیەم سەرکردەی کورد کە لە بەغداد چووبێتە نێو کۆشکی سەلام و لەسەر کورسی سەرۆکایەتی دابنیشێت.

 

بافڵ تاڵەبانی و کێبرکێی لەگەڵ مەسعود بارزانی

ئەگەرچی مشتومڕی زۆر ھەیە لەسەر ئەوەی ئاخۆ بافڵ؛ قارەمانی سەرەکیی شکاندنی خواست و پێداگریی بارزانی و پارتییە لەسەر پۆستی سەرۆکایەتی عێراق یان رۆڵی ئەو، بەشێکی دانەبڕاوە لە پرۆسەیەکی ھەمەلایەنەی ئاڵۆز کە رەنگدانەوەی رەھەندی ناوخۆیی یەکێتی و ھەرێمیی و نێودەوڵەتییە. بەپێچەوانەی راڤەو لێکدانەوەکەی ماڵپەری تابناک، کەم نین ئەوانەی باس لەوە دەکەن ھاوکات لەگەڵ رۆڵی بافڵدا، پێداگريی کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی يەکێتی و ھەڵوێستی بەشێک لەخەڵکانی کاریگەریی ناو سەرکردایەتی ئەو حزبە لەنمونەی لاھوری شێخ جەنگی بەرپرسی دەزگای دژە تیرۆر رۆڵی یەکلاکەرەوەیان ھەبووە لەسەرخستنی بەرھەم ساڵحدا. ھەڵبەت ئەوەش بەلەبەرچاوگرتنی ھەڵەی حساباتی پارتی لەھەڵبژاردنی فوئاد حسێنی "فەرمانبەرو پرسگەی بارزانی" کە میدیای عەرەبیی بەردەوام دووپاتیدەکردەوە، ھاوکات رۆڵدیتنی بارزانی و حزبەکەی لەپرسی ریفراندۆمی ٢٠١٧دا، مەرکەزیەتی حیزبیی و کاریزمای سەرکردایەتی لای عەرەبەکانی بەغدادو قبووڵنەبوونەوەى ھۆکارگەلێکی دیکە بوون لەسەرکەوتنی کاندیەکەی بافڵ و حزبەکەييدا.

تابناک؛ پێگەیەکی زانیاریبەخشی فارسیی نزیک لە دەزگای ھەواڵگریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەو یەکێک لە ئامانجەکانی پاراستنی بەھاکانی شۆڕشی ئیسلامیی و پاراستنی ئاسایشی ئەو وڵاتەیە. پێشتر و بەر لە زۆر نێوەندی میدیایی ھەواڵی ئەوەی بڵاوکردەوە کە بەرھەم ساڵح دەبێتە سەرۆک کۆماری عێراق. ھەربۆیە لە راڤەکردنەکەیدا، دەرچوونی بەرھەم ساڵح بە سەرۆک کۆماری عێراق بە دەستکەوتێکی دیکەی بەرەی ھاوسۆزانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناودەبات، بەتایبەت کاتێک "مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە یەکێتی کردووە؛ بەرھەم ساڵح لە قازانجی پاڵێوراوەکەی پارتی لە کێبڕکێ بکشێننەوە، بەڵام باڤڵ تاڵەبانی ئەم داوایەی رەتکردوەتەوەو بەردەوامبووە لە سەر ستراتیژی خۆی".

 

ھێشتنەوەی کاندیدەکەی بافڵ تاڵەبانی و ترازانی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی

بەپێی ھەندێک سەرچاوەی ئاگادار کە نەیانویست دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ناویان بڵاوبکاتەوە، کۆسرەت رەسوڵ یەکێکی دیکە بووە لەوانەی پێداگریی کردووە لەمانەوەی بەرھەم ساڵح لە کێبرکێی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی عێراقدا. ئەوە جگەلە ھەواداران و پشتیوانانی بەرھەم ساڵح لەنێو یەکێتییدا، جا چ وەک ھاوسۆزی بێت یان وەک وەفاداری بۆ ھاوڕێکەیان یاخود چ وەک پاڵنەرێکی حزبیی بۆ تەواوکردنی رێککەوتنە ژێربەژێرەکانی سەر لەنوێ رێکخستنەوەی نێو ماڵی یەکێتی. بةلآم ماڵپەرى تابناک، بافڵ تاڵەبانی بە پاڵەوانی براوەی ئەو پرۆسەیە ناساندووەو وا شرۆڤەی کردووە کە ئێستا "بەھێزترین" کەسە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و درێژەدان بە گەڕی سێیەمی رکەبەرییەکانی لەگەڵ مەسعود بارزانی و حزبەکەی، بەبێئەوەی ھیچ ئاماژەیەک بە رۆڵی قوبادی برا بچووکی بکات کە لەھەڵبژاردنەکەی ٣٠ ئەیلولی رابردوودا سەرۆکایەتی لیستی ١٠٥ی یەکێتی کردو بە گەشتە مەیدانیی و ھەڵمەتە جەماوەرییە راستەخۆکانی لەزاخۆوە تاوەکو کەلار، ویستی وێنەی خۆی وەک "مامی بچوک و سکرتێری داھاتووی یەکێتی" پیشانی ناوخۆو دەرەوە بدات.

سەرەنجام لەشەوی ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨داو لەگەڕی دووەمدا بە کۆی ٢١٩ دەنگ؛ بەرھەم ساڵح بوو بە سەرۆک کۆمار. لەناو بەشێک لە میدیای ناوخۆیی و عەرەبيی و فارسیشدا ئەم ھەنگاوە بەسەرکەوتن بۆ بافڵ تاڵەبانی و ئامۆزاکانی لە بنەماڵەی شێخ جەنگی ئەژمار کرا. ئەو بەرەیەش جێگەی نیگەرانیی و ھەڵوێستەی توندی بارزانی و پارتین و لەمیدیای فەرمیی و سێبەری ئەو حیزبەدا زۆرجار بەئاشکرا پەنجەی تۆمەتیان بە "خیانەت" بۆ درێژ دەکرێت. لەساڵی پاڕەوە، ھەنديَک لە میدیاکانی مەسروری کوڕە گەورەی مەسعود بارزانی لەنمونەی رۆژنامەو ماڵپەری باس؛ "گروپی خیانەتکاری ١٦ی ئۆکتۆبەر" بۆ ھەریەک لە بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی و ھاوکارانیان بەکاردەھێنن. رەنگە ھەر ئەوەش وایکردبێت لة دوایین کۆنگرەی رۆژنامەوانییدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، نەتوانێت پێگە حکومییەکەی بەکاربھێنێت بۆ شاردنەوەی نیگەرانییەکانی پارتی و سەرۆکەکەی لە دوایین "خیانەت"ی پاڤل تاڵەبانی و حزبەکەی لە "تێکدانی یەکڕیزی کوردو پێشێلکردنی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی" بۆ دەستنیشانکردنی تاکە کاندیدی نێوانیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق. ھەربۆیە نێچیرڤان بارزانی نەیشاردەوە کە لە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتدا ھاوشێوەی کابینەکانی پێشتر وەک "ھاوبەشی تەواو" مامەڵە لەگەڵ یەکێتی ناکەن، "بەڵکو بە پێی قورسایی کورسییەکانیان" مامەڵە لەگەڵ ئەو حزبەدا دەکەن. ئەو ھەڕەشەیە لەرووی تیۆریی و یاساییەوە تەواوە، بەڵام  پرسیار ئەوەیە ئایا پارتی بەبێ یەکێتی دەتوانێت کابینەی نۆیەمی حکومەت پێکبھێنێت، لەکاتێکدا ھێشتا ھەرێمی کوردستان بەکردەیی دوو ئیدارەییەو وەک چاودێران دووپاتیدەکەنەوە؛ تا سنوری دێگەڵە ھەبێت قسەکردن لە گۆڕینی ھاوکێشەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات و دیموکراسیی و کەمینەو زۆرینە، زیاتر لە ھەڕەشەو گوشارکردنەوە نزیکە تا ئەوەی ھەنگاوی کردەیی بەدوادابێت.

ھەر لەو کۆنگرەیەدا، نێچیرڤان بارزانی دەستی لەسەر نینۆکی شایەتمانی داناو دووپاتیکردەوە کە پۆستی سەرۆک کۆمار لای ئەوان زۆر بەھادار نییەو "ھیچ دەسەڵاتێکیشی نییە"، بەڵام ماڵپەری تابناک؛ سەرنەکەوتنی فوئاد حسێنی کاندیدی بارزانی و پارتی لەبەردەم بەرھەم ساڵحی کاندیدی بافڵ تاڵەبانی و یەکێتی بە "تۆڵەسەندنەوەی ھێزە عێراقییەکان لە پارتی" ناوبردووە، ئەویش بەھۆی ئەو وێنەیەی بارزانی لەلای ھێزە شیعیی و سونییەکانی عێراق ھەیەتی لەبارەی ھەوڵدانی بۆ "ھەڵوەشاندنەوەی یەکپارچەیی عێراق" و سەرکردایەتییکردنی "پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان" لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧دا، بەم پێیەش بێت دەسکەوتەکە، زۆرتر لێھاتویی یەکێتی و بەھێزیی بافڵ تاڵەبانی نییە بەھێندی ئەوەی پەیوەندیی بەخراپیی دۆخی بارزانی ھەیە.

 

ئاھەنگگێرانی بافڵ تاڵەبانی و "دڵڕاگرتن"ی مەسعود بارزانی

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دیمەنی بەرفراوانیی ئاھەنگگێڕان و وێنەی دەستلەملکردنی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ بەرھەم ساڵح، لەساڵڕۆژی کۆچیدوایی باوکیاندا و لەرێگەی باسکردنی رۆڵی مێژویی و ھاورێیەتی مەسعود بارزانی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی؛ قوباد تاڵەبانی برای بافڵ ھەوڵییدا پەیوەندییەکانی حزبەکەی و پارتی بڕێک ھێور بکاتەوە یان ھەر ھیچ نەبێت دڵی بارزانی بداتەوە.

لەناوەندە میدیایی و سیاسییەکاندا مەسعود بارزانی وەھا ناسراوە کە توڕەو منجڕە لە بڕیارداندا و ئەوەی بڕیارەکانی پێشلکردبێت، بەبێ باجدان دەربازی نەبووە. بۆنمونە رێگریيکردن لە گەڕانەوەی یوسف محەمەد لە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧دا بۆ شوێنی کارەکەی لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان؛ پاش ئەوەی رازی نەبوو ماوەی سەرۆکایەتیکردنی بارزانی بۆجاری سێیەم درێژبکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، ئەگەرچی سەرنج و بیروڕای جیاجیا ھەن دەربارەی ئەوەی دوو کوڕەکەی جەلال تاڵەبانی و یەکێتی بەرامبەر مەسعود بارزانی و پارتی کردیان؛ ئایا رۆڵ دابەشکردن بوو لەنێوان بافڵ و قوباددا یان ماڵجیایی ئەو دوو برایەیە لە رکابەریی شاراوەیان بۆ جێگرتنەوەی پێگە حزبییەکەی باوکیان. بەڵام پێشئەوەی بارزانی و پارتی ھیچ کاردانەوەیەکی ئەرێنیان لەسەر پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی ھەبێت و بەر لەوەی تەنانەت پیرۆزباییەکی پرۆتۆکۆلیش ئاڕاستەی بەرھەم ساڵح بکەن، بافڵ تاڵەبانی لەبەغداو لەرێی پەیامێکی تەلەڤزیۆنییەوە رێزو ستایشی خۆی بۆ مەسعود بارزانی ناردو ئەوی وەک "برای باوکی" و "مامی" خۆی ناساند. وەک ئەوەی ئەویش، بەھەمانشێوەی قوبادی برای ھەستی بە مەترسیی درێژەدان بە توڕەکردنی بارزانی کردبێت، لەکاتێکدا کە یەکێتی لەدوا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە ١٢ی ئایاری ٢٠١٨، نیوەی ژمارەی کورسییەکانی پارتی نەھێنا.

 

 پشکی بافڵ تاڵەبانی لەنێو ماڵجیایی بنەماڵەکاندا

لەدەرەوەی ئەو زانیاریی و گیڕانەوانەی باس لەرۆڵی بافڵ تاڵەبانی دەکەن لەشکستپێھێنانی بارزانی و پارتییدا لەدۆسیەی سەرۆکایەتی کۆماردا، ھەندێ گێڕانەوەو زانیاریی دیکە گەیشتونەتە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی كە باس لەوەدەکەن لەرووی ناوخۆی یەکێتییەوە؛ سەرۆکایەتییەکەی بەرھەم ساڵح بەشی یەکەمی رێککەوتنێکی گشتگیرترە بۆ دابەشکردنی ھێزو دەسەڵات لەنێوان کوڕانی کۆسرەت رەسوڵ و کوڕانی جەلال تاڵەبانی و بنەماڵەی شێخ جەنگیییدا. ئەوەش بە رەزامەندیی و چاودێریی گەورەکان کراوەو لە رۆژانی داھاتوودا بەشەکانی دیکەی ئەو رێوشوێنانە تەواو دەکرێن و ھەموو باڵەکان بەرێککەوتنێکی پێشوەختەوە دەچنە ناو کۆنگرەی نوێی یەکێتی و لەوێ دەسەڵات لەھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدو کۆسرەت رەسوڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ کوڕەکانیان، چونکە دەیانەوێت ھەتاوەکو خۆیان لەژیاندان و بە ئاگاداری خۆیان، قایمبوونی پێگەی نەوەکانیان ببینن و رێگەی ھاتنەپێشەوەیان بۆ خۆش بکەن. لەو چوارچێوەیەشدا، شاڵاو کۆسرەت کرایە بەرپرسی مەڵبەندی ھەولێری یەکێتی و سەرۆکایەتییکردنی لیستی ١٠٥ی یەکێتی لە ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلولی رابردوودا لە ئەرسەلان بایزەوە درا بە قوباد تاڵەبانی. لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا، پێدەچێت بافڵ تاڵەبانی زۆرتر چاوی لەسەر پۆستە حزبییەکەی باوکی بێت و کاری حکومەتداریش بە قوبادی برای سپێردرابێت کە زۆر کەس پێیانوایە بریقەی سەرکەوتنی ھەڵبژاردنەکەی لەلایەن بافڵەوە لێدزرابێت. بەتایبەت کاتێک لەھاوکێشەی ئاڵۆزی بەغدادا، سەرکەوتنی سەرۆکایەتی کۆمار لە ڕووی میدیاییەوە بۆ بافڵ تاڵەبانی بووە سەرکەوتن نەک بۆ قوباد تاڵەبانی و مەسعود بارزانی.

ھەر بەپێی راڤەکردنەکەی ماڵپەری تابناک، یەکەم ھەنگاوی سەرنەکەوتووی مەسعود بارزانی و حزبەکەی دەگەڕێتەوە بۆ رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، ئەو کاتەی "بافڵ تاڵەبانی لە رێگەی چۆڵکردنی کەرکوک و رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەندییدا" ئەنجامةكانی ریفراندۆم سڕکران و ٥٠% زیاتری خاکی ھەرێمی کوردستان کەوتەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیی و دەیان رێوشوێنی کارگێڕیی توند بەسەر ھەرێمی کوردستاندا سەپێنران. ئەو "دوو ھەوڵە سەرنەکەوتووەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان"؛ بووەتە دەرەنجامی شرۆڤەکەی ماڵپەری تابناک و گەیشتوەتە ئەوەی بنوسێت؛ "ئێستا رووبەڕوو دەرکەوتنی بافڵ تاڵەبانی دەبینین کە لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق تواناکانی خۆی سەلماندوە".

لە ناوەندی عەرەبیی و ئێرانییەکاندا، ناوبانگی بافڵ تاڵەبانی زۆرتر بۆ رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دەگەڕێتەوە کە وەک خاوەنی پرۆژەی ئیدارەی ھاوبەش و چۆڵکردنی کەرکوک و رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراق پێشاندرا کە رۆڵی ھەبووە لە "راگرتنی ھەڵایسانی شەڕو خوێنڕشتنی گەورەتر لە نێوان سوپای عێراق و کوردەکاندا" کە ئەوەش لای پارتییەکان بە "خیانەت و خەنجەری ژەھراوی بۆ پرۆژەی ریفراندۆم" ناسێنرا. ھەر لەو چوارچێوەیەداو بەدیاریکراوتر لە پرۆسەی بڵاوبونەوەی ھێزەکانی سوپای عێراق لەناو شاری کەرکوک ناوچە جێناکۆکەکانی سنوری مادەی ١٤٠دا، رۆڵی سیاسیی بافڵ تاڵەبانی زیاتر بەدەرکەوت کاتێک لەو دۆخە ئاڵۆزەدا وەک یەکێک لەجەمسەرەکانی رێککەوتنی کشانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەی یەکێتی دەرکەوت کە سەرەنجام بە پاشەکشەی گشتیی کۆتاییھات. لەدوای ئەوەش لە چەند میدیایەکی بیانیی و عێراقییدا بەتایبەت نێوەندە شیعییەکانی نزیک لە رێکخراوی حەشدی شەعبی چەند روونکردنەوەو لێدوانێکی بۆ پاساوی چۆڵکردنی کەرکوک خستەڕوو. دوای رووداوەکە، بافڵ تاڵەبانی بە زمانی ئینگلیزیی دیمانەی تەلەڤزیۆنیی ئەنجامداو واژۆی ژمارەیەک ئەندام سەرکردایەتی یەکێتی بۆ رێککەوتن لەگەڵ سوپای عێراق و کشانەوەیان لە کەرکوک خستەڕوو وەک ئاماژەیەک بۆئەوەی بەتەنھا ئەو کارەی نەکردووە. ئەوە جگەلەوەی بە چەند کاتژمێرێک پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧دا لە پێگەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک راگەیانراوێک بڵاوکرایەوە کە سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان لەگەڵ ئەمەریکییەکان و ھاوپەیمانانیاندا رێککەوتوون ریفراندۆم دوابخەن، بەڵام ئەوە ھەرزوو توڕەبوونی مەسعود بارزانی و پارتی لێکەوتەوە، دواتر بەپاساوی ئەوەی "بەھەڵە" یەکێک لەکارمەندانی نووسینگەکەی ئەو راگەیانراوەی بڵاوکردووەتەوە، بافڵ راگەیانراوەکەی لەسەر فەیسبوکەکەی سڕییەوە. ئەوەش وەک جۆرێک لەناڕەزایی بافڵ تاڵەبانی لە ھەنگاوەکانی مەسعود بارزانی لێکدرایەوە کە دواتر بەسەرکردایەتییکردنی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ناوی بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی ئامۆزای وەک دوو کەسی "خیانەتکار" لە راگەیاندنەکانی پارتی ناسێنران کە بەھۆی ئەوانەوە "کەرکوک بەبێ تەقە تەسلیمکرا".

 

بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لە کێبرکێ پێکھێنانی حکومەتی نوێدا

بەپێی جموجۆڵو دەرکەوتنەکانی پێشتریان بێت؛ پێشبینی دەکرێت دوابەدوای پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی دەنگدانی ٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٨ بۆ ھەڵبژاردنی نوێنەرانی پێنجەم خولی پەرلەمانی کوردستان، گەڕی سێیەمی بەریەککەوتنی مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەستپێبکات. ئەگەرچی وەک چاودێران دووپاتیدەکەنەوە کە ئەو دوو کارەکتەرە ھاوشانی یەک نین لەرووی سەرچاوەی ھێز و دەسەڵات و دارایی، بەڵام ھەردووکیان بە درێژەپێدەری ململانێی جەلالیی و مەلایی دەناسرێن لەسات و سەردەمێکی گۆڕاودا. ئەو دوو رەوتەی لەسەدەی رابردوودا، ھاوشێوەی ئێستا گەلی کوردیان لە باشوری کوردستان بەسەرململانێکانی خۆیاندا دابەشکرد.

مێژووی ململانێی جەلاليی و مەلایی دەگەرِێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٤ کاتێك مەکتەبى سیاسیی پارتی بە سەرۆکایەتیی ئیبراھیم ئەحمەدى باپیری بافڵ، دوای بێھیوابوونیان لەپێکەوە ھەڵکردن لەگەڵ مەلا مستەفای بارزانی، وەک باڵێکی سەربەخۆو جودا لەگەڵ رێبەری شۆڕشی ئەیلول کەوتنە رکابەریی و سەرەنجام پێکدادان و ئاوارەبوون بۆ ئێرانى لێکەوتەوە. لەو کاتەوە بەفەرميی شۆڕشی ئەیلول بەسەر دوو بەرەی ناکۆک و دژ بەیەکدا دابەشبوون. باڵی مەکتەب سیاسی؛ لە لایەن ئیبراھیم ئەحمەدی خەزووری جەلال تاڵەبانی سەرکردایەتی دەکرا، بەڵام لەبەر کاریزماو ناوبانگی "مام جەلال" کە ئەوکات رێبەرێکی دەرکەوتوو بوو بە باڵی "جەلالی" ناسران و باڵی مەلا مستەفاش بە "مەلایی".

بافڵ جەلال حیسامەدین؛ لەساڵی ١٩٧٣دا لەدایکبووەو کوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە. دوابەدوای بەفەرمیی بەشدارییکردنی لە خولێکی سەربازیی فەیلەقی فەرەنسا و ھێزە تایبەتییەکانی بەریتانیادا، لەساڵی ٢٠٠٣دا گەڕاوەتەوە ھەرێمی کوردستان و کراوەتە بەرپرسی یەکەی ھەواڵگری. دواترو لەساڵی ٢٠٠٤دا دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی لەنێو ھێزەکانی پێشمەرگەدا دامەزراندووە، بەئامانجی دابینکردنی پاڵپشتیی سەربازیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ھاوشێوەی قاعیدەو داعش لە چوارچێوەی بەرەی پشتیوانییکردنی ئامانجەکانی ھاوپەیمانان بەسەرکردایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. لەھەمان ساڵدا بە بکوژی عەبدوڵا قەسرێ ناسێنرا کە یەکێک بوو لەئەندامانی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان. ھاوکات بەکەسێکی سەرکەش ناوی رۆشتوە کە دوایین قسە و دوایین بڕیار دەبێت ھەر ھی خۆی بێت، بەڵام لە ھەندێک دەرکەوتنی نوێیدا زیاتر مەبەستییەتی وەک سیاسەتمەدارێکی کراوەو کەسێکی نیشتمانیی و خەمخۆر بۆ یەکڕیزی کورد دەربکەوێت؛ رەنگە ئەمەش بەشێک بێت لەئامادەکاریی رۆڵە نوێیەکەی بافڵ تاڵەبانی لەناو یەکێتی کە لەگەڵ مەسعود بارزانی رووبەڕووی دەکاتەوە.