رۆژی ١٩/٣، شاندی حکومەتی هەرێم و فراکسیۆنە شیعییەکان زیادکردنی بڕگەیەکیان لەجێگەی رێککەوتنی پێشووی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق راگەیاند بەڵام دوای کەمتر لە١٢ کاتژمێر رێککەوتنەکە هەڵوەشایەوە.
بەپێی دەقە نوێیەکە، "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبێ بەڕێککەوتنەکە، هەموو شایستە داراییەکانی دەبڕدرێت".
شاندی کوردی ئەمە بەلادان لەرێککەوتنەکە دەبینن و فراکسیۆنە شیعەکانیش بەمەرجێکی دەبینن بۆ ناچارکردنی هەرێم بەرێککەوتنەکە.
موهەند عەتابی سەرکردە لەفراکسیۆنی نەهجی نیشتمانی دەڵێت:"هەرێم رێککەوتنی دیاریکراوی ناوێت".
ئەو سەرکردە شیعە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران بەتۆمەتبار دەزانێت، "بەکۆمەڵێک پەیمان ئیشتیهای کردنەوە".

بەغدا چی دەوێت؟
بەغدا دەیەوێت هەرێم ناچار بکات، داهاتی نەوتی رادەست بکات نەک نەوتەکە، ئەمەشیان دوو هۆکاری هەیە:
یەک: بەغدا چۆتە ژێر پابەندبوونێک لەگەڵ رێکخراوی ئۆپیک سەبارەت بە سنووردارکردنی هەناردەی نەوت بۆ بازارەکان.
دووەم: کێشەی گرێبەستە نەوتیەکانی هەرێم، بەغدا تا یەکلابوونەوەی سکاڵاکەی دادگای پاریس نایەوێت تەواوی کۆنتڕۆلی نەوتی هەرێمی بکەوێتە دەست.
لە بەرامبەر ئەو داوایانەی ناوەند لە هەرێمی کوردستان هەیەتی، حکومەتی هەرێم چەند ئامانجێکی هەیە:
یەکەم: حکومەتی هەرێمی کوردستان نایەوێت، کارتی فرۆشتنی نەوت و دروشمی ئابوری سەربەخۆی لەدەست دەربچێت، کەبانگەشەیەکی بەهێز بوو لەلای حزبەکانی دەسەڵات لەچەند هەڵبژاردنی رابردوودا.
دووەم: حکومەتی هەرێم چاوەڕێیە، نەوت بەرزببێتەوە بۆ سەرووی ١٠٠ دۆلار، چونکە لەقۆناغی دوای پەتای کۆرۆنادا کە ئێستا دەستیپێکردووە، بازاڕی نەوت جووڵەی تێدەکەوێت و لەمساڵدا چاوەڕێ دەکرێت نرخی نەوت لانیکەم ١٠٠ دۆلار دەبێت و ئەگەریشی هەیە بگاتە ١٣٠ دۆلار.
سێیەم: حکومەتی هەرێم نایەوێت ببێتە هۆکارێک بۆ شکستخواردنی رێککەوتنەکە، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدات تاوەکو شکستەکە بخاتە سەر فراکسیۆنە شیعییەکان.
چوارەم: حکومەتی هەرێم دەیەوێت رێککەوتنێکی لەگەڵ بەغدا هەبێت لەحاڵەتی گۆڕانی نرخدا یان داخستنی بازاڕەکاندا بەهۆی ئەگەری سەرهەڵدانەوەیەکی دیکەی کۆرۆنا، پشتی پێببەستێت، بەڵام رێککەوتنەکە بەجۆرێک بێت هەرێم پابەندنەبێت.

دوو سیناریۆ:
یەکەم: حکومەتی هەرێم لە دوو مانگی رابردوودا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا توانی بەرێژەی لێبڕینی ٢١٪ مووچە دابەش بکات، بەگەڕانەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی مانگەکانی شوبات وئازار، داهاتی نەوتی زیاتر دەبێت، ئەوکات بەکۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆیی و نەوتی مانگانە مووچە دابەش دەکات.
لەگەڵ هەڵکشانی نرخی نەوتدا، دەتوانێت بەبێ لێبڕین مووچە دابەش بکات و ئەوکات دەبێتە دەسکەوتێک بۆ کابینەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، بەتایبەت چاوەڕێ دەکرێت لەمانگی تشرینی یەکەمدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.
دووەم: لەحاڵەتی دابەزینی نرخی نەوتدا (کە ئەگەرێکی زۆر لاوازە) حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی داهاتی مانگانە، (بەمشێوازەی ئێستا بەلێبڕینەوە) مووچە دابەش دەکات.