هێزە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا، خەریکی کڕنوشبردنن بەبۆنەی یەکگرتنیان لەگەڵ سەربازەکانی سوپای تورکیا لە باکوری سوریا، نزیک بە شاری منبج، گوندی (قیراتە). بەرواری وێنەکە ١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩.
فۆتۆ:
2019-10-18
13334 جار خوێندراوەتەوە
گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا داعشە زیندانییەکان ئازاد دەکەن و هاوکات، هێزە چەکدارە بە وەکالەت شەڕکەرەکانی ئەنقەرە بە بەڵگەی ڤیدیۆیی سزای زیندانییە کوردەکان دەدەن و هاوڵاتییە سیڤیلەکان دەکوژن.
راپۆرتی گۆڤاری جیهانی فۆرێن پۆڵەسی
وەرگێڕانی: هـێمن بەکر
گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا داعشە زیندانییەکان ئازاد دەکەن و هاوکات، هێزە چەکدارە بە وەکالەت شەڕکەرەکانی ئەنقەرە بە بەڵگەی ڤیدیۆیی سزای زیندانییە کوردەکان دەدەن و هاوڵاتییە سیڤیلەکان دەکوژن.
دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکا بە فۆرەن پۆڵەسی-یان ڕاگەیاندووە، لە کاتێکدا تورکیا، لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، شەپۆلێک لەشەڕ و توندوتیژی بەڕێوەدەبات لەبەرامبەر شەرڤان و سیڤیلە کوردییەکاندا، چەکدارە هاوشانەکانی تورکیا کە ڕەگی توندڕەوییان تێدایە، بەمەبەست زیندانییە بێ پاسەوانەکانی داعش لە زیندان ئازاد دەکەن.
ئەمە ئاوێکی سارد دەکات بەسەر ئەو سەرنجەی ترەمپدا کە لە تویتێکیدا، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئاماژەی بەوەدابوو، دوای ئەوەی وەزارەتی بەرگری فەرمانی بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا کردبوو، "هێزە کوردییەکانی سوریا کە ئەرکیان پاسەوانی کردنە لە زیندانییەکان، خۆیان داعشە زیندانییەکان ئازاد دەکەن، بۆ ئەوەی سەرنجی ئەمریکا ڕابکێشن (بۆ ئەوەی ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ شەڕ لە سوریا)".
پاڵپشت بە تورکیا، سوپای سوریای ئازاد کە هێزێکە لە ئۆپسزیۆنە یاخیبووەکانی ڕژێمی سوریا جیابووەتەوە و ڕەگی دەگەڕێتەوە بۆ گروپە توندڕەوەکان، خوێنڕێژییەکی بە بەرنامەی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستپێکردووە، هەر لە ئەشکەنجەدانی زیندانییە کوردەکان و کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە سیڤیلە بێ چەکەکان تا دەگاتە کوشتنی شەڕڤانەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات.
هەر هەفتەی پێشووش بوو، گروپێک لەو چەکدارانەی تورکیا پاڵپشتییان دەکات، لەسەر شەقامی سەرەکی نێوان سوریا و عێراق، بە کتوپڕیی و بە زۆری هێز، ژنە سیاسییەکی کوردیان لە ئوتۆمبێلەکەی داگرت و گولەبارانیان کرد.
ئەو دوو بەرپرسە ئەمریکییە پێیان ڕاگەیاندین، هەمان ئەو گروپە چەکدارە هێزەکانی ئەمریکایان لە کۆبانی، لە رۆژی هەینیدا، کردووەتە ئامانج. وتەبێژی پنتاگۆن، بروک دیواڵت ئەوەی پشتراستکردەوە کە بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە کۆبانی، لە ئاراستەی تورکیاوە تۆپباران کراون، بەڵام هیچ زەرەر و زیانێکیان نەبووە.
بەرپرسێکی پێشتری ئەمریکا لەسەر ئەمە وتی، "ئەمە بە هەڵە نەبووە و ئەوان هەوڵدەدەن ئێمە بکەنە دەرەوەی ئەم ناوچەیە".
تورکیا لە ساڵی ٢٠١١ەوە، و لەژێر ناوی جیاوازدا، پاڵپشتی سوپای سوریای ئازاد دەکات کە پێکهاتوون لە کۆمەڵە گروپێکی چەکداری و دەیانویست هەرچۆنێک بێت، حکومەتی سوریای بەشار ئەسەد بڕوخێنن. لە ساڵی ٢٠١٣دا، زۆرێک لە چەکدارەکانی سوپای سوریای ئازاد دەستیان کرد بە چوونە ناو بەرەی نوسرەوە کە ڕێکخراوێکی ئیسلامی بوون، دژی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد شەڕیان دەکرد و ڕیشەیان لەناو ڕێکخراوی قاعیدەدا هەبوو. هەرلەوکاتەدا بوو کە پنتاگۆن ئەوەی بڵاوکردەوە کە زیاتر لە نیوەی چەکدارەکانی سوپای سوریای ئازاد پەیوەندییان بە بەرەی نوسرەی ئایدیۆلۆژیستی توندرەوەوە کردووە.
مێلیسا داڵتن، شارەزایەکە لە سەنتەری ستراتیجی نێودەوڵەتی و باس لەوە دەکات، "وەکو لە ڕاپۆرتەکاندا هاتووە، سی ئای ئەی لە ساڵی ٢٠١٤دا دەیویست ڕیزەکانی سوپای سوریای ئازاد ڕێکبخاتەوە و شەڕی دژ بە داعشیان پێبکات کە ڕێکخراوێکی نوێی ئیسلامی توندرەو بوون و بەشێک لە عێراق و سوریایان داگیرکردبوو، بەڵام سوپای سوریای ئازاد هێشتا هەر دەرگیری بەرەی نوسرە بوون. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیان پێنەبەستێت، چونکە گروپەکە ناڕێکخراوەیی پێوەدیاربوو و بۆ ئەمریکایان نەسەلماندبوو کە توانای شەڕ و ڕووبەڕووبونەوەی داعشیان هەبێت. لەم ساتەدابوو کە ئەمریکا بۆی دەرکەوت هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕێکخراوەیی ترن و توانای شەڕی دژ بە داعشیان هەیە".
لە هێرشەکانی ساڵی ٢٠١٨ی تورکیا بۆ سەر شاری عەفرین، کە سوپای سوریای ئازاد وەکو گروپێکی چەکداریی نزیک لە تورکیا بەشداریی تێدا کرد، ئەم گروپە بە تاوانی جەنگ تۆمەتبار کراون بەوەی کە لاشەی شەڕڤانە کردییەکانیان بە مردویی شێواندووە و شوێنە مێژوییەکان و پەرستگاکانیان ڕووخاندووە.
بەرپرسە ئەمریکییەکان دەڵێن، "ئێستا وادیارە ئەم گروپە چەکدارانەی نزیک لە تورکیا، ویستی جێبەجێکردنی هەمان تاکتیکیان هەیە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا. ئەو گروپە ئێستا خەریکی کوشتنی خەڵکی سیڤیلی بێ چەک و شەڕڤانانی هەسەدەن، و هاوکات، خەریکی ئازادکردنی داعشە زیندانییەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانن".
هەسەدە لە چەند ڕۆژی پێشتردا ڕایگەیاند، ئەوان چیتر ناتوانن زیندانەکان بپارێزن چونکە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی هاوشانی تورکیاوە تەوق دراون. بەرپرسێکی هەسەدەش ئەوەی ڕاگەیاندووە کە ئەو چەکدارانە بوون زیندانییەکانیان ئازاد کردووە.
"ئەگەر بژاردەکانی ئێمە لەنێوان سازشکردن و جینۆسایدکردنی گەلەکەماندا بێت، ئێمە سازشکردن هەڵدەبژێرین". فەرماندە مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەمەی وت وەکو ڕوونکردنەوەیەک کە بۆچی لەگەڵ پوتین و ئەسەد-دا ڕێدەکەوێت.
بەڵام حکومەتی تورکیا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە زیندانێکی چۆڵ و خاڵی نیشاندەدات لەسەر سنووری سوریا و لە شارۆچکەی تەل-ئەبیەد، بەبێ هیچ بەڵگەیەکیش، مەبەستییەتی بڵێت کە هەسەدە، هەر پێش هێرشکردنی تورکیاش، داعشە زیندانییەکانی ئازاد کردووە.
بەرپرسێکی تورکیایی بە میدیاکانی تورکیای ڕاگەیاندبوو، "هێزەکانی تورکیا دەستیان بەسەر زیندانێکی خاڵییدا گرتووە کە وا چاوەڕێدەکرا داعشی تێدابێت". هاوکات وتوشییەتی، "پێش ئەوەی ئێمە بگەینە ئەوێ، پەکەکە و یەپەگە تیرۆریستەکانی داعشیان بەردابوو، بۆ ئەوەی زیاتر دۆخەکە ئاڵۆز و شلۆق بکەن". هەڵبەتە، تورکیا پێیوایە کە هەسەدە درێژکراوەی پەکەکە (پارتی کرێکارانی کوردستان)ە.
بەرپرسە ئەمریکییەکان ئاماژە بە تویتەکەی دووشەممەی ترەمپ دەدەن، "لەوانەیە کوردەکان خۆیان هەندێکیان (داعشە زیندانییەکان) ئازاد بکەن بۆ ئەوەی ئێمە دیسان دەستێوەردان بکەینەوە"، و بە تۆمەتبارکردنێکی بێ بنەما باسی دەکەن.
بەرپرسێکی پێشوی ئەمریکی وتی، "کوردەکان هێشتا بەرگری لە بنکەکانمان دەکەن. چ تۆمەتێکی بێ بنەما و درۆزنانەیان ئاراستە کراوە".
بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی وتی، "هەسەدە زیندانەکانی پشتگوێ نەخستووە، بەڵکو لەراستیدا، ژمارەیەک بەندکراوی داعشیان گواستووەتەوە بۆ ناوچەیەکی دوورتر لە باشور".
وتیشی، "تورکیا و گروپە چەکدارە نزیکەکانی زۆر جیدین لەم شەڕانەدا".
باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە-دا ببووە پەناگەیەکی ئارام بۆ خەڵکی و پێشکەوتنێکیش بوو بۆ باڵە سیاسییەکەیان لەژێر ناوی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک، کەچی پاش ئەوەی ترەمپ، لە رۆژی ٦ی ئۆکتۆبەردا گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵکرد، ئەو ناوچەیە بەرەو ئاڵۆزیی و ناجێگیریی ڕۆییشت. لە پاش پێنج ڕۆژ لە هێرشەکانی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارە نزیکەکانی، زیاتر لە ٨٠٠ تۆمەتباری بەندکراو لە خێزان و کەس و کاری داعشەکان، لە کەمپی عەین عیسا لە باکوری سوریا، هەڵهاتن.
لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە لایەنی کەمەوە، دە هەزار بەندکراوی داعش، کە دوو هەزاریان خەڵکی دەرەوەی سوریان، لەنێو چەند زیندانێکی جیاوازدا، بوونیان هەیە. جیا لەوانەش، زیاتر لە سەد هەزار لە کەس و کار و خێزانی ئەندامەکانی داعش و خەڵکە ئاوارەبووەکانی دیکەی لێیە لەنێو کەمپەکانی ئەو دەڤەرەی هەسەدە سەرپەرشتی دەکات.
ئەلێکس گرینوچ، جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە هاوپەیمانی دژی داعش بە فۆرەن پۆلەسی ڕاگەیاند، "سوپای ئەمریکا هەرزوو هۆشداریدابوو لە ئەگەری پەیدابوونەوەی داعش لەو کەمپانەوە بەتایبەتی کە هەزاران شەڕکەری ژنی داعش و منداڵەکانیانی تێدان".
گرینوچ ئەوەشی وت، "ترسناکیی ڕاستەقینەی من لە نەوەی داهاتووی داعشە کە لەو کەمپانەوە پرۆگرام کراون".