ئاستى داواکاریی هێلەک زەردەکانى فەڕەنسا لە دەربڕینی ناڕەزایی بەرانبەر بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی تێپەڕی کردووە و لەگەڵ پەرەسەندنی خۆپیشانداکانیشدا توندوتیژیی لە شەقامە سەرەکییەکانى پاریس و بەشێک لە شارەکانى دیکە بەدی دەکرێن و حکومەتیش بیر لەوە دەکاتەوە حاڵەتی باری نائاسایی ڕابگەیەنێت.
ئاستى داواکاریی هێلەک زەردەکانى فەڕەنسا لە دەربڕینی ناڕەزایی بەرانبەر بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی تێپەڕی کردووە و لەگەڵ پەرەسەندنی خۆپیشانداکانیشدا توندوتیژیی لە شەقامە سەرەکییەکانى پاریس و بەشێک لە شارەکانى دیکە بەدی دەکرێن و حکومەتیش بیر لەوە دەکاتەوە حاڵەتی باری نائاسایی ڕابگەیەنێت.
شانزیلیزێى پاریس، کە بە دیارترین و جوانترین شەقامى جیهان دادەنرێت، ئەو شوێنەیە کە زۆرترین ناڕەزایەتی تیایدا دەردەبڕدرێت و بووەتە مەیدانی پێکدادانى نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران.
لە شەقامەکەدا ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێڵ و تەنەکەی خۆڵ ئاگریان تێبەردراوە و لە خۆپیشاندانەکانیشدا هێلەک زەردەکان و هێزە ئەمنییەکان بە بەردوو شووشە و گازی فرمێسک رێژ و جارجارەش نارنجۆک ڕوبەڕووی یەکتردەبنەوە.
خۆپیشاندانەکان لە فەڕەنسا بە گشتی و پاریس بە تایبەتی، بە ئاراستەیەکی تردا ڕۆشتووە، دوای ئەوەی هێلەک زەردەکان ئاگریان لەچەند شوێنێکی وەک باڵەخانەی گشتی و تایبەت بەردا و کەوانەی سەرکەوتنیان لەناوجەرگەی پاریس شێواند و لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس پێکداهەڵپژان.
هەرچی حکومەتیشە، پێداگریی لەسەر سیاسەت و ڕێوشوێنە ئابورییەکانی دەکات كە ئامانج لێی سنوردانانە بۆ بەكارهێنانی ئەو سوتەمەنییەی ژینگە پیس دەكات و هاندانی شۆفێرانە بۆئەوەی روبكەنە بەكارهێنانی وزەی پاك.
خۆپیشاندانەکان ئیمانوێڵ ماکرۆن سەرۆکی وڵاتی خستووەتە بەردەم سەختترین تاقیکردنەوەوە، لەو کاتەوە کە جڵەوی دەسەڵاتی فەڕەنسای گرتووەتە دەست.
ماکرۆن لەبارەى خۆپیشاندانەکانەوە دەڵێت، خۆپیشاندەران پشێوى و ئاژاوەیان دەوێت و ئەوەى لە پاریس ڕودەدات پەیوەندى بە ڕادەربڕینى ئاشتیانە و داواى ڕەواوە نییە.
ناڕەزایەتییەکان لە ١٧ی مانگی ڕابردووەوە دەستیان پێکردووە و تا دێت توندوتیژییەکان زیاتر دەبن و خۆپیشاندەران جگە لە داواى دابەزینى نرخی گاز و بەنزین داوای کەمکردنەوەى باجەکان و باشترکردنی بژێوی ژیانیان دەکەن.
ڕۆژنامەی (لۆبوان)ی فەڕەنسی دۆخەکەی بە شۆڕش چواندووە، بەو پێیەی تا دێت خۆپیشاندانەکان بەرفراوانتر دەبن و هیچ ڕێگەچارەیەکیش بەدی ناکرێت.
سەبارەت بە ئەگەری پەنابردنی حکومەتیش بۆ ڕاگەیاندنی حاڵەتی باری نائاسایی، کریستۆف کاستانێر وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا بەدووری نەزانی لەپێناو ئەوەی دۆخەکە لەدەست دەرچێت پەنا بۆ ئەو رێگەیە ببەن، کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە هەڵگیراوە.
بەپێی ئەو ھەواڵانەی لە میدیاکانی فەڕەنسا بڵاوکراوەتەوە، ١٥٨ کەس لە خۆپیشاندانەکانی پاریس دەستگیرکراون و ٦٥ کەسیش برینداربوون کە ١١یان پۆلیسن.
لەسەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیشەوە، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و ٧٨٠ کەس کە ١٤١یان لە ھێزە ئەمنییەکانن برینداربوون و ٧٩٤ کەسیش دەستگیرکراون.