سەردێڕ:

ژیاننامەى جۆرج بوشى باوک

جۆرج بۆشى باوک
فۆتۆ: سکاى نیوز عەرەبییە
2018-12-02

7250 جار خوێندراوەتەوە

لە دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی بارکنسۆن، جۆرج هۆربێرت وۆڵکەر بوش، ٤١ هەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دوای کەمتر لە هەشت مانگ لە مردنی باربارای خێزانی، لە تەمەنی ٩٤ ساڵیدا لە شاری هیوستن لە ویلایەتی تەکساس کۆچی دواییکرد.


لە دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی بارکنسۆن، جۆرج هۆربێرت وۆڵکەر بوش، ٤١ هەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دوای کەمتر لە هەشت مانگ لە مردنی باربارای خێزانی، لە تەمەنی ٩٤ ساڵیدا لە شاری هیوستن لە ویلایەتی تەکساس کۆچی دواییکرد.

جۆرج هۆربێرت وۆڵکەر بوش لە تەمموزی ساڵی ١٩٢٤ لە شاری میلتۆن سەر بە ویلایەتی ماساچوسێتس لە دایک بووە و ژیانیشی بە گشتی بریتی بووە لە زنجیرەیەک وێستگەی سیاسی کە لەکۆتاییدا گەیاندییە کۆشکی سپی.

دوای وەرگرتنی لە زانکۆ، بوش چووەتە  ناو هێزەکانی مارێنز و وەک فڕۆکەوانی دەریایی مەشقی کردووە، بەر لەوەی لە جەنگی جیهانی دووەمدا  بەشداریی لە جەنگی دژی ژاپۆندا بکات لەزەریای هێمن.

بەڵام کاتێک ساڵی ١٩٤٤ بەشداریی لە هێرشێکی ئاسمانیدا کرد، فڕۆکەکەی لە ئاسماندا تێکشکێنرا و تەنیا ئەو لە تیمی فڕۆکەوانییەکە ڕزگاریبوو.

لەدوای تەواوبوونی جەنگی جیهانی دووەم چووەوە زانکۆ و دواتریش هاوسەرگیریی لەگەڵ باربارا پێرس کرد و یەکەم منداڵیشیان کە جۆرج وۆڵکەر بوش ٤٣ هەمین سەرۆکی ئەمریکایە لە دایکبوو.

لە ناوەڕاستی ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا و بەهۆی پەیوەندییە بازرگانییەکانی باوکییەوە توانی کۆمپانیایەیکی تایبەت بەخۆی دابمەزرێنێت و لە ساڵانی شەستەکاندا ببێتە خاوەنی ملیۆنان دۆلار.

دواتر جۆرج هۆربێرت وۆڵکەر بوش گرنگیدا بە بواری سیاسەت و چووەتە نێو پارتی کۆمارییەکان و لەدوای چەند هەنگاوێک توانی ساڵی ١٩٦٦  لەتەمەنی ٤٢ ساڵیدا لەسەر پشکی ویلایەتی تەکساس بچێتە کۆنگرێس.

ساڵی ١٩٧١ یش لەسەردەمی ڕیچارد نیکسۆندا پۆستی نوێنەری وڵاتەکەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێبەخشرا.

ساڵی ١٩٧٦ و لەسەردەمی جێراڵد فۆرد دا کراوەتە بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیی ئەمریکا سی ئاى ئەى.

لەسەردەمی سەرۆکایەتی ڕۆناڵد ڕیگانیشدا هەنگاوی زیاتری سیاسی نا و لە ساڵی ١٩٨١ تا ١٩٨٩ جێگری سەرۆک بووە.

لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ١٩٨٨دا، بوشی باوک توانی بەسەر کاندیدی دیموکراتەکاندا سەربکەوێت و ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، کە تەنیا بۆ یەک خول و لەساڵی ١٩٨٩ تا ١٩٩٣ لەو پۆستەیدا بووە.

ساڵی ١٩٩١ لەکاتی دەسەڵاتی ئەودا وڵاتەکەی فەرماندەیی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی کرد بۆ ڕزگارکردنی کوەیت لە داگیرکاریی سوپای عێراق، کە بەشەڕی کەنداوی یەکەم ناسراوە و بەهۆیەوە سوپای عێراق زیانی گەورەی بەرکەوت و بووە چەخماخەیەک بۆ  ڕاپەڕینی گەلی عێراق و گەلی کورد.

هەر لەسەردەمی بوشی باوکدا بوو، کە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی دەرکرد، بۆ دیاریکردنی هێڵی ٣٦ بۆ پاراستنی گەلی کوردستان لە هێرشەکانى سوپای عێراق.

تا چەند ساڵی ڕابردوو لە بۆنەی ڕۆژی لە دایکبوونیدا، بوشی باوک بە خۆهەڵدانی بە پەڕەشووت لەناو فڕۆکەوە ئەو یادەی دەکردەوە، بەڵام  لەم دواییەدا بەهۆی توشبوونی بە نەخۆشی بارکنسۆنەوە بە دەگمەن لە بۆنەکاندا دەردەکەوت و لە مەراسیمی ئاهەنگی سوێندخواردنی دۆناڵد ترەمپیشدا بەسەرۆکی ئەمریکا، بەهۆی هەوکردنی سنگیەوە نەیتوانی ئامادەبێت.