سەردێڕ:

ڕێگەیەکى خۆڵ پەیوەندى کۆریاى باکور و باشور بەهێزدەکاتەوە

کۆریاى باکور و باشور
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-23

3363 جار خوێندراوەتەوە

ڕێگایەکى خۆڵ پەیوەندییە پچڕاوەکانى هەردوو کۆریاى باکور و باشور دواى زیاتر لە ٦٥ ساڵ پێکەوە گرێدەداتەوە و چەندین ڕێککەوتنى دیکە بەدواى خۆیدا دەهێنێت.


ڕێگایەکى خۆڵ پەیوەندییە پچڕاوەکانى هەردوو کۆریاى باکور و باشور دواى زیاتر لە ٦٥ ساڵ پێکەوە گرێدەداتەوە و چەندین ڕێککەوتنى دیکە بەدواى خۆیدا دەهێنێت.

هەردوو کۆریای باشور و باکور ڕێککەوتوون لەسەر کردنەوەی ڕێگای ئۆتۆمبێل و شەمەندەفەری نێوانیان، کە ئەوەش هەنگاوێکە بۆ بەهێزکردنەوەی پەیوەندی نێوان دوو وڵاتەکە، سەرباری ئەوەی ئەمریکا نیگەرانی هەیە لەوەی گەرموگوڕی لەناکاوی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە زیانی دەبێت بۆ فشاری سەر کۆریای باکوور تا دەستبەرداری چەکە ناوەکیەکەی بێت.

ڕێککەوتنەکە لە گوندی (پانمونجۆم)ی سەر سنورى ئەو دوو وڵاتە ئەنجامدرابوو و ئەوەش بە دەرئەنجامی سێهەم کۆڕبەندی مون جەی ئین سەرۆکی کۆریای باشوور و کیم جۆنگ ئون، هاوتاکەی کۆریای باکوری، دادەنرێت کە مانگی ڕابردوو ئەنجامیاندا.

هەردوو وڵاتەکە ڕێککەوتوون لە  سەرەتای مانگی داهاتوو مەراسیمێک بۆ کردنەوەی ڕێگای ئۆتۆمبێل و شەمەندەفەری نێوان دوو وڵاتەکە ساز بکەن، کە لە جەنگی هەردوو کۆریای ساڵی ١٩٥٠ بۆ ١٩٥٣وە ئەو ڕێگایانە داخراون.

بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا هەردوو کۆریاکە گفتوگۆ بکەن لەسەر ئەوەی ڕێگە بەو خێزانە کۆریانە بدەن پەیوەندی بە ئەندامانی خێزانەکانیانەوە بکەن کە بەهۆی جەنگی کۆریاوە ساڵانێکی زۆرە لە کۆریای باکوور یان باشوور نیشتەجێن و لە کەسوکاریان دابڕاون، هەردوو وڵات ڕێککەوتوون کاربکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە سەربازییەی کە لە کۆڕبەندەکەی مانگی ڕابردوودا ئەنجامیاندابوو.

ڕێککەوتنەکەش لە چەند بەشێک پێکهاتووە، لەوانە، دروستکردنەوەی لیژنەیەکی سەربازی هاوبەش، ڕاگرتنی مەشق و ڕاهێنەرە سەربازییەکان، پێکهێنانی ناوچەیەکی دژەفڕین لە نزیک سنوری نێوان دوو وڵاتەکە، هەروەها دەستکردن بە هەڵگرتنەوەی مین لە ناوچەی داماڵڕاو بە چەک کە دەکەوێتە نێوان دوو وڵاتەکە کۆبوونەوەکانی نێوان دوو وڵاتەکە چەند بوارێکی دیکەش دەگرێتەوە، لەوانە، چاندنی درەخت و پاراستنی تەندروستی و ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.

لە کاتێکدا هەردوو کۆریاکە هەنگاوی کردارییان بۆ بەهێزکردنەوەی پەیوەندییەکانیان ناوە، بەڵام واشنتۆن بە هۆشیاری زیاترەوە هەنگاو دەنێت سەرباری ئەوەی مانگی حوزەیران سەرۆکی ئەو دوو وڵاتە کۆبوونەوە و پلان هەیە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دووەمیان.