سەردێڕ:

٨٥ ھەزار منداڵ بەھۆی بەدخۆراکییەوە لەیەمەن گیانیان لەدەستداوە

ئاوارەکانى یەمەن
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-22

1935 جار خوێندراوەتەوە

لەدوای زیاتر لە سێ ساڵ و نیو بەسەر دەستپێکردنی شەڕی یەمەن لە نێوان ھاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودیە و چەکدارە حوسییەکاندا، لە ئێستادا شەڕوپێکدان ڕاگیراوە و بەوتەی جەیمس ماتێس وەزیری بەرگریی ئەمریکا، پێدەچێت سەرەتای مانگی داھاتوو دانوستانەکانی ئاشتی یەمەن لەنێوان لایەنەکانی شەڕدا لە سوید دەستپێبکەن و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئامادەیی خۆی نیشانداوە بەشداری دانوستانەکان بکات.

ئەوەش دوای ئەوە دێت حوسییەکان کە ئێران پشتگیرییان دەکات ھێرشی موشەکی و ھەڵدانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان لەدژی سعودیە و ئیمارات ڕاگرتووە و ھاوپەیمانی عەرەبیش بە سەرۆکایەتی سعودیە، ھێرشە ئاسمانییەکانی بۆسەر حوسییەکان لە یەمەن وەستاندووە.

پێشتریش گفتوگۆ لەنێوان وەفدی ھەردوولادا بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی لە ئارادابوو، بەڵام لە ئەیلولی ڕابردوودا گفتوگۆکان ھەڵپەسێردرا، چونکە حوسییەکان ئامادەی کۆبوونەوەکان نەبوون.

ئەوە لە کاتێکدایە ئەو وڵاتە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ و شەش مانگە جەنگ تیایدا بەردەوامە لە نێوان ھێزەکانی سەر بە حکومەتی عەبد ڕەبە مەنسور ھادی و چەکدارە حوسییەکان، کە یەکەمیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانیپیادا نراوە و سعودیە پشتگیریی دەکات،  ئەوی تریش ئێران پشتگیریی دەکات.

بەو پێیەش کە ھێشتا شاری حودەیدە لەژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکاندایە، کە سەرچاوەی سەرەکی ھاوردەکردنی ٩٠%ی ماددە خۆراکییەکانە بۆ یەمەن، گەمارۆکانی سەر ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکان وایکردووە ١٤ ملیۆن ھاوڵاتی ئەو وڵاتە دووچاری مەترسی برسێتی ببنەوە.

ھەر بۆیە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشنیازی کردووە بەندەری حودەیدە ڕادەستی دەسەڵاتێکی بێ لایەن بکرێت تا ڕێگەخۆش بکرێت بۆ گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ ناوچە کارەساتبارەکان.

دۆخی یەمەن گەیشتووە ئاستێک  رێکخراوی "سەیڤ زە چڵدرن" کە بنکەکەی لە بەریتانیایە لە راپۆرتێکیدا باس لەوە بکات، لەماوەی نێوان نیسانی ٢٠١٥ بۆ تشرینی یەکەمی ٢٠١٨، ٨٤ ھەزار و ٧٠٠ منداڵ لە یەمەن بەھۆی بەدخۆراکیی توندەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئەوە جگە لەوەی کە بەھۆی شەڕی ناوخۆوە نزیکەی ١٠ ھەزار کەس کوژراون و زیاتر لە سێ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەسی دیکەش ئاوارە بوون، لەگەڵ قاتوقڕی و بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییانەی بەشێکی زۆری یەمەنییەکان تووشی بوون.