سەردێڕ:

دواین زانیاری لەسەر پیلانی کوشتنی جەمال خاشقچی

دەزگای هەواڵگری سى ئاى ئەى دڵنیابووەتەوە لەوەى محمد سەلمان فەرمانى کوشتنى ئەو ڕۆژنامەنووسەى دەرکردووە.
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-11-17

7468 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەرچی تا ئێستا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا بووە کە شازادەی جێنشینی سعودیە لە پیلانی کوشتنی جەمال خاشقچی بێبەرییە، بەڵام ڕۆژنامەى واشنتۆن پۆستى ئەمریکى بڵاویکردەوە، دەزگای هەواڵگری سى ئاى ئەى دڵنیابووەتەوە لەوەى محمد سەلمان فەرمانى کوشتنى ئەو ڕۆژنامەنووسەى دەرکردووە.


ئەگەرچی تا ئێستا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا بووە کە شازادەی جێنشینی سعودیە لە پیلانی کوشتنی جەمال خاشقچی بێبەرییە، بەڵام ڕۆژنامەى واشنتۆن پۆستى ئەمریکى بڵاویکردەوە، دەزگای هەواڵگری سى ئاى ئەى دڵنیابووەتەوە لەوەى محمد سەلمان فەرمانى کوشتنى ئەو ڕۆژنامەنووسەى دەرکردووە.

لە سەرەتای دروستبوونی قەیرانەکەوە، دەسەڵاتدارانی سعودیە ڕەتیدەکەنەوە محەمەد سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە پلاندانەری کوژرانی خاشقچی بووبێت و بۆ ئەو مەبەستەش چەندجارێک بەیاننامەیان دەرکردووە بەوەی ئەو کارە بەدەر لە دەسەڵاتی شاهانە دەرکراوە، بەڵام فشارە نێودەوڵەتییەکان و ڕای گشتی جیهانی کە تا دێت زیاتر دەبن وایکردووە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ سەرەداو و زانیاری زیاتر لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە دەربکەون کە جیهانی هەژاندووە.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی بڵاویکردەوە، دەزگای ناوەندی ھەواڵگری ئەمریکا CIA گەیشتووە بەو ئەنجامەی لە مانگی ڕابردوودا شازادەی جێنشینی سعودیە فەرمانی کوشتنی جەمال خاشقچی دەرکردووە، حکومەتی واشنتۆنیش ڕەتیکردەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی ئەو زانیارییانە بدات.

ڕۆژنامەکە ڕوونیکردووەتەوە، CIA بۆ کۆکردنەوەی زانیارییانەکان، پشتی بەستووە بە چەند سەرچاوەیەکی ھەواڵگریی، کە یەکێکیان پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان جەمال خاشقچی و خالید سەلمان برای محەمەد سەلمانە کە باڵیۆزی سعودیەیە لە واشنتۆن کە بە خاشقچی وتووە، لەڕووی ئەمنییەوە وا باشترە سەردانی کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ بکات و لەوێ ئەو بەڵگەنامانە بەدەستبھێنیت کە پێویستى پێیەتى.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، خالد سەلمان لەسەر داوای محەمەد سەلمانی برای ئەو پەیوەندییە تەلەفونییەی لەگەڵ خاشقچییدا ئەنجامداوە و دڵنیای کردووەتەوە کە هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانى نییە ئەگەر سەردانى ئەستەنبوڵ بکات و کارەکانى لەوێ تەواو بکات.

بەڵام خالید سەلمان، باڵیۆزی سعودیە لە واشنتۆن لە تویتێکیدا ئەو هەواڵەى رەتکردەوە و ڕایگەیاند، بە هیچ جۆرێک پەیوەندى تەلەفۆنى لەگەڵ خاشقچى ئەنجام نەداوە و کۆتا پەیوەندی لەگەڵ خاشقچی لە سالی ٢٠١٧دا بووە.

ئەگەر زانیارییەکانی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ڕاست بێت، پێدەچێت واشنتۆن بکەوێتە بەردەم فشار و بڕیاردان لەبارەى هێشتنەوەی پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەکانی لەگەڵ سعودیە یاخود پچڕاندنی.

لەو چوارچێوەیەشدا سەرنوسەری ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە وتارێكدا نوسیوویەتی، لەدوای دۆسیەی كوژرانی ڕۆژنامەنووس جەمال خاشقچی، گۆڕانكاری لە پەیوەندیەكانی نێوان واشنتۆن و ڕیازدا کارێکی ئاشكرا و حەتمییە.

ئەوە لەکاتێکدایە سعودیە چەندجارێک قسەکانی خۆی سەبارەت بە کوژرانی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی وڵاتەکەی لە کونسوڵخانەی ئەستەنبوڵ گۆڕیوە، کە دوای ١٩ ڕۆژ لە بێسەروشوێنبوونی، دانینا بە کوژرانیدا.

لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا داواکاری گشتی ئەو وڵاتە پارچەپارچەکردنی تەرمى خاشقچى لەناو کونسوڵخانەى وڵاتەکەیدا لە ئەستەنبوڵ پشتڕاستکردەوە و فەرمانى لەسێدارەدانیشى بۆ پێنج کەس دەرکرد کە لەو ڕووداوەدا تێوەگلاون، دوابەدواى ئەم بڕیارەش ئەمریکا سزاى دارایى بەسەر ١٧ کەسدا سەپاند کە هەندێکیان لەکەسە نزیکەکانى محمد سەلمانى شازادەى جێنشینن.

هــ.حــ