سەردێڕ:

زانیاری لەبارەى ئەو ئەشکەوتە ئاوییەى ساڵانە ٨٠٠ هەزار گەشتیار سەردانی دەکەن

مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ١٥٠ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا
فۆتۆ: 
2019-09-12

21665 جار خوێندراوەتەوە

کاتێک گەشتیارێک ڕوو لە شارەکەى بابا تاهیرى هەمەدانى دەکات، ڕاستەوخۆ ڕێنوێنى دەکرێت بۆ گوندى عەلى سەدر، ئەو گوندەى یەکێک لە ئەشکەوتە ئاوییە سەرنجڕاکێشەکانى جیهانى تێدایە.


کاتێک گەشتیارێک ڕوو لە شارەکەى بابا تاهیرى هەمەدانى دەکات، ڕاستەوخۆ ڕێنوێنى دەکرێت بۆ گوندى عەلى سەدر، ئەو گوندەى یەکێک لە ئەشکەوتە ئاوییە سەرنجڕاکێشەکانى جیهانى تێدایە.

گوندی عەلی سەدر دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی پارێزگاى هەمەدانەوە و ٧٥ کیلۆمەتر لە چەقى شارەکەوە دوورە، ئەشکەوتێکى ئاویی تێدایە کە هەزار و ٩٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و، مێژووی ئەشکەوتەکە بەپێی پێکهاتەى بەردەکەى دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ١٥٠ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، واتە سەردەمى چاخی بەردینی دووەم.

ساڵى ۱۹۲٤ گروپێکی چواردە کەسی کە ئەندامی دەستەی شاخەوانى بوون، ئەشکەوتەکەیان بە گەشتیاران ناساند و دوو ساڵ دواى ئەوەش دەستەی شاخڕەوی هەمەدان دەرگای چوونە ژووری ئەشکەوتەکەیان بە ئەندازەی نزیکەی ٥۰ سانتیمەتر فراوانتر کرد.

لە ساڵى ١٩٧٣دا خەڵکى گوندەکە بە چرایەک و بەلەمێکەوە ڕێنوێنى گەشتیارانیان دەکرد بۆ بینینى بەشەکانى ئەشکەوتەکە.

لە بەشی ناوەوەی سەقفی ئەشکەوتەکە، کە نزیکەى۱۰ مەتر لە ئاستی ڕووى ئاوەکەوە بەرزە، کۆمەڵێک نەخشی لە شکڵی دڵۆپەى ئاو، کە بە کاربۆنات و کالسیۆم تێکەڵ لەگەڵ هەندێ مادەی تردا چەندین دیمەنی سەرنجڕاکێشیان دروستکردووە، کە بەهۆی تێپەڕبوونی ئاو لە دەرەوە بۆ ناوەوەی ئەشکەوتەکە دروستبووە.

لە بەشە وشکەکەشیدا چەندین نەخشی سەرنجڕاکێشى تێدا دروستبووە، کە بەشێکیان لە شێوەی پەیکەری پەنجەی هەڵۆ و شێری دووسەر و کۆتر و هێشوەترێ و بەلەمی ئاوەژوودا دروستبوون.

ئاوی گۆماوەکانى ناو ئەشکەوتەکە ئاوێکی بێ ڕەنگ و بۆن و تامی ئاساییە، هیچ جۆرە گیاندارێکى ئاویی تیادا ناژی، پلەی گەرمیی ئاوەکە بە درێژایی ساڵ نەگۆڕە و بەردەوام ۱۲ پلەى سیلیزییە و ڕوونیى ئاوەکە بە جۆرێکە کە دەتوانرێت ١٠ مەتر ژێر ئاوەکە ببینرێت.

هەندێ لە ڕێڕەوەکانی ئەشکەوتەکە ۱۰ بۆ ۱۱ مەتر پێشڕەوی کراوە بۆ ناوەوە، بەڵام هێشتا تەواوی ڕێڕەوەکانی ئەشکەوتەکە ئاشکرا نەکراوە، ڕۆژانە زیاتر لە پێنج هەزار گەشتیار و ساڵانە زیاتر لە هەشت سەد هەزار گەشتیار دەتوانن بە بەلەم ١٤ کیلۆمەتر بە درێژى و پێنج بۆ ١٥ مەتر بە پانى بە گۆماوەکانى ناو ئەشکەوتەکەدا گەشت بکەن، کە تەنها چوار کیلۆمەترى ڕووناکە.