بۆ یەکەم جار دادوەرێکی دادگای سەربازی ئەمریکا لە گرتوخانەی گوانتانامۆ لە کوبا، وادەى دادگاییکردنی خالید شێخ محەمەد پلانداڕێژەری هێرشەکانی ١١ی سێپتێمبەری ساڵی ٢٠٠١و چوار تۆمەتباری دیکە دیاریکرد.
بۆ یەکەم جار دادوەرێکی دادگای سەربازی ئەمریکا لە گرتوخانەی گوانتانامۆ لە کوبا، وادەى دادگاییکردنی خالید شێخ محەمەد پلانداڕێژەری هێرشەکانی ١١ی سێپتێمبەری ساڵی ٢٠٠١و چوار تۆمەتباری دیکە دیاریکرد.
دادوەر دەبلیو شەین کۆهن، کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردووەوە بەرپرسیاریی کەیسەکەی هەڵگرتووە، رۆژى ١١ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ی بۆ دادگاییکردنی ئەو پێنج تۆمەتبارە دیاریکردووە، کە دەبێت لە پێش ئەو ڕۆژمێرە ژمارەیەک ڕێکاری یاسایی تایبەت جێبەجێبکرێن.
یەکێک لەو ڕێکارانە ئەوەیە دەبێت حکومەتی ئەمریکا تا ڕۆژی دادگاییکردنەکە تەواوی ئەو بەڵگەنامە نهێنیانەی کە لەبەردەستیدایە رادەستی پارێزەرانی تۆمەتبارەکان بکرێن کە بە وتەی ئەوان تا ئێستا حکومەت ئەو کارەی نەکردووە.
هاوکات پارێزەرانی تۆمەتبارەکان ڕەخنەی ئەوە دەگرن، ئەو ڕێکەوتەى بۆ بەڕێوەچوونی دادگاییەکە دیاریکراوە ناواقعییە، لەگەڵ ئەوەشدا بینای گرتوخانەی گوانتانامۆ بەجۆرێک نیە کە بتوانێت دادگاییەکی گەورەی تیادا بەڕێوەبچێت، سەرباری ئەم ناڕەزاییانە، پارێزەرانی کەیسەکە خۆشحاڵن کە لەدوای چەندین ساڵ داواکردن بۆ دیاریکردنی وادەیەک بۆ دانیشتنی دادگا دواجار ئەو ڕۆژە دیاریکرا کە سەرجەم لایەنەکان دەتوانن ئامادەکاریی بکەن بۆ بەڕێوەچوونی.
تۆمەتبارانی هێرشەکانی ١١ی سێپتێمبەر، پێنج کەسن یەکێکیان خالید شێخ محەمەدى بەڕەچەڵەک پاکستانییە و بە پلانداڕێژەری سەرەکی هێرشەکان دادەنرێت، چوار تۆمەتبارەکەی دیکەش بریتین لە (وەلید بن عەتەش، رەمزی بن شیبە، عەمار بەلوچی، مستەفا ئەحمەد هەوساوی)، ئەو پێنج کەسە لە دادگا ڕوبەڕوی ئەم تۆمەتانە دەکرێنەوە (تیرۆر، ڕفاندنی فڕۆکە، کوشتن لە چوارچێوەی پێشێلکاری یاساکانی جەنگدا، پیلانگێڕی، هێرشکردنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنى، هێرشکردنە سەر موڵکی هاوڵاتیان، زیانگەیاندن و وێرانکردنی موڵکی گشتی کە ئەوەش لە پێشێلکارییەکی دیکەی یاساکانی جەنگدایە)، بەوەش لە دادگا ڕوبەڕوی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە.
تا ئێستاش چەندینجار دانیشتنی پێشوەختەی دادگا سەبارەت بەو کەیسە بەڕێوەچووە و دادوەران سەردانی گوانتانامۆیان کردووە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە کە ماوەی چەند ڕۆژێکی دەخایاند و لەدوای ئەوە دانیشتنی دادگا بۆ چەند مانگێک دوادەخرا.
بڕیاریشە مانگی داهاتوو ئەو بەڵگانە بخرێنەڕوو و پارێزەرانی تۆمەتباتەکانیش هەوڵدەدەن ئەو دانپێدانانە وەرنەگرن کە لەلایەن دەزگای (ئێف بی ئای)ی ئەمریکاوە دەخرێنەڕوو، پارێزەران دەڵێن دانپێدانانەکان ساڵی ٢٠٠٦ لە ژێر ئەشکەنجەی تونددا وەرگیراون.
پێشتریش وەزارەتی دادی ئەمریکا لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٠٦ ئەوەی پشتڕاستکردبووەوە کە خالید شێخ محەمەد لە گرتوخانەی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا ١٨٣ جار ئەشکەنجە دراوە، بە شێوازێک کە پەڕۆ دەخرایە سەر دەمی تۆمەتبارەکە و ئاو دەکرا بەسەریدا تا ئەوکاتەی کە نزیکبێت بخنکێت، وەزارەتی داد راشیگەیاندبوو لەدوای وەرگرتنی دانپێدانان تۆمەتبار بۆ گرتوخانەی گوانتانامۆ گواستراوەتەوە.
میدیاکانی ئەمریکا باس لەوەشدەکەن خالید شێخ محەمەد کاتێک لەبەردەم دادگا ئامادەبووە بۆ خوێندنەوەی تۆمەتەکانی، وتوویەتی (لە ئەلفەوە بۆ یاء بەرپرسە لە هێرشەکانی ١١ی سێپتێمبەر)، باسی لەوەشکردووە، کە دەیەوێت لەبەردەم دادگادا دان بە تاوانەکانی و ڕۆڵی خۆی لەو هێرشانەدا بنێت.