ئەردۆغان و ئۆغڵۆ، دوو هاوڕێی دێرین و هاوخەبات، کە بۆ ساڵانێکی زۆر خاوەن یەک هەڵوێست و سیاسەت بوون، لە ئێستادا هەریەکەیان دژ بەوی تر وەستاوەتەوە و لە میدیاکاندا بەناپاک و بە پشتیوانى لەتیرۆر یەکتر تۆمەتبار دەکەن.
ئەردۆغان و ئۆغڵۆ، دوو هاوڕێی دێرین و هاوخەبات، کە بۆ ساڵانێکی زۆر خاوەن یەک هەڵوێست و سیاسەت بوون، لە ئێستادا هەریەکەیان دژ بەوی تر وەستاوەتەوە و لە میدیاکاندا بەناپاک و بە پشتیوانى لەتیرۆر یەکتر تۆمەتبار دەکەن.
لەدوای نزیکەی سێ ساڵ لە بێدەنگی، ئەحمەد داود ئۆغڵۆ سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا بێدەنگییەکەی شکاند و دەڵێت، ئەگەر پەڕاوەکانی بنبڕکردنی تیرۆر هەڵبدرێنەوە، ئەوا زۆرێک دەبێت شەرم بکەن لە سەیرکردنی ڕوخساری خەڵک، وەک ئاماژەیەک بۆ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای تورکیا کە پێدەچێت لە پشتیوانى تیرۆر تێوەگلابن.
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ نزیکترین کەسایەتی بوو لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و وەک دەوترێت ئەردۆغان بەبێ ڕاوێژکردن بە ئۆغڵۆ هیچ بڕیارێکی دەرنەدەکرد، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ وە کاتێک ئەردۆغان ناچاری کرد دەست لە پۆستەکەی بکێشێتەوە، پەیوەندی نێوانیان چووە قۆناغێکی نوێوە کە ئەویش گومانکردن و بێمتمانەیی بوو، کاتێک ئەردۆغان جگە لە پۆستی سەرۆک کۆمار، بووە سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان، کە ئەوەش پۆستی ئۆغڵۆ بوو.
لە ئێستادا پەیوەندی نێوانیان بەتەواوەتی پچڕاوە و لەلایەک ئەردۆغان، ئەحمەد داود ئۆغڵۆ و هاوپەیمانەکانی بە ناپاک ناوەدەبات ولەبەرانبەریشدا ئەحمەد داود ئۆغڵۆ ڕەخنە دەگرێت لە شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان و دەستێوەردانی لە کاری دامەزراوە حکومییەکان.
ناکۆکی نێوان ئەو دوو کەسایەتیە چووەتە ئاستێک، کە تەنانەت لە هەژدەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دادوگەشەپێداندا کە ئەحمەد داود ئۆغڵۆ یەکێکە لە دامەزرێنەرانی، وێنەی ئەو لە گرتە ڤیدیۆییەکانی ڕابردوودا سڕدراونەتەوە، کە ئەوەش ئۆغڵۆی توڕەکردووە و ئاماژەی بەوەکردووە، پارتی داد و گەشەپێدان دەستیکردووە بە سڕینەوەی مێژووی خۆی و سڕینەوەی خۆی.
سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە، ماوەی نێوان مانگی حوزەیران تا تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ مەترسیدارترین و سەختترین ماوەی سیاسی بووە لە مێژووی تورکیا کە تیایدا پارتی دادوگەشەپێدانی دەسەڵاتدار، وەک ئاماژەیەک بۆ زیندانیکردنی سەرۆک و ژمارەیەک ئەندامی (هەدەپە) بە تۆمەتی پشتگیریکردنیان لە تیرۆر، لەگەڵ پەیڕەوکردنی سیاسەتی هەڵەی ئابوری و ئەو کۆت و بەندانەی بەسەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن سەپاندوویەتی.
ئەو لێدوانانەی ئۆغلۆ هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ ڕاگەیاندنی حزبى نوێ لەلایەن ئەحمەد داود ئۆغڵۆ و عەلی باباجان وەزیری ئابوری پێشووی تورکیاوە.
چاوەڕوانیش دەكرێت زۆر كەسی ئەكادیمست و دیار و بەرچاو، هاریكاری ئۆغڵۆ و باباجان بن، کە دیارترینیان عەبدوڵا گول سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیایە، کە ئەوەش پارتی داد و گەشەپێدانی ترساندووە، بەتایبەتی لای رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پارتەكە کە ئەوانەی بە ناپاک ناوبردووە و لە میدیاکانیش سانسۆر خراونەتە سەر كار و چالاكی و لێدوانەكانی ئەوان و لە لایەن میدیاكانی سەر بە حكومەتیشەوە پەراوێزخراون.
شەڕى ڕاگەیاندنی نێوان ئەردۆغان و ئۆغڵۆ لەکاتێکدایە، پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار لەدوای ١٥ ساڵ قۆرخکردنی دەسەڵات، دووچاری یەکەم شکست هات، کاتێک لەهەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی ڕابردوودا کاندیدەکانی بۆ پۆستی سەرۆک شارەوانی پارێزگاکانی ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە و ئیزمیر کە گەورەترین شارەکانی تورکیان بەرانبەر کاندیدەکانی پارتی ئۆپۆزسیۆنی گەلی کۆماریی دۆڕاندیان.