سەردێڕ:

ئەمازۆن.. لە هەر خولەکێکدا سەدان درەخت دەسوتێن

فۆتۆ: 
2019-08-24

6783 جار خوێندراوەتەوە

لە هەر خولەکێکدا سەدان درەخت لە دارستانە چڕەکانی ناوچەی ئەمازۆن دەسووتێن و لەژێر فشاری نێودەوڵەتیشدا سەرۆکی بەڕازیل سوپای وڵاتەکەی بە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکان راسپارد و سەرۆکی فەڕەنساش دەڵێت، ئەوەی کە ئێستا دەسوتێت، سووتانی ئۆکسجینی سەر ڕووی زەوییە.


لە هەر خولەکێکدا سەدان درەخت لە دارستانە چڕەکانی ناوچەی ئەمازۆن دەسووتێن و لەژێر فشاری نێودەوڵەتیشدا سەرۆکی بەڕازیل سوپای وڵاتەکەی بە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکان راسپارد و سەرۆکی فەڕەنساش دەڵێت، ئەوەی کە ئێستا دەسوتێت، سووتانی ئۆکسجینی سەر ڕووی زەوییە.

تا دێت ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی ئەمازۆن کە زیاتر لە دوو هەفتەیە بەردەوامە، مشتومڕی زیاتری لێدەکەوێتەوە و هەریەک لە فەڕەنسا و ئیرلەندا هەڕەشەی ئەوەیان کردبوو کە ئەگەر سەرۆکی بەرازیل بەرامبەر ئاگرەکەی ئەمازۆن خەمسارد بێت، سزای ئابوری بەسەر ئەو وڵاتەدا دەسەپێنن، کە ئەوەش ناچاری کرد سوپا بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان بەکاربهێنێت.

گرنگی دارستانە چڕەکانی ئەمازۆن لەوەدایە، پارێزگاریی لە هاوسەنگی ژیان لەسەر ڕووی زەوی دەکات، بەو پێیەی بەرپرسی یەکەمە لە هەڵمژینی ڕێژەیەکی زۆر لە غازی زیانبەخشی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و گۆڕینی بۆ غازی ئۆکسجین، کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە لە کرداری هەناسەدان و دوکەڵی ئۆتۆمبیل وکارگەکانەوە دروست دەبن.

ڕووبەری ئەمازۆن نزیکەی ٧ ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، کە لەو رووبەرە ٥ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کیلۆمەترچوارگۆشەی دارستانە، کە دەکاتە هەشت هێندەی ڕووبەری وڵاتێکی وەک فەڕەنسا.

ئەگەرچیش زۆربەی دارستانەکانی ئەمازۆن دەکەوێتە بەڕازیلەوە کە دەکاتە ٦٠% ی کۆی دارستانەکان، بەڵام ٤٠% ی دەکەوێتە وڵاتانی بۆلیڤیا و پیرۆ و ئیکوادۆر و کۆڵۆمبیا و ڤەنزوێلا و گۆیانای فەڕەنسییەوە.

بەڵام ئاگرەکەی ئێستا زۆربەی کەوتووەتە خاکی بەڕازیلەوە و بە بەروارد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا دوو هێندە زیاترن، لە بۆلیڤیاش تەنها لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی ٥٠٠ هەزار دۆنم لە دارستانەکانی ئەمازۆن سووتاون.

ئەمازۆن زیاتر لە ٤٠٠ ملیار درەختی لەخۆگرتووە، بەو واتایەی هەر مرۆڤێک لەم جیهانەدا لانی کەم ٥٠ درەختی لە ئامازۆن بەردەکەوێت، هەر بۆیە ئەگەر لەناوبچن کاریگەریی پەنگخواردنەوەی پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی مەترسیدار زیادەکات و دەبێتە کێشەیەکی جیهانی.

یەکێک لەو کێشە بەردەوامانەی کە دووچاری دارستانەکانی ئەو ناوچەیە دەبێتەوە کە گرنگترینیان سوتانی بەشێکە لە دارستانە چڕەکانێتی لەو وەرزانەی بارانبارین کەمدەبێتەوە،  پێشێلکاریی بازرگانانی تەختەیە کە بەشێوەیەکی نایاسایی دەبڕدرێنەوە و لەجێگەیاندا ڕووەکی بەرهەمهێنی ماددە سڕکەرەکان دەچێندرێن.

ئەمازۆن بەوە ناسراوە کە ناوچەیەکی گونجاو و پارێزراوە بۆ زۆرترین بوونەوەرەکانی سەر گۆی زەوی، کە بووەتە نیشتیمانێکی بۆ جۆرەها باڵندە و ڕووەک و گیانلەبەر کە لەو جێگەیدا نەبێت لە هیچ ناوچەیەکی تری جیهاندا بوونیان نیە و هەندێکیشیان بەهۆی چالاکییە مرۆییەکان و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە بەرە قڕبوون دەچن.

ڕووباری ئەمازۆن کە درێژییەکەی شەش هەزار و ٦٠٠ کیلۆمەترە و سەدان لق و جۆگەلەی لێدەبێتەوە، کە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی ناوچەی ئەمازۆن کە تیایدا زۆرترین جۆری ماسی ئاوە سازگارەکان دەژین.

هەر بۆیە  پسپۆڕانی بواری ژینگە پێیان وایە، ئەگەر چی دارستانەکانی ئەمازۆن لە زۆرێک لە وڵاتانەوە دوورە، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت کە کاریگەریی بۆ سەر ئەو وڵاتانە نیە، چونکە ئەو ڕووبەرە سەوزە کە ئێستا دووچاری کارەساتی ئاگرکەوتنەوە بووە، پاڵپشتێکە بۆ ژیانی مرۆڤایەتی لەسەر ڕووی زەوی.