لەدوای چەند هەفتەیەک لە جموجوڵی سەربازیی سوپاکانیان لە ناوچەکە، ئێستا هەوڵێک لەئارادایە بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەی سیاسی لە نێوان تاران و واشنتۆندا.
لەدوای چەند هەفتەیەک لە جموجوڵی سەربازیی سوپاکانیان لە ناوچەکە، ئێستا هەوڵێک لەئارادایە بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەی سیاسی لە نێوان تاران و واشنتۆندا.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵی ئەمریکی ئاشکرایکرد، هەوڵە دیپلۆماسییەکە لە چەند پایتەختێکی وڵاتانی ئەوروپا و عەرەبی دەستیانپێکردووە، بۆ هێورکردنەوەی کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و ڕێگرتن لە بەرپابوونی جەنگ لە ناوچەی کەنداو، کە دەوڵەمەندە بە نەوت.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، دەسەڵاتدارانی ئێران خواستی خۆیان بە ژمارەیەک دیپلۆماتکاری ئەوروپی ڕاگەیاندووە، بۆ سوککردنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر هەناردەی نەوتی ئێران، پێش ئەوەی باس لە کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوانیان بکرێت.
تا ئێستاش هیچ ئاماژەیەک نییە بەوەی ئیدارەی ئەمریکا ئەو داواکارییەی تاران جێبەجێ بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا هیواخوازە ئێران یەکێک لەو چوار ئەمریکییە ئازاد بکات، کە لە زینداندان تا متمانە بەو وڵاتە بکەن.
ڕۆژنامەکە ڕوونیکردەوە، بەرپرسانی ئەمریکا پێیانوایە ئەگەر ئێران وەک کۆریای باکور بکات، کاتێک بارمتە ئەمریکییەکانی ڕادەستی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە کرد، کە دواتر بووە پاڵنەرێک تا لە دوای مانگێک سەرۆکی هەردوو وڵات لە سەنگاپورە کۆببنەوە، ئەوا پێدەچێت ببێتە هۆی دامرکانەوەی ئاڵۆزییەکان.
عێراقیش کە لە یەک کاتدا هاوپەیمانی ئەمریکا و ئێرانە، لە هەوڵی ئەوەدایە لە ئاگری هەڵگیرسانی جەنگ بەدووربێت و بۆ ئەو مەبەستەش نێوەندگیریی لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەکات.
لەو چوارچێوەیەشدا عادل عەبدولمەهدى ڕایگەیاند، وڵاتەکەی چەند شاندێک ڕەوانەی تاران و واشنتۆن دەکات تا پەیامی هەردوو لایان ئاراستەی یەکتر بکرێن.
جگە لە عێراقیش سوڵتاننشینی عومان لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هەردوولا کە پێشتریش ڕۆڵی لە گەیشتن بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە و چاوپێکەوتنی وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و ئێراندا گێڕابوو.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئێران هەڕەشە دەکات و حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئەو وڵاتە دەڵێت، ئەمریکا ناتوانێت وڵاتەکەی بە چۆکدا بهێنێت.
هاوکات حیشمەتوڵا فەلاحەت سەرۆکی لیژنەى ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران ئاشکرایکرد، پەیامی ئەوەیان بە ئەمریکا گەیاندووە، کە ھیچ لایەنێک براوە نابێت لە ھەر جەنگێکی دژبە ئێراندا، بەڵام دۆڕاوەکان زۆر دەبن.
عەزازی مەلەکی پەرلەمانتاری ئێرانیش ئاشکرایکرد، محەمەد جەواد زەریف لەگەڵ چەند سیناتۆرێکی دیموکراتەکانی ئەمریکادا گفتوگۆی کردووە و ئەوەش بە پێشێلکردنی ڕێنماییەکانی عەلی خامنەیی ڕابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دادەنێت.
لە وەڵامیشدا سەید عەباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوە کرد، ماوەی ٢٠ ڕۆژە لەگەڵ ئەو سیاسەتمەدار و ئەندامانەی کۆنگرێس کە لەناو حکومەتی ئەمریکادا نین، لە گفتوگۆدان و بۆچوونەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکەن.
ئ.ر