ئۆكرانیا به وڵاتی سەپرایزە سیاسییهكان ناسراوه، لە هەمان کاتیشدا دانیشتوانەکەی بەوە ناسراون کە له بچووكترین ههڵه نابورن، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەشدا خەڵکى ئۆکرانیا ئەکتەرێکی کۆمیدییان بە سەرۆک هەڵبژارد کە بەڵێنی داوە ڕووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە و دەسەڵاتی سەرمایەداران کەم بکاتەوە.
ئۆكرانیا به وڵاتی سەپرایزە سیاسییهكان ناسراوه، لە هەمان کاتیشدا دانیشتوانەکەی بەوە ناسراون کە له بچووكترین ههڵه نابورن، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەشدا خەڵکى ئۆکرانیا ئەکتەرێکی کۆمیدییان بە سەرۆک هەڵبژارد کە بەڵێنی داوە ڕووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە و دەسەڵاتی سەرمایەداران کەم بکاتەوە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی بە بەدەستهێنانی ٧٣,٢% ی دەنگەکان، توانی بەسەر ڕکابەرەکەیدا پترۆ بۆرۆشنکۆ سەربکەوێت کە لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە دەسەڵاتی گرتووەتە دەست.
ئەم ئەکتەرە کۆمیدیە لەهەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا بێزاریی گەلی ئۆکرانیای لەبەرامبەر بەرپرسە گەندەڵ و نەشیاوەکانی وڵات وەک هەلێک قۆستەوە تا خۆی وەک ڕزگارکەرێک نیشان بدات.
لایەنگرانی زیلینسکی پێیانوایە کەسایەتییەکی سیاسی سەرکەوتوو دەبێت کاتێک دەبێتە سەرۆک، هەرچی نەیارەکانیشێتی دەڵێن، پرۆگرام و پلانەکانی بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان کە لە حاڵەتی جەنگدایە لەگەڵ ڕوسیا تەمومژاوییە و خودی خۆشی کەسێکی بێ ئەزموونە.
بەڵام وێڕای ڕەخنەکان، ئامادەیی نیشانداوە بە بەشداریی ئەمریکا دانوستان لەگەڵ ڕوسیادا بکات بە ئاڕاستەی گەیشتن بە ئاگربەست، لەیەکەم کاردانەوەشدا دیمتری مێدڤێدێڤ سەرۆک وەزیرانی ڕوسیا بەهەمان شێوە ئامادەیی خۆی نیشانداوە لەکاتی دەسەڵاتی زیلینسکیدا هەردوو وڵات ڕێککەوتنی ئاشتی واژۆ بکەن.
ئەم ئەکتەرە کۆمیدیە، بەڵێنیشی داوە ڕووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە و دەسەڵاتی سەرمایەداران لە ئۆکرانیا کەم بکاتەوە، کە بەشێک لە چاودێران بە گومانەوە تەماشای ئەو بەڵێنەی دەکەن بەو پێیەی زێلێنسکی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ یەکێک لە ملیاردێرەکانی وڵاتەکەدا هەیە بەناوی ئیهۆر کۆلۆمیسکی.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک لە سەرەتای ئەمساڵدا خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کاندیدکرد، خەڵکی بە گاڵتەجاڕ ناویان دەبرد، ئەوەشى بە جێگەی شانازى ناوبردووە نەوەک شەرم.
ئەوەش کە جێگەی سەرنجە، پێشتر زیلینسکی سەرۆک بووە، بەڵام لە ناو زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنی بەناوی (خزمەتکاری گەل)، کە تیایدا ڕۆڵی مامۆستایەکی مێژوو دەگێڕێت و لەناکاو و لە هەڵبژاردنێکدا پۆستی سەرۆکی وڵاتەکەی بەدەستدەهێنێت.
زیلینسکی لەسەر ئاینی جولەکەیە و لە شاری (کریفی) لە ناوەڕاستی ئۆکرانیا لەدایکبووە و بڕوانامەی یاسای هەیە، ساڵانێکیشە لە ڕێگەی نمایشە کۆمیدییەکانی و فیلمە میلییەکانیەوە لە ئۆکرانیا و ڕوسیا لەناو خەڵکدا ناسراوە.
لەلایەکی ترەوە پێترۆ پۆرۆشێنکۆ سەرۆکی ئۆکرانیا کە ملیاردێرێکی ئۆکرانیایە و بە شای شوکولاتە بەناوبانگە، دانی نا بەشکستەکەی، بەڵام جەختی کردەوە گۆڕەپانی سیاسی جێناهێڵێت.
بۆرۆنشکۆ سامانەکەی لە ڕێگەی بازرگانیکردن بە شیرینی دەستکەوتووە و بە پێنجەم ملیاردێری وڵاتەکەی پۆلێنکراوە، هەر لەکاتی دەسەڵاتی ئەویشدا بوو کە نیمچە دوورگەی کرمیە لکێندرا بە ڕوسیاوە.
ئ.ر