سەردێڕ:

جەمیلە بوحیرد ئەو ژنەى بووە سیمبولی خۆڕاگری و تێکۆشانی جەزائیرییەکان

جەمیلە بوحیرد
فۆتۆ: میدیا جیهانییەکان
2019-03-02

3474 جار خوێندراوەتەوە

"بۆئەوەی بوونمان هەبێت، دەبێت لێبڕاوانە و بە ڕاشکاوی خواستی خۆمان دەستنیشانبکەین، ئاخر چارەسەری مامناوەندی خودى مرۆڤ تێکدەشکێنێت." ئەمە وتەى ژنە تێکۆشەرى جەزائیرى جەمیلە بوحیردى تەمەن ٨٣ ساڵە، کە لە خۆپیشاندانەکەى دوێنێدا دژى هەڵبژاردنەوەى عەبدولعەزیز بۆتەفلیقەى سەرۆکى جەزائیر بۆ جارى پێنجەم هاتە سەر شەقام و پشتگیریی لە داواى خۆپیشاندەران کرد و جۆش و خرۆشێکى زۆرى بەخشی بە خۆپیشاندەران.


"بۆئەوەی بوونمان هەبێت، دەبێت لێبڕاوانە و بە ڕاشکاوی خواستی خۆمان دەستنیشانبکەین، ئاخر چارەسەری مامناوەندی خودى مرۆڤ تێکدەشکێنێت." ئەمە وتەى ژنە تێکۆشەرى جەزائیرى جەمیلە بوحیردى تەمەن ٨٣ ساڵە، کە لە خۆپیشاندانەکەى دوێنێدا دژى هەڵبژاردنەوەى عەبدولعەزیز بۆتەفلیقەى سەرۆکى جەزائیر بۆ جارى پێنجەم هاتە سەر شەقام و پشتگیریی لە داواى خۆپیشاندەران کرد و جۆش و خرۆشێکى زۆرى بەخشی بە خۆپیشاندەران.

جەمیلە بوحیرد، ناوێکى دیارى مێژووى خەباتگێڕى جەزائیرە و جەزائیرییەکان پێى دەڵێن، هاوڕێى دوێنێ و دوژمنى ئەمڕۆ، جەمیلە لە تەمەنى نۆزدە ساڵیدا بەرەى ئازادى نیشتیمانى جەزائیرى دروستکردووە و چووەتە ڕیزى خۆبەختکارانى وڵاتەکەیەوە و دژى داگیرکارى فەڕەنسا لە وڵاتەکەى خەباتى چەکدارى کردووە.

لە ساڵى ١٩٥٧دا جەمیلە لەلایەن فەڕەنسییەکانەوە بە بریندارکراوى دەستگیرکراوە و بۆ ماوەى سێ ساڵ زیندانى کراوە.

جەمیلە بوحیرد بەهۆى هەڵوێست و بەرخودانەکانییەوە بۆ ئازادى وڵاتەکەى، بووەتە سیمبولى خۆڕاگرى و تێکۆشان لەسەر ئاستى وڵاتەکەى  جیهانى عەرەبى، تەنانەت کامەران موکرى شاعیر لە ساڵى ١٩٥٨دا لە شیعرێکدا بەناوى بۆ جەمیلە دەڵێت-

ئەی باڵندەی ھەستم بە گوڕ

بفڕە بۆ ناو بڵێسە و گڕ

بۆ جەزائیر، خاکی ژیلە

بڵێ بە خوشکە جەمیلە

سڵاوی گردەکەی سەیوان

سڵاوی گەرمی نیشتمان

پێشکەش بە تۆ، ئەی کچی لاو

ئەی پەروەردەی گڕ و خوێناو

ئەی جەمیلە

سڵاو لە ئاگر و ژیلە

لە هەرێمى کوردستاندا بە هەزاران کوڕ و کچى شۆڕشگێڕى هاوشێوەى جەمیلە بوحیردى جەزائیرى بوونیان هەیە، کە لەساڵانى ڕابردوودا دژى ستەمى حکومەتە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق و حزبی بەعس خەباتیان کردووە و بۆ ئازادى نیشتیمان تێکۆشاون.

پێشمەرگە خەباتگێڕە دڵسۆزەکانى ناوەڕاست و کۆتاییەکانى سەدەى ڕابردوو لە کوردستاندا کە دڵسۆزانە لەپێناوى ئازادى وڵات و خۆنەویستانە بۆ بەدیهێنانى مافەکانى گەلەکەیان و دادپەروەرى بۆ نەتەوەکانى داهاتوویان چەکى شۆڕشیان کردووەتە شان و خەباتى چەکدارییان لەدژى ستەم و داگیرکاریى کردووە.

پێشمەرگە دێرینەکانیش هەرێمى کوردستاندا، کە سیمبولى بەرخودانن لە مێژووى بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى گەلى کورد دا، لە ئێستادا بەهۆى سیاسەتى گەندەڵکارانەى دوو بنەماڵەوە، لە ژیانێکى ناشایستەدا تەمەنى پڕ قوربانیدانیان دەگوزەرێنن.

پێشمەرگە دێرینەکان بەهۆى سیستمى پاشەکەوتى مووچەوە، تا ئێستا چارەکە مووچەى ١٦ مانگیان پێنەدراوە، کە لە بەرامبەر بەدەستهێنانى ئازادى نیشتیمان و دروستبوونى حکومەت و دەسەڵات پێیان دەدرێت.

بەشێک لە پێشمەرگە دێرینەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئەوان خەباتیان بۆ خۆدەوڵەمەندکردنى بەرپرسەکان و کولەمەرگى ژیانى خۆیان نەکردووە.

هاوکات بەشێک لە چاودێرانى سیاسیی لە هەرێم دەڵێن، بە هەزاران خەباتگێڕى هاوشێوەى جەمیلە لە ناو پێشمەرگە دێرینەکاندا بوونیان هەیە کە چاوەڕوانى ئەوەن خۆپیشاندانێکى تەندروست و هێمنانە لە هەرێمدا دروستببێت و ئەوانیش داواى مافى زەوتکراوى خۆیان لەو دەسەڵاتە بنەماڵەییەى هەرێم بکەن، کە بە خوێن و ماندوبوونى ئەوان چوونەتە دەسەڵات  لە ئێستاشدا مانگانە چارەکە موچەیەکیان پێ ڕەوا نابینن.