سەردێڕ:

کۆنگرێسی ئەمریکا دژبە پلانێکى دۆناڵد ترەمپ وەستایەوە

لەسەر  کشانەوەی سوپاکەیان لە سوریا و ئەفغانستان
کۆنگرێسی ئەمریکا
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-02-01

3871 جار خوێندراوەتەوە

لەسەر پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و ئەفغانستان، کۆنگرێس جارێکی تر دژبە پلانەکانی دۆناڵد ترەمپ وەستایەوە.


لەسەر پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و ئەفغانستان، کۆنگرێس جارێکی تر دژبە پلانەکانی دۆناڵد ترەمپ وەستایەوە.

لە پرۆسەیەکی دەنگداندا کە لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بەڕێوەچوو، زۆربەی کۆمارییەکان پشتگیرییان لە هەموارکردنەوەکەی سیناتۆر (میچ ماکۆنێڵ) کرد، کە دژایەتی پلانەکانی دۆناڵد ترەمپ دەکات بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا و کەمکردنەوەی بۆ نیوە لە ئەفغانستان.

لە پرۆسەکەدا ٦٨ ئەندامی ئەنجومەنەکە پشتگیرییان لە هەموارکردنەوەی یاسای سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کرد و دژبە ترەمپ وەستانەوە.

بەپێی هەموارکردنەوەکە، چالاکییەکانی داعش لە سوریا و ئەفغانستان هێشتا مەترسیی ڕاستەقینەیان بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا هەیە و، هۆشداری دراوە لە دووبارە خۆڕێکخستنەوەی چەکدارەکان ئەگەر سوپای ئەمریکا پاشەکشە بکات، کە ئەوەش ڕێگە بۆ ڕوسیا و ئێران زیاتر خۆشدەکات دەستوەربدەنە کاروباری ناوخۆی ئەو دوو وڵاتە.

ئەگەرچیش دەنگدانەکە ڕێگە لە سەرۆکی ئەمریکا ناگرێت پلانەکانی بە کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا و ئەفغانستان جێبەجێ بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگدانەوەیەکە بۆ ناڕەزایەتی زۆربەی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا لەسەر سیاسەتەکانی ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەم هەوڵەى کۆنگرێس بە دووەم هەڵوێستى یاسایی دادەنرێت دژى بڕیارەکانى دۆناڵد ترەمپ تایبەت بە سیاسەتى دەرەوەى وڵاتەکەى.

لەلایەکی ترەوە جۆن کینیدی سیناتۆری کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیران پڕۆژەیەکی هەموارکراوی خستووەتەڕوو، کە تیایدا ڕێگە بە بەکارهێنانی هێز دەدرێت بۆ پاراستنی کوردەکانی ڕۆژئاوا، کە بە وتەی ئەو ئەرکێکی ئەخلاقییە بۆ ئەمریکا پارێزگاری لە هاوپەیمانەکانی بکات.

بەپێی پرۆژەکەی کینیدی، دۆناڵد ترەمپ مافی ئەوەی دەبێت سوپاکەی بۆ بەرگریکردن لە کوردانی ڕۆژئاوا بەکاربهێنێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەگەرەکانی بەکارهێنانی هێز لەلایەن تورکیا و هاوپەیمانەکانی لەلایەک و سوپای سوریاش لەلایەکی تر، بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە زیادبووندایە.

بۆ ئەو مەبەستەش ماوەی هەفتەیەکە ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لە واشنتۆنە و لە سەردانەکەیشیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و ژمارەیەک ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا و بەرپرسانی ئیدارەی کۆشکی سپی و بەرپرسانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکادا کۆبووەتەوە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە هەوڵەکان بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لە باکوری سوریا بە توندی لەلایەن هەسەدە و ڕوسیاوە ڕەتکراوەتەوە و هەفتەی ڕابردووش شاندێکی هەسەدە بۆ ڕێگرتن لە دروستکردنی ئەو ناوچەیە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی سوریا لە شاری دیمەشق کۆبوونەوە.

ع.ا