ناکۆکی و ململانێکانی ئێران و ئیسرائیل قۆناغێکی نوێی بەخۆوە بینیوە و ئیسرائیل بەشێک لە پێگە و بنکە سەربازییەکانی تارانی لە دیمەشق بۆردومان کرد و ئێرانیش هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسرائیل دەکات.
ناکۆکی و ململانێکانی ئێران و ئیسرائیل قۆناغێکی نوێی بەخۆوە بینیوە و ئیسرائیل بەشێک لە پێگە و بنکە سەربازییەکانی تارانی لە دیمەشق بۆردومان کرد و ئێرانیش هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسرائیل دەکات.
شەوی یەکشەممە لە ڕێگەی فڕۆکەی جۆری ئێف ١٦وە هێزی ئاسمانی ئیسرائیل زیاتر لە ٣٨ موشەکی ئاڕاستەی سوریا کرد بەهۆیەوە چوار سەرباز کوژران و شەش سەربازیی دیکەش برینداربوون.
لە بەرامبەردا سوپای سوریا ڕایگەیاند، سیستمی بەرگری ئاسمانی سوریا زۆربەی موشەکەکانی تێکشکاندووە کە ٣٨ موشەک بووە.
هاوکات سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، چەند پێگەیەکی فەیلەقی قودسی ئێرانییان لە ناو خاکی سوریا بۆردومانکردووە و هۆشداریشی داوەتە سوپای سوریا لە هەر هێرشێک بۆ سەر ئیسرائیل.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەرامبەر کەوتنە خوارەوەی موشەکێکی زەمین بە زەمینی لە ناو خاکی ئیسرائیل، موشەکەکانیان ئاڕاستەی سوریا کردووە و سیاسەتیشیان ڕوونە و بەردەوامدەبن لە بۆردومانکردنی هەموو پێگەکانی ئێران لە ناو سوریادا.
لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدا فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئێران وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیلی دایەوە بۆ سەر سوریا و ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئیسرائیل و لەناوبردنی.
عەزیز نەسیر زادە باسی لەوەشکرد، ئێسرائیل ناتوانێ هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەی و ئامادەن بۆ هەر هێرش و ڕوبەڕووبوونەوەیەک.
هاوکات بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەو بارەیەوە ووتی، ئەوەی بیەوێت وێرانیان بکات دەبێت بەرپرسیارییهتی سزای گشتی وەربگرێت.
لەلایەکی دیکەوە وەزیری دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەکەی چووهتە ناو ڕووبەڕووبونەوەیەکی ئاشکرای ئێران و ڕێگەش نادات سەربازی ئێرانی لە ناو سوریا بوونی هەبێت.
وتیشی، تەل ئەبیب ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران هەر کاتێک بڕیار بدرێت، هێرشە موشەکیەکانی ئەم دوایەش ئاماژەیە بۆ ئەو شەڕە و دژی قاسم سولەیمانی.
25ی مانگی ڕابردوو فڕۆکە سەربازیەکانی ئیسرائیل ١٠ موشەکیان ئاڕاستەی بنکە سەربازیەکانی سوریا کرد لە ڕۆژئاوای دیمەشق و لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانی سوریاوە هەشت موشەکیان تێکشکان.