سەردێڕ:

پەرلەمانی بەریتانیا دووبارە متمانەی بە سەرۆک وەزیران بەخشییەوە

پەرلەمانی بەریتانیا دووبارە متمانەی بە سەرۆک وەزیران بەخشییەوە
فۆتۆ: 
2019-01-18

3990 جار خوێندراوەتەوە

​سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا داوای یەک هەڵوێستی و پێکەوە کارکردن لە پەرلەمانی وڵاتەکەی دەکات لە پێناو گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ دەرچوونی وڵاتەکەی لە یەکێتی ئەوروپا و سەرۆکی پارتی کرێکارانیش گومانی هەیە.


سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا داوای یەک هەڵوێستی و پێکەوە کارکردن لە پەرلەمانی وڵاتەکەی دەکات لە پێناو گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ دەرچوونی وڵاتەکەی لە یەکێتی ئەوروپا و سەرۆکی پارتی کرێکارانیش گومانی هەیە.

 لەدوای دووبارە پێدانەوەی متمانە بە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و حکومەتەکەی، تێرێزا مەی بە پێویستی زانی پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی بەرژەوەندی تایبەتییان وەلا بنێن و بەشێوەیەکی بونیادنەر کاربکەن تا ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەکی گونجاو جێبەجێ بکرێت.

تێرێزا مەی باسی لەوەشکرد، بە ئاڕاستەی ئەو بەڵینانەی کە داویەتی بە گەلەکەی، ئەنجامی ڕاپرسی دەرچوونی وڵاتەکەی لە یەکێتی ئەوروپا جێبەجێ دەکات.

لەدوای پرۆسەی دەنگدانەکەش، تێرێزا مەی چاوی بە سەرۆکی ژمارەیەک پارتی سیاسی کەوت، بەڵام جێرمی کۆربین سەرۆکی پارتی کرێکارانی تیادا نەبوو، کە ئەوەش تێرێزا مەی نیگەران کرد.

لە بەرانبەریشدا کۆربین جەختی کردەوە، پێش هیچ گفتوگۆیەک پێویستە لەسەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئەگەری دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بە بێ ڕێککەوتن بە دوور بزانێت.

لە ئێستاشدا سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا هەوڵەکانی بە ئاڕاستەی خۆنزیککردنەوە لە ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی دەبێت تا متمانەیان پێبکات گفتوگۆ بکەن بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی وڵاتەکەی تووشی بووە، بە تایبەتی پارتی کرێکارانی بەریتانیا کە بەردەوام تێرێزا مەی بە شکستخواردوو ناودەبات و داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەکات.

لەو چوارچێوەیەشدا باسی لەوەکرد، لە دوای دوو ساڵ و نیو ئێستا کاتی کۆبوونەوە و بەیەکگەیشتن و پێشخستنی بەرژەوەندی وڵات و بەدیهێنانی ئەنجامی ریفراندۆمەکەیانە، کە زۆرینەی بەریتانییەکان بە جیابوونەوەی وڵاتەکەیان لە یەکێتی ئەوروپا دەنگیاندا.

ئەوە لە کاتێکدایە بڕگەکانی ڕێککەوتنی (برێگزیت) لە ٢٩ ی مانگی ئازاری داهاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ٣١ ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ یشدا قۆناغی گواستنەوە کۆتایی دێت و پەیوەندییە ئابوری و سیاسییەکانی نێوان بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا دەچنە قۆناغێکی نوێوە.

هەر بۆیە ئەو پێشهاتانە تێرێزا مەی ناچاردەکات پلانێکی نوێ تا ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو ئامادە بکات و دواتریش سەرلەنوێ هەوڵ بداتەوە دانوستان لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا بکات، ئەگەرچی خودی ئەو سەرکردانە جەخت دەکەنەوە کە لەدوای ١٧ مانگ دانوستان، تەنها پلانە کۆنەکە بە پەسەند دەزانن.

ئ.ر