سەردێڕ:

تڕەمپ هەڕەشەی وێرانکردنی ئابوریی تورکیا دەکات ئەگەر کوردی ڕۆژئاوا بکاتە ئامانج

تڕەمپ هەڕەشەی وێرانکردنی ئابوریی تورکیا دەکات
فۆتۆ: 
2019-01-14

11183 جار خوێندراوەتەوە

لە نوێترین هەڵوێستی ئەمریکادا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا، دۆناڵد تڕەمپ دەڵێت، ئابوریی تورکیا وێراندەکەن، ئەگەر هێرش بکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، داواشی لە کوردی ڕۆژئاوای کوردستان کرد، گێچەڵ بە تورکیا نەکەن و توڕەی نەکەن.


لە نوێترین هەڵوێستی ئەمریکادا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا، دۆناڵد تڕەمپ دەڵێت، ئابوریی تورکیا وێراندەکەن، ئەگەر هێرش بکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، داواشی لە کوردی ڕۆژئاوای کوردستان کرد، گێچەڵ بە تورکیا نەکەن و توڕەی نەکەن.

سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە قوڵایی ۲۰ میل ناوچەی دژە فڕین بۆ پاراستنی کوردەکان دروستدەکەن، بەبێ ئەوەی شوێنی ناوچە ئارامەکە یان کاتی بونیادنانی یان کێ خەرجییەکەی دەدات ئاشکرا بکات.

ئەوەش دڵنیاییەکە بۆ کوردەکان بەوەی ئەمریکا ڕێگریی لە هێرشکردنە سەر ناوچەکانیان لەلایەن سوپای تورکیا و چەکدارە هاوپەیمانەکانیانەوە دەکات.

سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش لە سوریا، سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردەوە، سەربازەکانیان دەستیانکردووە بە کشانەوە، بەڵام لە بنکەکانی وڵاتانی دراوسێوە بەردەوام دەبن لە لێدانی داعش، ئەگەر مەترسی دروستبکەن.

تڕەمپ باسی لەوەش کرد، جگە لە وڵاتەکەی، ڕوسیا و ئێران و سوریا زۆرترین سوودیان بینیوە، لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ تێکشکاندنی داعش لە سوریا و ئێستاش کاتی ئەوەیە هێزەکانیان بۆ نیشتمان بگەڕێننەوە.

تورکیا لە ماوەیەکی کورتدا وەڵامی تویتەکەی تڕەمپی دایەوە و ئیبراهیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا داوای لە تڕەمپ کرد هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان نەکاتە دۆست و هاوپەیمانی وڵاتەکەی و، چاوەڕێی ئەوە دەکەن واشنتۆن ڕێز لە هاوپەیمانێتی ستراتیجی نێوان تورکیا و ئەمریکا بگرێت.

کاڵن جەختیکردەوە، تورکیا جیاوازی لە نێوان پەکەکە و پەیەدە و یەپەگە و داعشدا ناکات و لە دژی هەموو ئەو هێزانە شەڕ دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتەکەی پشتگیریی لە پێکهێنانی ناوچەیەکی ئارام لە باکوری سوریا دەکات.

ئه‌وەش لەکاتێکدایە کە یه‌كه‌مجاره‌ له‌پێناو پاراستنی كورد و كوردانی سوریا، دۆناڵد تڕه‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا به ‌شێوه‌یه‌كی ‌ڕاسته‌وخۆ هه‌ڕه‌شه‌ی تێكدان و ده‌ستوه‌ردانی ئابوری له‌ توركیا بكات.

وتەکانی تڕەمپیش هاوکاتە لەگەڵ هەڕەشە بەردەوامەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا، بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە منبج و ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات، کە ئەوەش لەلایەن ئەمریکاوە ڕەتدەکرێتەوە بەوپێیەی ئەو هێزانە ڕۆڵیان لە تێکشکاندنی داعشدا هەبووە.

ئ.ر