سەردێڕ:

وەزیری دەرەوەى ئەمریکا سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

وەزیری بەرگریی ئەمریکا سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
فۆتۆ: 
2019-01-05

3230 جار خوێندراوەتەوە

پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا وەک بڕیارێکی توند دەرکەوت و کاردانەوەکانیش زۆربوون، بەڵام لە ئێستادا جۆرێک لە پاشەکشە لە بڕیارەکە و لە کاردانەوەکاندا دەبینرێت.


پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا وەک بڕیارێکی توند دەرکەوت و کاردانەوەکانیش زۆربوون، بەڵام لە ئێستادا جۆرێک لە پاشەکشە لە بڕیارەکە و لە کاردانەوەکاندا دەبینرێت.

هەرچەندە لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئەمریکا، کۆدەنگی نییە لەبارەی بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، بەڵام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و وڵاتانی عەرەبی، نیگەرانی زۆری لێکەوتووەتەوە، بۆ هێورکردنەوەى ئەو بارودۆخەش بڕیارە نوێنەرى ئەمریکا سەردانى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی هەریەک لە وڵاتانی ئوردن، قەتەر، ئیمارات، میسر، بەحرەین، عەممان و کوێت دەکات.

لەلایەکی دیکەشەوە، جۆن بوڵتۆن ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كۆشكی سپی ڕایگه‌یاندووە، به ‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن سەبارەت بە شێوازی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و هه‌ماهه‌نگیكردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانیاندا، سه‌ردانی ئیسرائیل و توركیا ده‌كات.

لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ئەمریکا دەیەوێت ئەو ئاڵۆزییانەی دوای بڕیارەکە و بەتایبەت لە دوای دەستلەکارکێشانەوەی جەیمس ماتیس و برێت مەکگۆرک دروستبوون چارەسەر بکات.

دواى دەستلەکارکێشانەوەى ئەو دوو بەرپرسە باڵایەى ئەمریکا، واشنتۆن خەمسارد نەبوو لە دانانى کەسانى دیکە بۆ جێگرتنەوەیان و پاتریک شاناهان بە وەکالەت وەک وەزیری بەرگری دەستبەکاربوو، هاوکات جەیمس جێفری وەک نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ جەنگی دژی داعش دەستبەکاربوو.

دوای ئەو لێدوانەش کە ترەمپ تیایدا ڕایگەیاندبوو، کە هێزەکانیان بە زیرەکانە و بە خاوی دەکشێننەوە، بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وتووە، هیچ خشتەیەکى کاتى نییە بۆ کشانەوەى هێزەکانیان لە سوریا و پلانى ئەوەشیان نییە بۆ ماوەیەکى درێژ لەو وڵاتە بمێننەوە.

وتووشیەتی لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان بەردەوام دەبن لە فشارخستنە سەر داعش لە هەموو شوێنێک و هیچ بۆشاییەک بۆ چەکدارانى ئەو ڕێکخراوە جێناهێڵن.

هاوکات شۆن ڕۆبەرتسۆن وتەبێژى پنتاگۆن دەڵێت، هێزەکانى هاوپەیمانان بەردەوامن لە پاڵپشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات لە شەڕى دژى داعشدا.

ئ.ر