یەكێتی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکات، لە ساڵی ٢٠١٨، ٩٤ ڕۆژنامەنووس لە جیهاندا کوژراون.
یەكێتی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکات، لە ساڵی ٢٠١٨، ٩٤ ڕۆژنامەنووس لە جیهاندا کوژراون.
لە ئامارێکدا یەكێتی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی باس لەوە دەکات، ئەو رۆژنامەنووسانە لەكاتی بەجێهێنانی ئەركەكانیاندا بە ئەنقەست یاخود بەهۆی تەقینەوە و تەقەكردنەوە كوژراون.
ئەوەش دەخاتەڕوو، وڵاتی ئەفغانستان ترساناكترین شوێنە بۆ کاری رۆژنامەنووسی بە جۆرێک لەمساڵدا ١٦ رۆژنامەنووس لەو وڵاتە كوژراون دوای ئەو وڵاتەش مەكسیك دێت کە ١١ رۆژنامەنووس تێدا كوژراون.
هەر پێ ئامارەکەی یەكێتی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی، سوریا بە یەکێک لە وڵاتە ترسناکەکان دادەنرێت بۆ کاری ڕۆژنامەووانی کە هەشت رۆژنامەنووسی تێدا كوژراون و دوای ئەو وڵاتانەش لە هەریەك لە هندستان و پاكستان و سۆماڵ و ئەمریكا دێن کە پێنج رۆژنامەنووسی تێدا كوژراون.
رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی لە ئامارەکەیدا تیشکی خستۆتەسەر کوشتنی ڕۆژنامەنوسی سعودی جەمال خاشقچی لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە وڵاتی توركیا دەڵێت، "گیانی رۆژنامەنوسان بەردەوام لە مەترسیدایە".
لە هەرێمی کوردستانیش پێشلکاری دژی بە ڕۆژنامەنووسان لە زیادبووندایە بەپێی ئامارەکانى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان، لە ماوەی ساڵانى ٢٠٠٨-٢٠١٨، پێنج ڕۆژنامەنووس لە هەرێمى کوردستان تیرۆرکراون و ٨٩٨ حاڵەتی کوشتن و گرتن و لێدان و پێشێلکاریی بەرامبەر ١٤٤٠ ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراوە کە زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێر بووە.
هەر بەپێی ئامارەکان، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٢٢ پێشێلکاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە و زۆرترینیان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانى کەناڵی ئێن ئاڕ تی کراوە.
هــ.حــ