سەردێڕ:

سودان.. خۆپیشاندانەکان لە دژى گرانى و بێکاری و نەبوونى ئازادی بەردەوامن

خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی سودان
فۆتۆ: میدیا جیهانییه‌كان
2018-12-25

1747 جار خوێندراوەتەوە

گرانی و نەبوونی هەلی کار و کپکردنی ئازادییەکان، ماوەی شەش ڕۆژە هاوڵاتیانی سودانی هێناوەتە سەرشەقامەکان و خۆپیشدان لەدژی حکومەت دەکەن، هەرچی سوپاشە هەڵوێستی خۆی یەکلاییکردووەتەوە و بڕیاریداوە پشتگیریی لە حکومەت بکات و هێمنی لە وڵاتدا بسەپێنێت.


گرانی و نەبوونی هەلی کار و کپکردنی ئازادییەکان، ماوەی شەش ڕۆژە هاوڵاتیانی سودانی هێناوەتە سەرشەقامەکان و خۆپیشدان لەدژی حکومەت دەکەن، هەرچی سوپاشە هەڵوێستی خۆی یەکلاییکردووەتەوە و بڕیاریداوە پشتگیریی لە حکومەت بکات و هێمنی لە وڵاتدا بسەپێنێت.

بۆ شەشەم ڕۆژ لەسەریەک، خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەتی خەرتوم لە چەند ناوچەیەکی سودان درێژەیان هەیە و لە دروشمەکاندا داوای ڕوخانی ڕژێمی عەلی حەسەن بەشیر دەکرێت.

جگە لە شاری خەرتوم خۆپیشاندان لە زۆربەی ناوچەکانی تری سودان بەتایبەت لە ناوچەی کاردۆفان بەڕێوەدەچن کە تیایدا خۆپیشاندەران بارەگایەکی حزبی دەسەڵاتدار و ژمارەیەک دامەزراوەی حکومیان سوتاندووە، لە بەرانبەریشدا حکومەت ١٤ سەرکردەی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی دەستگیرکردووە.

بۆ کپکردنی دەنگی ناڕەزایی خۆپیشاندەرانیش، حکومەتی سودان هێڵەکانی ئینتەرنێتی لە سەرانسەری وڵاتەکەی ڕاگرتووە.

لە بەیاننامەیەکیشدا سوپا  پشتگیریکردنی لە حکومەتی خەرتوم ڕاگەیاند و  پێداگریی کرد لەسەر پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیان بە هەماهەنگیی لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس و دەزگای هەواڵگریی، ئەوەش دوای ئەوەی ناڕەزایەتییەكان لە خەرتووم گەیشتبووە دووریی چەند كیلۆمەترێك لە كۆشكی سەرۆكایەتی.

بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنیشەوە، باڵیۆزخانەی کوەیت لە خەرتوم داوای لەهاوڵاتیانی وڵاتەکەی کردووە  سەردانی سودان نەکەن و ئەوانەش کە لەوێن ئەو وڵاتە جێبهێڵن، کە ئەوەش نیگەرانیی حکومەتی سودانی لێکەوتووەوە.

لای خۆشیەوە سادق مەهدی سه‌رۆكى حزبى نه‌ته‌وه‌یى ئۆپۆزسیۆنی سودان ڕایگەیاند، لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە 22 كه‌س كوژراون و دەیانی تریش دەستگیرکراون، داواشی لەسەرجەم هێزە سیاسی و مەدەنییەکان کرد یاداشتێک ئاراستەی حکومەت بکەن بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە کە خۆی لە پێکهێنانی حکومەتێکی تەوافوقیدا دەبینێتەوە.

سودان لە ئێستادا ڕوبەڕوی قەیرانێكی دارایی سەخت بووەتەوە و بەهای جونەیی سودانی لە بەرامبەر دۆلاردا ٦٠ جونەیی تێپەڕاندووە، لەكاتێكدا ساڵی ٢٠١٥ بەهای یەك دۆلار تەنها ١٢ جونەی بوو، لە هەمانكاتدا حكومەت نرخی نان و پێداویستییەكانی ڕۆژانەی بە ڕێژەی ٣٥% زیادكردووە.

ئەوە لە کاتێکدایە زۆرێک لە سودانییەکان عومەر حەسەن بەشیر سەرۆکی وڵاتەکەیان بە کەسێکی تاکڕەو و دیکتاتۆر ناودەبەن کە ماوەی ٢٩ ساڵە لە ڕێگەی کودەتایەکی سەربازییەوە لەدەسەڵاتدایە، مانگی ڕابردووش سەرەڕای ئەوەی دەستوری سودان مافی خۆكاندیدكردنی بۆ جاری سێیەم پێنادات، بەڵام حزبی پارتی كۆنگرەی نیشتمانیی دەسەڵاتدار جارێكی تر عومەر بەشیری بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار كاندید كردەوە.