هەڵچوونی گڕکانێکی چالاک لە دوورگەیەکی ئەندەنوسیا و دواتر ڕوودانی تسۆنامییەکەی بەهێز، لە چەند خولەکێکدا کەشی ئارامی ناوچەیەکی ئەو وڵاتەی هەژاند و سەدان قوربانی لێکەوتەوە و ئاهەنگێکیشی کردە ماتەمینی.
هەڵچوونی گڕکانێکی چالاک لە دوورگەیەکی ئەندەنوسیا و دواتر ڕوودانی تسۆنامییەکەی بەهێز، لە چەند خولەکێکدا کەشی ئارامی ناوچەیەکی ئەو وڵاتەی هەژاند و سەدان قوربانی لێکەوتەوە و ئاهەنگێکیشی کردە ماتەمینی.
گەرووی سۆندا کە دەکەوێتە نێوان هەردوو دوورگەی جاوە و سومەترە، ناوەندی ڕوودانی تسۆنامییەکە بووە و بەوتەی دەسەڵاتدارانی جاکارتا، هەرەسهێنانی زەوی ژێر دەریا نزیک لە گڕکانەکە و پێگەی مانگ کە لەکاتی ڕووداوەکە کە لەنێوان زەوی و ڕۆژدا بووە، هۆکاری بەرزبوونەوەی زۆری شەپۆلەکانی تسۆنامییەکە بووە کە تا ٢٠ مەتر بەرزبووەتەوە.
ئاژانسی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی کارەساتە سرووشتییەکان لە ئەندەنوسیا رایگەیاند، بەهۆی تسۆنامییەکەوە ١٦٨ کەس گیانیان لەدەستداوە، ٧٤٥ ی تریش برینداربوون و ٣٠ کەسیش بێسەروشوێنن.
میدیاکانی ئەندەنۆنیسیا بڵاویانکردەوە، سەدان خانوو و باڵەخانە و هۆتێل خاپور بووە و چەندین کەسیش تائێستا لەژێر داروپەروردى خانووەکاندا ماونەتەوە و ژمارەیەکى دیکەش بێسەروشوێنن.
لە ئێستاشدا هەزاران سەرباز و تیمی فریاگوزاریی بە ناوچەکەدا بڵاوکراونەتەوە و لە هەوڵی بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و دەرهێنانی تەرمی قوربانیانن.
ئەندەنوسیا کە لە ١٧ هەزار دوورگەی گەورە و بچووک پێکهاتووە، یەکێکە لەو ناوچانەی ڕوبەڕووی شەپۆلەکانی تسۆنامی دەبێتەوە بەو هۆیەی دەکەوێتە سەر پشتێنەی ئاگرین و بومەلەرزە و گڕکان بەزۆریی تیایدا ڕوودەدات و تیایدا ١٢٧ گڕکانی چالاک بوونیان هەیە.
٢٨ ی ئەیلولی ڕابردووش دوای ئەوەی بومەلەرزەیەکی بەهێز بەگوڕی ٧،٥ پلە بە پێوەری ڕێختەر دوورگەی (سولاوسی) لە ئەندەنوسیا هەژاند، توسۆنامی ڕوویدا و شەپۆلەکانی شاری گەشتیاریی (بالو) ی بە ئاو داپۆشی و بەهۆیەوە زیاتر لە دوو هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.
بەڵام تسۆنامییەکەی ساڵى ٢٠٠٤ بە بەهێزترین ناودەبرێت لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا کە لە کەناراواکانى ڕۆژئاواى ئەندەنۆسیا روویدا و بەهۆیەوە دەیان هەزار کەس گیانیان لەدەستدا .
هــ.حــ