سەردێڕ:

ئیمارات سیخوڕیی بەسەر چەندین کەسایەتى و سەرکردەى جیهانییەوە کردووە

ئیمارات
فۆتۆ: 
2019-02-02

5251 جار خوێندراوەتەوە

لێکۆڵینەوەیەک دەریخستووە ئیمارات بۆ ماوەی دوو ساڵ سیخوڕیی لەسەر مۆبایلی چەندین کەسایەتی و دیبلۆماتکار و سەرکردەی بیانی کردووە، کە میری قەتەر یەکێکیانە.


لێکۆڵینەوەیەک دەریخستووە ئیمارات بۆ ماوەی دوو ساڵ سیخوڕیی لەسەر مۆبایلی چەندین کەسایەتی و دیبلۆماتکار و سەرکردەی بیانی کردووە، کە میری قەتەر یەکێکیانە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکیدا ئاشکرایکرد، تیمێک لە ئەفسەرانی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا CIA کە بۆ ئیمارات کاردەکەن،  لە ڕێگەی سیستمێکی سیخوڕیکردنی پێشکەوتوو بەناوی (کارما)، ئامێری تایبەتی مۆبایلی ژمارەیەک چالاک و دیبلۆماتکار و سەرکردەی بیانی کە پەیوەندییان لەگەڵ ئیماراتدا باش نیە هاک کردووە و زانیارییەکانیان دزەپێکردووە.

بەپێی راپۆرتەکە دەسەڵاتدارانی ئیمارات لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ ەوە توانیویانە لە  ڕێگەی تیمەکەوە چاودێریی سەدان ئامانج بکەن، کە میری قەتەر و گروپی ئیخوان موسلمین و جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی تورکیا و وەزیری دەرەوەی سوڵتاننشینی عومان و چالاکوانێکی یەمەنی لەخۆگرتووە، کە لە بواری مافەکانی مرۆڤدا خەڵاتی نۆبڵی پێبەخشراوە.

ڕاپۆرتەکە باسی لەوەشکردووە، لۆری سترۆد توێژەری هەواڵگریی لە ئاژانسی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا دەستی لەو کارەدا هەبووە و لەگەڵ ١٢ پسپۆڕی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا پێکەوە کاریان لە پرۆژەی نهێنی سیخوڕیکردنی ئیماراتدا کردووە.

ساڵی ٢٠١٦ یش ئیمارات پرۆژەکەی بۆ کۆمپانیای ئاسایشی (دارک ماتەر) گواستووەتەوە کە بارەگاکەی لە ئەبوزەبییە، بەڵام دوای ئەوەی چالاکییەکانی کۆمپانیاکە کەسایەتی ئەمریکاشی لە خۆگرتبوو کە

هەندێکیان هاوڕێیی لۆری سترۆد بوون، ناوبراو پرۆژەکەی جێهێشتووە و کارەکانی لەگەڵیدا ڕاگرتووە.

ئەوە لە کاتێکدایە بەرپرسانی بواری جەنگی ئەلکترۆنی ئاماژەیان بەوەکردووە، تا دێت داواکاریی لەسەر سیستمەکانی وەک (کارما) زیاتر دەبن کە دەتوانێت لە یەک کاتدا سەدان ئامێری مۆبایلی جۆری ئایفۆن هاک بکات و دزە بە زانیارییەکانی ناویان بکات.

لەو چوارچێوەیەشدا بەرپرسی ئەمنی کۆشکی سپی لە سەردەمی باراک ئۆباما جەختیکردەوە، تەنیا نزیکەی ١٠ وڵات توانای پێشخستنی ئەو جۆرە سیستمە سیخوڕیکردنەیان هەیە، کە ڕوسیا و چین و ئەمریکا و هاوپەیمانە نزیکەکانی لەنێویاندایە.

تا ئێستاش ڕوون نیە ئایا هاککردن لە ڕێگەی بەکارهێنانی سیستمی (کارما) وە بەردەوامە یان نا، چونکە ساڵی ٢٠١٧ کۆمپانیای (ئەپڵ) گۆڕانکاریی لەسەر سیاسەتی ئەمنی بەرنامەڕێژییەکانی کرد، کە ئەوەش وایکرد چالاکیی (کارما) زۆر دابەزێت.

تا ئیستاش نە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات و نە کۆمپانیای ئەپڵ هیچ لێدوانێکیان لەبارەی ئەو پڕۆژەی سیخوڕیکردنە نەداوە.

ع.ا