سەردێڕ:

فراکسیۆنی گۆڕان لەپرسی سزادانی کازم فاروقدا بێدەنگە و ھیچ ناڵێن

پێشتر لەگەڵ پەرلەمانتارانی یەکێتی و پارتی دەنگیان لەدژی داوە
فۆتۆ: 
2021-04-20

15716 جار خوێندراوەتەوە

سەرەڕای ڕێگری کردن لە سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بۆ سێیەمجار لەسەر یەک، کە ناڕەزایی پەرلەمانتارانی لێکەوتەوە وھەندێک لە پەرلەمانتارانی یەکێتی و پارتیش داوای گەڕانەوەی دەکەن بۆ دانیشتنەکانی پەرلەمان، بەڵام ھێشتا فراکسیۆنی گۆڕان تاکە فراکسیۆنن کە ھیچ ھەڵوێستێکیان نەخستۆتەڕوو، پێشتریش لە پاڵ پارتی و یەکێتیدا دەنگیان دا بە سزادانی کازم فاروق.



ئەمڕۆ ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان داوایانکرد، پەرلەمان بڕیاری رێگری کردن لە کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بۆناو دانیشتنەکان رابگرێت.

سەروان ھەرکی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی بە سەرۆکی پەرلەمانی ووت، "داوات لێدەکەم لێخۆش بوون لە دکتۆر کازم بخرێتەوە دەنگدانەوە چونکە نوێنەری خەڵکە".

ئەمە لەکاتێکدایە بەدەنگی ٧٣ پەرلەمانتاری پارتی، یەکێتی و گۆڕان بڕیاری سزادانی کازم فارووق درابوو.

سەرەڕای بوونی ھەندێک دەنگی نارەزایی لەنێو فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی ھێشتا ھیچ یەکێک لەئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕان لەدانیشتنەکانی پەرلەمان یان دەرەوەی پەرلەمانیش ھەڵوێستی خۆیان نەخستۆتەڕوو.

ھەرچەندە فراکسیۆنی کۆمەڵیش وەک فراکسیۆن و سەرۆکی فراکسیۆن بێدەنگییان ھەڵبژاردووە، بەڵام عومەر گوڵپی ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری رایگەیاند، ڕێگریکردن لە ھاتنە ژوورەوەی کازم فاروق بۆ پەرلەمان نایاساییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە گوێرەی مادەی ٥٦، لە بڕگەی دووەم لەمادەی ٢ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ھەموارکراوی ساڵی ١٩٩١ ئەندامانی پەرلەمان لە ١١١ ئەندام پێکھاتووە. بەڵام سێ کۆبوونەوەیە پەرلەمان بە بێ ئامادەبوونی کازم فاروق بەڕێوەچووە.

بەگوێرەی بڕگەی سێیەم لە مادەی ٢٥ پەیڕەوی ناوخۆ مافی لەدەستدانی ئەندامێتی لەم چەند حاڵەتەدا دەبێت، شیاوێتی لەدەست بدا، حوکمدرابێت، یەکێک لە تایبەتمەندێتییەکانی لەدەستبدات، ئامادەنەبوونی لەسەر ویستی خۆی یان بەھۆکاری تر، بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەش ھیچ یەکێک لەو خاڵانە کازم فارووق ناگرێتەوە.

پێشتریش شێرکۆ جەودەت سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو رایگەیاندبوو:" ھێز نییە رێگری لە ئەندامی پەرلەمان بکات بۆ ھاتنە ناو باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان".
ئەوەشیخستبووە روو،:" پەرلەمانتار ھەر ھەڵوێستێکی ھەبێت نابێت رێگری لێبکرێت و ئەوە دژی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە".
بەشێک لە چاودیران پێیان وایە بێدەنگی گۆران و فراکسیۆنەکەیان و تەنانەت پەمانتارانیان لە ئێستادا دەگەرێتەوە بۆ ئەو رێکەوتنەی کە بزوتنەوەی گۆڕان لەگەل پارتی و یەکێتیدا واژۆی کردوە و حکومەتیان پێکھێناوە، کە ھەرچەندە ھەندێک پەرلەمانتاری پارتی و یەکێتی لە دەرەوەی ویستی حیزبەکانیان لێدوانیان داوە دژ بە سزاکەی کازم فاروق، بەڵام ھێشتا ھیچ کام لە پەرلەمانتارانی گۆڕان ھیچ پشتگیرییەکیان بۆ کازم فاروق و ھەروەھا ھیچ دژایەتییەکیان بۆ بریارەکەی پەرلەمان دەرنەبریوە، کە بە وتەی بەشێک لە پەرلەمانتاران ئەو بریارە نایاساییە.


رۆژی ٣١ی ٣ی ٢٠٢١ بەھۆی رێگەنەدان بە قسەکردن کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ جوتێ پێڵاوی گرتە سەرۆکایەتی پەرلەمان و بەفەرمانی سەرۆکی پەرلەمان تا داوای لێبوردن نەکات مافی بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی لێ قەدەغەکرا.