سەردێڕ:

دوای ١١٠ رۆژ بودجەی عێراق لەململانێ حزبیەکان دەربازنەکرا

چارەنووسی بوجە چی لێھات؟
دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق
فۆتۆ: 
2021-03-20

9887 جار خوێندراوەتەوە

پرۆژەی بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق دوای ١١٠ رۆژ ھێشتا مورەکەبی سەر کاغەزەو ئەمشەویش نەتوانرا پرۆژەکە بنوسرێتەوە، وەک نوسراوێک لەنێوان خواستی حزبەکان و چاوەڕوانی ھاوڵاتیاندا مایەوە.


دوای چەند ھەفتەیەک لەگفتوگۆی بەردەوام ھەردوو لایەنی کوردی و شیعی لەسەر پشکی کورد لەبودجەی عێراق رێککەوتن بەدانانی ماددەی ١١ لەجێگەی رێککەوتنی پێشووی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، بەڵام رێککەوتنی کوردو شیعەش بودجەی دەربازنەکرد.

پشکی کورد
ئاڵا تاڵەبانی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بەئێن ئاڕتی ووت:" دەبێت ھەرێم پابەند بێت بە رێککەوتنەکە، دەنا متمانە لەدەست دەدات".
ئاڵا ئومێدەوار بوو بەپرۆژەکەو پێیوایە دەرفەتێکی باشە لەبەردەم ھەرێمی کوردستاندا. 
بەڵام موسەننا ئەمین سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو رەتیکردەوە ئەوان دەنگ بەو یاسایە بدەن چونکە لەقازانجی ھەرێمی کوردستاندا نیە. 
یوسف محەممەد سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان بەئومێدتر بوو لەپرۆژەکەو بەئێن ئاڕتی ووت:"بڕگەیەک جێگیرکراوە لە پرۆژە یاسای بودجە ئەگەر دەنگ بێنێت ئەوە ئەو پارەیە لە بەغداوە دێت بۆ ھەرێم راستەوخۆ پێش ھەموو خەرجییەکان دەبێت موچەی فەرمانبەران لێ بدرێت".

سوننەکان
بەشێک لەھۆکاری دواکەوتنی دانیشتنەکەی ئەمشەو نزیکەی ٧٠ پەرلەمانتاری ناڕازی سوونەیە، ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رای وابوو سوننەکان رێگرن لەوەی پرۆژە یاسای بودجە دەنگی لەسەر بدرێت لە پەرلەمانی عێراق، بەڵام ئاڵا تاڵەبانی پێیوایە سوننەکان دژی خواستی کورد ناوەستنەوەو بڕیارە ھەر ئەمشەو شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سوننەکاندا کۆببنەوە بۆ ئەوەی بگەن بەرێککەوتن لەگەڵیانداو سونەکان دەنگ بدەن بەو مادەیەی تایبەتە بەپشکی ھەرێم. 
بەڵام کێشەی سەرەکی بودجە ھێشتا لایەنە سەرەکییەکانی شیحەن کەناتوانن لەنێوان خۆیاندا رێککەون و بودجە ھەندێکجار بۆ موزایەدەی ھەڵبژاردن بەکاردەھێنن ھەندێکجاری دیکەش وەک گوشارێک لەسەر حکومەتەکەی کازمی.