جارێک دەسوتێنرێت و جارێکیش لە پەیامنێرانی دەدرێت و زیندانی دەکرێن، بە رۆژ دادەخرێت و بە شەویش بۆمب فڕێدەدرێتە سەر بیناکەی، ئێن ئاڕ تی، ئەو کەناڵەی بە ھێرشکردنە سەر کارمەندەکانی و پێشێلکاریی بەرامبەری، ژمارەی پێوانەیی شکاندووە.
جارێک دەسوتێنرێت و جارێکیش لە پەیامنێرانی دەدرێت و زیندانی دەکرێن، بە رۆژ دادەخرێت و بە شەویش بۆمب فڕێدەدرێتە سەر بیناکەی، ئێن ئاڕ تی، ئەو کەناڵەی بە ھێرشکردنە سەر کارمەندەکانی و پێشێلکاریی بەرامبەری، ژمارەی پێوانەیی شکاندووە.
بۆ یەکەمینجار چیرۆکی کەناڵێکی سەربەخۆ و بێلایەن رۆژی ١٧ی شوباتی ساڵی ٢٠١١ ھاتەبوون، کەناڵێکی کوردی سیاسیی ھەواڵیی بەناوی (ئێن ئاڕ تی) و بە خاوەندارێتی کەرتی تایبەت دەست بە پەخشی ئەزموونی خۆی دەکات، لە یەکەم گەشتی ھەواڵیشیدا رووماڵی رووداوەکانی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات و رۆژانی دواتری سنووری پارێزگای سلێمانی دەکات.
میدیایەک کۆمپانیایەک سپۆنسەری ماددی دەکات و بە دروشمی (راستگۆیی، ھاوسەنگی، بوێریی) و (تاکە کەناڵی ئەھلی بێلایەن) دەیەوێت لەژێر رۆشنایی پرەنسیپە میدیاییەکاندا، درێژە بەکارەکانی خۆی بدات.
بە ئامانجی بێدەنگکردن و رێگرتن لە گەیاندنی پەیامی خەڵک و شەقام، کە کەناڵەکەی بۆ دامەزرابوو، لەدوای تێپەڕبوونی ١٥ کاتژمێر بەسەر دەستپێکردنی پەخشی کەناڵەکە، ھێزێکی چەکداری دەمامکدار بارەگای سەرەکی کەناڵەکەیان لە سلێمانی سوتاند.
بەڵام ئەمە نەبووە رێگر و رۆژی ٢٢ی نیسانی ھەمان ساڵ ئێن ئاڕ تی بە گڕوتینێکی ترەوە پەخشی کەناڵەکەی دەستپێکردەوە.
چیرۆکی پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ئێن ئاڕ تی، ژمارەیی پێوانەیی شکاندووە لە نێو میدیا کوردییەکان، بەجۆرێک لە ساڵی ٢٠١٣ بۆ کپکردنی دەنگی کەناڵەکە، بۆمب فڕێدرایە سەر بارەگا سەرەکییەکەی و لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٣دا تەقە لە خاوەنی کەناڵەکە کرا و بەردەوامیش تیمە رۆژنامەوانییەکانی لە شار و شارۆچکەکان بەر ھێرش و پەلاماردان دەکەوتن.
ھێشتا ئازاردانی ئێن ئاڕ تی کۆتایی نەھاتووە، و ئێن ئاڕتیش بەردەوامە لە ئاشکراکردنی دۆسیە ھەستیارەکان و رووماڵکردنی ناڕەزایەتییەکانی ھاوڵاتیان، چەندینجار خاوەنی کەناڵەکەش باسی لەوە کردووە کە "ھەڕەشەی لێکراوە و داوای داخستنی کراوە".
رۆژی ١٩ی ١٢ی ٢٠١٧ و بە پاساوی ھاندانی خەڵک بۆ خۆپیشاندان و توندوتیژیی حکومەتی ھەرێم بڕیاری داخستنی پەخشی کەناڵەکانی دامەزراوەکەی دا بۆ ماوەی یەک ھەفتە و پەخشی ھەر سێ کەناڵی ئێن ئاڕ تی و ئێن ئاڕ تی ٢ و ئێن ئاڕ تی عەرەبی و رادیۆی نالیا ئێف ئێمیان راگرت و سەرجەم کارمەندانیش بۆ ماوەی یەک کاتژمێر دەستبەسەرکران.
لەماوەی کردنەوەی ئۆفیسی دھۆکی ئێن ئاڕ تییەوە تا ئێستا، پێنج جار لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی حکومەت و حزبەوە داخراون و زیانی ماددیی زۆریش بەر کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانی نوسینگەکە کەوتوون، لە ساڵەکانی ٢٠١٥ و ٢٠١٧ و ٢٠١٩ سێ جار نوسینگەکە داخراوە و تا مانگی نۆی ئەمساڵیش دوو جاری دیکە نوسینگەکە داخراوە و تا ئێستاش نەکراوەتەوە.
نوسینگەی ھەولێری کەناڵەکەش بێبەش نەبووە لە داخستن و زیانگەیاندن بە کەلوپەلەکانی، لە ماوەی نۆ ساڵی پەخشی تەلەفزیۆنەکەدا سێ جار لەلایەن ھێزە چەکدارەکانەوە داخراوە، لە ساڵەکانی ٢٠١٥ و ٢٠١٧ و ئەمساڵیش لە ٢٠ی ئابەوە قوفڵ لە نوسینگەکە درا و پاش زیاتر لە دوو مانگ لە داخستنی، نوسینگەکە کرایەوە.
پێشێلکارییەکان بۆ سەر ئێن ئاڕ تی تەنھا لە ھەرێمی کوردستان نەبوون، نوسینگەی کەناڵەکە لە بەغداش سێ جار و لە ساڵەکانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ و ٢٠١٩ داخراوە و پەیامنێرەکەشی دەستگیرکراوە.
لەسەر ھێرش و پەلاماردانی کەناڵەکە و کارمەندەکانی، رێبوار ئەوڕەحمان، بەرێوەبەری ژووری ھەواڵی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، کۆی ئەو ھێرش و پەلامار و فشارانەی دەکرێنە سەر کەناڵەکە ھۆکارەکەی ئەوەیە ئێن ئاڕ تی کەناڵێکی راستگۆیە و کۆی بابەت و رووداوەکانی رۆژ وەکو خۆی دەگێڕێتەوە و لە ئێستادا تاکە کەناڵە کە ھەموو چین و توێژەکان خۆیانی تێدا دەبیننەوە و دووری لەنێوان کەناڵەکە و خەڵکیدا نەماوە و کەناڵێکە پیشەییانە کارەکانی خۆی رادەپەڕێنێت.
لێدان و راوەدونان و دەستگیرکردنی پەیامنێران و وێنەگرانی ئێن ئاڕ تی و شکاندنی کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانیان و رێگریی لە رووماڵکردنی رووداوەکان، ھەمیشە سەری سەرەوەی ریزبەندیی ئامارەکانی پێشێلکاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسانیان لە ھەرێم گرتووە.
لێرەدا مشتێک لە رووداوەکانی دەستگیرکردن و ھێرش و پەلاماردانەکانی سەر کارمەندانی کەناڵەکە باس دەکەین، لەوانەش چەندین جار سەرۆکی دامەزراوەکە و بەڕێوەبەری کەناڵەکە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکان و دادگا و داواکارە گشتییەکانی ھەرێمەوە دەستبەسەرکراون و خراونەتە زیندانەوە و براونەتە بەردەم دادوەر.
ھێرش قادری پەیامنێری کەناڵەکەش لە ھەولێر سەرەڕای ئەوەی سێ جار لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە، دووجاریش بریندارکراوە، لەساڵی ٢٠١٦ و لەکاتی خۆئامادەکردن بۆ راستەوخۆیەک بۆ کەناڵەکە، لە بەردەم قەڵای ھەولێر ١٨ کەس ھێرشیان کردە سەری و برینداریان کرد، لە خۆپیشاندانی مامۆستایان و موچەخۆرانی ساڵی ٢٠١٨ی ھەولێریش بە فیشەکی پلاستیکی ھێزە ئەمنییەکان سێ جێگەی لەشی سوتا.
ئەحمەد زاخۆیی، یەکێکی دیکەیە لە پەیامنێرەکانی ئێن ئاڕ تی، لە ١٩ی ئابی ٢٠٢٠ لەکاتی رووماڵی خۆپیشاندانی شۆفێرانی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراھیم خەلیل لەلایەن ئاسایشی ئەو شارەوە دەستگیرکرا و بۆ ماوەی ١١ رۆژ زیندانیی کرا، نزیکەی مانگێکیشە نەیانھێشتووە ھیچ کارێکی میدیایی بکات.
ئاسۆ ئەحمەدی پەیامنێری کەرکوکی ئێن ئاڕ تییش چەندین جار لەلایەن ھێزە عێراقییەکانەوە ھێرشی کراوەتە سەر وەک خۆی دەڵێت، لە ساڵی ٢٠١٩ لە ناحیەی سەرگەڕانی قەزای دبس، لەلایەن ھێزە عێراقییەکانەوە ھێرشی کراوەتە سەر و بە زللـە لێی دراوە و سەرەڕای ئازاری جەستەیی و دەروونی، بۆ ماوەی ١٠ کاتژمێریش دەستگیرکراوە.
پێشێلکارییە بەردەوامەکان بەرامبەر بە ئێن ئاڕ تی و کارمەندەکانی، پێگەی تایبەتی ھەیە لە ناو راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و میدیا جیھانییەکان و تەنانەت وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش، ئەمە جگە لە رێکخراوە ناوخۆییەکانی داکۆکیکار لە مافی رۆژنامەنووسان و کەسایەتییە سیاسییەکان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین، کە بەردەوام ئیدانەی داخستنەکانی کەناڵەکەیان لەلایەن دەسەڵاتەوە کردووە.
بەپێی ئاماری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٨٦ حاڵەتی پێشێلکاری بەرامبەر ١٩٩ دەزگا و رۆژنامەنووس لە ھەرێم ئەنجامدراوە کە ٣٦ تەنھا بەرامبەر ئێن ئاڕ تی بووە، واتا رێژەی لەسەدا ٤٢ی پێشێلکارییەکانی شەش مانگی رابردوو بەتەنھا بەرامبەر ئێن ئاڕ تی بووە.
دامەزراوەی میدیایی نالیا کە پێکدێت لە پێنج کەناڵی ئاسمانی و چوار سایتی ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی و رادیۆی نالیا ئێف ئێم و ئەکادیمیای میدیایی نالیا، بەڵام رۆژی ١٠ی شوباتی ٢٠١٩ و پاش تەنھا ٢٣ رۆژ لە کردنەوەی کەناڵی ئێن ئاڕ تی سێی تایبەت بە منداڵان، بەھۆی نەبوونی مۆڵەتەوە وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی ھەرێم داوای داخستنی کەناڵەکەی کرد، لەکاتێکدا مۆڵەتیشی بۆ کرابوو.
ساڵی ٢٠١٩ ساڵێکی شوم بوو بۆ دامەزراوەی میدیایی نالیا، سەرەڕای ئەو ھەموو پێشێلکارییانەی بەرامبەر بە کەناڵەکان و کارمەندەکانی کران، لە رۆژی پێنجی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ش بە بیانوونی رووماڵکردنی خۆپیشاندانەکانی بەغداوە، کەناڵی ئێن ئاڕ تی عەرەبی لەلایەن ھێزە عێراقییەکانەوە بەتەواوەتی داخرا.
زۆربەی ئەو پێشێلکارییانەی لە ماوەی نۆ ساڵی کارکردنی ئێن ئاڕ تی دا، بەرامبەر کارمەند و رۆژنامەنووسەکانی کراون، پێچەوانەی یاساکانی کاری رۆژنامەوانیی بوون لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵام سەرەڕای ئەو ھەموو پێشێلکاریی و رێگریی و جیاکارییەی لەکاتی کارکردندا بەرامبەری ئەنجامدراوە، و سەرەڕای ئەو زیانە ماددییانەی کە بە چەندین ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، دژی دامەزراوەی میدیایی نالیا کراون، ئێن ئاڕ تی لە ئێستادا بە دروشمی کەناڵی ھەموو رەنگەکان، بەردەوامە لە کارکردن و رووماڵی پیشەییانەی خۆی.
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، تائێستا ھیچ لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی ئەو ھەڕەشە و پێشێلکارییانەوە نەکراوە و ئەنجامدەرانیان سزا نەدراون و دۆسیەی سوتانی کەناڵەکەش بە بێ ئەنجام و بۆ ھەمیشە داخرا.
غەمبار تەیب عەلی