دواى تێپەڕبوونى زیاتر لە مانگێک بەسەر کۆنگرەى یەکێتى، تائێستا نازانرێت ئەنجامەکانى کۆنگرە چ گۆڕانکارییەکى لە حزبەکەدا دروستکردووە.
دواى تێپەڕبوونى زیاتر لە مانگێک بەسەر کۆنگرەى یەکێتى، تائێستا نازانرێت ئەنجامەکانى کۆنگرە چ گۆڕانکارییەکى لە حزبەکەدا دروستکردووە.
"ئەنجامەکانى کۆنگرە لە گۆڕانى فەرەنسى دەچێت، لێی تێ ناگەى بەس خۆشە"، ئەمە قسەى د. شێرکۆ عەبدوڵایە، کە مەبەست لێی کۆنگرەی چوارەمى یەکێتی نیشتیمانى کوردستانە.
زیاتر لە یەک مانگە ئەو حزبە کۆنگرەى بەستووە، بەڵام هێشتا نازانرێت ئەنجامەکانى کۆنگرە چى گۆڕیووە و چى نەگۆریووە، ئەوانەى ئاگایان لە دۆخى ئەو حزبە دەڵێن، رەنگە ئەو کۆنگرەیەی یەکێتی یەکەم کۆنگرەی حیزبی بێت لە هەموو ژیانی سیاسی جیهاندا کە هیچ ئەنجامێکی نەبووە و تا ئێستا ئەو حیزبە کەس نازانێت کێ کەسی یەکەمە و کێ بڕیار بەدەستە و چەند باڵ و لقن.
وەک رەخنەگرانى ئەو حزبە دەڵێن، ئەوەی ئێستا لە ناو یەکێتیدا غائیبە، جگە لە نەبوونی سەرکردە و ناوەندی بڕیار، نەبوونی ئامانجی نیشتیمانی و نەتەوایەتی و ئیداری و گەشەندنە، بەو پێیەی ئەو گروپانەی ئێستا لە ناو یەکێتیدا باڵا دەستن هیچ ئامانجێکیان نییە بۆ هەرێمی کوردستان، جا چ لە ناوخۆ بێت یاخود لە دەرەوە بێت.
وەک ئەوانەى ئاگایان لە دۆخى ئەو حزبەیە، نمونەى ئەوە دەهێننەوە و دەڵێن، ئەگەر پرسیار لە بریاربەدەستەکانى ئەو حزبە بکەیت سەبارەت بە پەیوەندی کورد لەگەڵ دەرەوە چی لێ دێت و لە چ ئاستێکدایە، ئەوا وەڵامێکى ئەوتۆیان پێ نییە، یاخود لە عێراق بە نیازی چین، یان لە ناو هەرێم پلانیان چییە؟ وەڵامێکى کاریگەرییان بۆ هیچ کام لەوانەش پێ نییە.
وەک لە رابردوودا دەرکەوتووە، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش باڵەکانی ئەو حیزبە سەرقاڵی هێنانی هێلکە و سەرانە وەرگرتنى لە دوکانەکانی ناو بازاڕی شاری سلێمانی و دانانی کۆمپانیای سیکیوریتی و بیناسازی و هەندێک بازرگانى جۆراوجۆرى دیکە.
بەشێک لەوانەى ئاگایان لە دۆخەکەیە دەڵێن، ئەو حزبە لە بەرامبەر بێدەنگبوون لە دیارنەمانی بڕێکى زۆریی پارەی داهاتی کوردستان لە فرۆشی نەوت، مانگانە نوێنەری یەکێتی لە ناو حکومەتى هەرێم ٢٠ بۆ ٢٥ ملیۆن دۆلار بۆ بنەماڵە و حیزبەکە وەردەگرێت، لەبری بێدەنگ بوون بەرامبەر دیارنەمانی زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری نەوت لە هەر مانگێکدا، کە بە هۆیەوە هیچ بڕە پارەیەکی وەها نایەت بۆ شاری سلێمانی و پارێزگاکە، هەر بۆیە هیچ پرۆژەیەک لە سنوری سلێمانی جێبەجێ ناکرێت.
ڕەنگە ئەگەر هاوڵاتییەک سەردانێکی ناو بازاری شاری سلێمانی و فەرمانگەکانی حکومەت بکات لەو شارە، ئەوا بەشێکی زۆری ئەو خاڵانە کە باسکران بە چاوی خۆی ببینێت.
لەبەرامبەردا هەموو ئەوانەشدا کە خرانەڕوو، بەشێک لە ئەندام و لایەنگرانى ئەو حزبە بە پێچەوانەوە دەڵێن، ئەوەى حزبەکەیان کردوویەتى بۆ خەڵک لە ئاستى پێویستدا بووە و توانیوویەتى خەڵک خۆشگوزەران بکات.
لە ئێستادا پرسیاری کۆتایی لای بەشێک لە هاوڵاتییان ئەوەیە کەی ئەو حزبەی کە بووە بە بار بەسەر خەڵکی ئەو ناوچەی کە حوکمی دەکات، کۆتایی دێت یاخود چاکسازیی راستەقینە لە خۆیدا دەکات و نمونەیەکی باشتر لە حکومرانی پێشکەش دەکات؟