گیانلەدەستدانى گەنجەکەى رانیە دواى خۆسوتاندنى، هاوشێوەى گیانلەدەستدانى محەمەد بو عەزیزى گەنجەکەى تونس بوو کە ئەویش بۆ دەربڕینى ناڕەزایی لە شارەوانى ئاگرى لە جەستەى خۆى بەردا.
گیانلەدەستدانى گەنجەکەى رانیە دواى خۆسوتاندنى، هاوشێوەى گیانلەدەستدانى محەمەد بو عەزیزى گەنجەکەى تونس بوو کە ئەویش بۆ دەربڕینى ناڕەزایی لە شارەوانى ئاگرى لە جەستەى خۆى بەردا.
نۆ ساڵ لەمەوبەر محەمەد بوعەزیزی کە گەنجێکی تونسیی بوو، لەلایەن شارەوانییەوە عەرەبانەکەی دەستی بەسەرداگیرا، ئەویش بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی، لەبەردەم بارەگای ویلایەتی سەیدی بوزەید لە وڵاتی تونس ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و دواتریش بەهۆی برینەکانییەوە گیانی سپارد، محەمەد بووە سیمبولی هەڵگیرسانی شۆڕشی تونس و دواتریش بەهاری عەرەبی.
دوای نۆ ساڵ و لەهەمان مانگدا چیرۆکی گەنجە تونسیەکە لە هەرێمی کوردستان دووبارەبووەوە، دڵشاد ساڵح ڕۆژی ۱۹ ی ئەم مانگە سەردانی شارەوانی ڕانیەی کرد و داوایکرد مۆڵەتی ئەو زەوییە وەربگرێت کە دەکەوێتە ناوچەی تیتۆکەی ڕانیە و خانویەک بۆ خۆی خێزانەکەی دروستبکات، بەڵام شارەوانی بە پاساوی ئەوەی ئەو زەوییە مۆڵکی گشتییە و شەقامی لەسەر دروستدەکرێت مۆڵەتی پێنەدا، دواتریش دڵشاد لە حەوشەی شارەوانی ڕانیە ئاگر لە جەستەی خۆی بەردا و دوای ١٠ ڕۆژ گیانی لەدەستدا.
لە ماڵی باوکی دڵشاد ئامادەکاری کراوە بۆ پرسە و باوکیشی دەڵێت، کوڕەکەی خاوەنی ٢٥٠ دینار بووە لەکاتی ڕووداوەکەدا، داواشدەکات دۆسیەی کوڕەکەی بەلاڕێدا نەبرێت.
دڵشاد دوو هاوسەری هەبووە و باوکی نۆ منداڵ بووە، جگە لەوەش پێنج منداڵی خوشکێکی بەخێوکردووە.
ئێن ئاڕتی پەیوەندی بەسەرۆکی شارەوانی ڕانیەوە کرد، ئاماژەی بەوەدا کە قسەی ئەو هەرئەوقسانەیە کە پێشتر کردویەتی کە وتبووی ئەو هیچ بەرپرسیاریەتیەکی سەبارەت بە سوتانی ئەو گەنجە لە ئەستۆ نیە و دادگا دەتوانیت بڕیاری خۆی بدات.
مژدە مەحمود پەرلەمانتاری نەوەی نوێش دەڵێت، بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەی دڵشاد دەکەن و هیوادارن لە ڕێگەی یاساوە دۆسیەکە یەکلایی بکرێتەوە.
دایک و باوکی دڵشاد ئێستا جگە لەوەی کوڕەکەیان لەدەستداوە دەشبێت ئەرکی بەخێوکردنی منداڵەکانی بگرنە ئەستۆی خۆیان.