دواى ئەوەى پرۆژەیاسای چاکسازیی بە کۆی دەنگ پەسەند کراو بڕیاردرا بنێردرێتە پەرلەمان، بەشێک لە فراکسیۆنەکانى پەرلەمان باس لەوە دەکەن حکومەت خۆى کردووە بە خاوەنى و کردوویەتى بە دەستکەوتى پارتى و یەکێتى و گۆڕان.
دواى ئەوەى پرۆژەیاسای چاکسازیی بە کۆی دەنگ پەسەند کراو بڕیاردرا بنێردرێتە پەرلەمان، بەشێک لە فراکسیۆنەکانى پەرلەمان باس لەوە دەکەن حکومەت خۆى کردووە بە خاوەنى و کردوویەتى بە دەستکەوتى پارتى و یەکێتى و گۆڕان.
دواى ئاڵوگۆڕى دوو کابینەى حکومەت و دوو خولى پەرلەمانى، دواجار حکومەتى هەرێم پڕۆژە یاسایی چاکسازی لە خانەنشینی مووچەو دەرماڵەى بەکۆى دەنگى ئەنجومەنى وەزیران پەسەندکرد و ناویشیناوە پرۆژەى ئەو لایەنانەى کەبەشدارن لە حکومەتدا.
پڕۆژەیاساکە ناوی (چاکسازیی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان-عێراق)ە و لە ٢١ ماددە پێکهاتووە.
بەپێى لە پڕۆژە یاساکە، خانەنشینی پەرلەمانتار و وەزیر نامێنێت، جگە لەو كەسانەی تەمەنیان سەروو ٥٠ ساڵەو ١٥ساڵ خزمەتیان هەیە (هاوشێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق).
حکومەتى هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەى بۆ ئەوە کردووە، پرۆژەکە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە ئێستادا بە کۆی دەنگ پەسەند کراوە و دەنێردرێتە پەرلەمان.
لە ڕاگەیەندراوەکەى حکومەتدا هاتووە، سەرۆکى حکومەت ڕایگەیاندووە، چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و گشت کەرتەکان دەگرێتەوە و خەڵکی شایستە مافەکانیان پارێزراو دەبێت.
وەکو یەکەم کاردانەوەش لەسەر پرۆژە یاساکە، کاوە عەبدولقادر جێگرى سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەوان جەخت لەسەر سێ خاڵ دەکەنەوە و دەبێت لەناو یاساکە جێی بکرێتەوە ئەوانیش، نابێت کەمترین موچەی خانەنشینی لە پێنج سەد ھەزار کەمتر بێت و خانەنشینی پلە باڵاکان نەمێنێت، یان بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمبکرێتەوە کە جیاوازیەکی ئەوتۆی نەبێت لەگەڵ فەرمانبەرانی ئاسایی.
داواشدەکات، دەبێت سەرجەم خانەنشنی نایاسایی ھەڵبوەشێنرێتەوە کە چەندین ساڵە بەنایاسایی و بەبێ ھیچ بنەمایەک خانەنشین کراون و یاسای چاکسازی داھات و بودجەش بگرێتەوە نەک تەنھا خەرجی.
هاوکات عەبدولستار مەجید سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵ لە پەرلەمانى کوردستان بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، ئەو پرۆژەیاسایەى کە لە ئێستادا حکومەت خۆى کردووە بە خاوەنى، پرۆژەى خولى پێشووى پەرلەمانى ئەوان بووە.
وتیشی، قۆرخکارییەکى گەورە لە پرۆژەیاساکەدا کراوە و حکومەت خۆى کردووە بە خاوەنى و کردوویەتى بە دەستکەوتى پارتى و یەکێتى و گۆڕان، لەکاتێکدا لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان ڕۆڵى سەرەکییان لە پێکهێنانى پرۆژەیاساکەدا هەبووە.
شێرکۆ جەودەت، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتووش دەڵێت، کە حکومەت بە کۆى دەنگ پرۆژەیاساکەى پەسەندکرد، ئیدى لە پەرلەمانیش بە کۆى دەنگى ئەو لایەنانەى حکومەتیان پێکهێناوە و پرۆژەیاساکە بە دەستکەوتى گەورەى خۆیان دەزانن، تێدەپەڕێنرێت.
ئاماژەى بەوەشکرد، پرۆژە یاساکە ١٠٠ ملیار دینار دەگێڕێتەوە بۆ خەزێنەى حکومەت و مووچە و ئیمتیازاتى ٢٠٠ هەزار موچەخۆى بندیوار و دەرەوەى یاسا دەبڕێت.
هاوکات بەشێک لە شارەزایانى ئابوورى باس لەوە دەکەن، پرۆژەیاساکە دەکەوێتە بەر ڕەحمەتى جێبەجێکردن و لە ئێستادا حکومەت لەبەردەم تەحەدایەکى گەورەى ئەو بەرپرسە گەندەڵانەدایە، کە چەندین ساڵە لەسەر قوتى موچەخۆران و فەرمانبەرانى هەرێم داهات بۆ خۆیان کۆدەکەنەوە.
ئەو شارەزایان باس لەوەشدەکەن، لە ئەگەرى جێبەجێکردنى پرۆژەیاساکەدا، گرفتى گەورە دەکەوێتە ناو حزبەکان و بەتایبەت پارتى و یەکێتى، چونکە مووچە و ئیمتیازى سەدان بەرپرسى حزبی و هەزاران پاسەوان و پێشمەرگەى خانەنشینى نایاسایی دەبڕدرێت، بەمەش پێکهاتەى حزبی دوو حزبی دەسەڵاتدار دەکەوێتە مەترسییەوە.