وەزیری دارایی ڕایگەیاند، هەشت مووچەی تەواوی فەرمانبەران و ١٢ موچەی خانەنشینان قەرزارن، ئێن ئاڕ تیش ئاشکرای دەکات جگە لەو موچانە، حکومەت ٣٥ مانگ، چارەکە موچە و نیو موچەى داوە بە موچەخۆران.
وەزیری دارایی ڕایگەیاند، هەشت مووچەی تەواوی فەرمانبەران و ١٢ موچەی خانەنشینان قەرزارن، ئێن ئاڕ تیش ئاشکرای دەکات جگە لەو موچانە، حکومەت ٣٥ مانگ، چارەکە موچە و نیو موچەى داوە بە موچەخۆران.
لە نوێترین لێدوانیدا دەربارەى قەرزەکانى موچەخۆران لاى حکومەتى هەرێم، وەزیرى دارایی هەرێم دەڵێت، حکومەت هەشت موچەى تەواو و ١٢ موچەى خانەنشینان قەرزارە، بێ ئەوەی باس لەو بڕە پاشەکەوتانە بکات کە مانگانە لەو موچانە بڕدراوە کە دابەشکراوە بەسەر فەرمانبەراندا.کە بەپێی بەدواداچوونە وردەکانى ئێن ئاڕ تى، حکومەت زۆر لەو هەشت مانگەی کە باسی دەکات، زیاتر قەرزارى موچەخۆرانە.
ئەو هەشت موچە تەواوەى کە وەزیرى دارایی باسى دەکات کە قەرزارى موچەخۆرانن، بەمشێوەیە، لە ساڵى ٢٠١٥دا، موچەی تەواوی مانگەکانی ٩ و ١٠ و ١١ و ١٢ نەدرا، بەڵام نیو موچەى مانگى نۆى مامۆستایان درا، واتا تەنها لەو ساڵەدا چوار موچەى تەواوەتى نەدراوە، کە دەکاتە نزیکەى سێ ملیار دۆلار.
لە ساڵى ٢٠١٧دا، یەک مانگ هیچ موچەیەک نەدرا بە موچەخۆران، لە ساڵى ٢٠١٩شدا کە پاشەکەوتى موچە بەتەواوى هەڵگیرا، ئەگەر موچەى سێ مانگى تەواویش نەدرێت، چونکە ئێستا کە مانگى ١٢یە، موچەخۆران لە چاوەڕوانى وەرگرتنى موچەى مانگى نۆدان، واتا ئەمساڵیش سێ موچە نادرێت.
کەواتە لە ساڵى ٢٠١٥ وە تاوەکو ئێستا، حکومەت هەشت موچەى تەواوى نەداوە بە موچەخۆران، وەزیرى دارایش دەڵێت، هەشت موچەى تەواو قەرزارى موچەخۆرانن، بەڵام بەبێ ئەوەى باسى ئەو موچە پاشەکەوتکراوانە بکات، کە لە موچەخۆران براوە، چۆن؟
لەساڵى ٢٠١٦دا، کاتێک پاشەکەوتى موچەى ڕاگەیاندرا، (١٢ مانگ) چارەکە موچە درا بە موچەخۆران، بۆیە هەر لەو ساڵەدا موچەخۆران نزیکەی چوار ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلاریان کەوتە لاى حکومەت، بەڵام وەزارەتى دارایی باسى ناکات.
لە ٢٠١٧ دا، (١١ مانگ) چارەکە موچە درا، بۆیە هەر لەو ساڵەدا موچەخۆران نزیکەی پێنج ملیار دۆلاریان کەوتە لاى حکومەت.
لە ساڵى ٢٠١٨دا، بۆ جارى دووەم حکومەت دەستکارى پاشەکەوتى موچەى کرد و برى پاشەکەوتکردنەکەى کەمکردەوە، واتا زیاتر لە چارەکەى موچەى دەدا بە موچەخۆران، بۆیە لەو ساڵەشدا زیاتر لە دوو ملیار دۆلاریان کەوتە لاى حکومەت.
کەواتە لێرە بە روونى دەردەکەوێت، کە حکومەت لە ساڵەکانى ٢٠١٦ و ٢٠١٧، (٢٣ مانگ) چارەکە موچەیان داوە بە فەرمانبەران، لە ساڵى ٢٠١٨شدا، کە بۆ دووەمجار دەستکارى پاشەکەوتى موچە کرا، ( ١٢ مانگی تر) موچەخۆران لە نیوە زیاتر موچەکانیان وەرگرت، واتا موچەى تەواویان وەرنەگرتووە.
کەواتە بەگشتى حکومەت، جگە لەوەى کە هەشت موچەى تەواوى موچەخۆران قەرزارە، لە هەمانکاتیشدا ٣٥ مانگ چارەکە موچە و نیو موچەى داوە بە موچەخۆران، بەڵام وەزارەتى دارایی و حکومەت باسى ئەو ٣٥ مانگە ناکەن کە چارەکە موچەیان داوە و تەنها باسی ئەو ٨ مانگە دەکەن کە موچە تەواوەکانیان نەداوە، لە کاتێکدا پێش ئەوەى پاشەکەوتى موچە رابگەیەنن حکومەت بەڵێنى ئەوەیاندا کە موچەکانیان دەگەرێننەوە بۆ خەڵک.
دوای راپۆرتێکی شیکاری ئێن ئار تی، بە روونى دیارە کە حکومەت، زیاتر لە ٢٠ ترلیۆن دینار کە دەکاتە زیاتر لە ١٧ ملیار دۆلار قەرزارى موچەخۆرانە، ئەو برە پارەیەش بە تێکرا بەشى موچەی ٢٣ مانگی موچەخۆرانە، بە موچەی تەواوەتییەوە، واتا موچەخۆران بە تێکرا ٢٣ موچەیان لاى حکومەتە، بەڵام هەندێک فەرمانبەر زیاتر لەو برەیان دەکەوێتە لاى حکومەتە و هەندێکیش کەمتر لەو برە پارەیە.