سەردێڕ:

هەولێر.. بڕیار لەو زەوییانە دەدرێت کە لە خزمەتگوزارییەوە کراون بە بازرگانی

فۆتۆ: 
2019-09-26

4891 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پێداچوونەوە بەو بڕیارانەدا دەکات، کە لەسەر گۆڕینی رەگەزی زەوییە خزمەتگوزارییەکان داویەتی بۆ زەویی بازرگانی، لیژنەیەکیش لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە سەرپەرشتیی پرۆسەکە دەکات.


وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پێداچوونەوە بەو بڕیارانەدا دەکات، کە لەسەر گۆڕینی رەگەزی زەوییە خزمەتگوزارییەکان داویەتی بۆ زەویی بازرگانی، لیژنەیەکیش لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە سەرپەرشتیی پرۆسەکە دەکات.

لە دوو ساڵی رابردوودا بە دەیان زەویی خزمەتگوزاریی لە شاری هەولێر و شارەکانی دیکە، کە تایبەتبوون بە باخچە یان خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتییان بینای بازرگانی و بەنزینخانەیان تێدا دروستکراوە.

سامان محەمەد سەرۆکی شارەوانیی هەولێریش دەڵێت، پێداچوونەوە بە هەموو ئەو بڕیارانەدا دەکرێت، کە رەگەزی زەویی گۆڕاوە لە خزمەتگوزارییەوە بۆ بازرگانی و شتی دیکە و پرۆسەکەش دەستیپێکردووە.

لیژنەکە بڕیاردەدات لەسەر وەرگرتنەوەی زەوییەکان یان بەردەوامیی پرۆژەکان لەسەری.

بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێن ئاڕ تی، لە شاری هەولێر بەشێکی ئەو زەوییانەی بۆ باخچە دانرابوون، کراون بە بازرگانی و بە کەسانی بەرپرس یان نزیک لە بەرپرسان دراون، بەشێکیشیان رۆژانە دەبینرێن، کە دەکرێن بە بەنزینخانە.

ئەم گۆڕانکارییانەی رەگەزی زەوی، بەتایبەت لە سەروبەندی ئەو گۆڕانکارییانەیە کە بە کابینەی نوێدا روویانداوە.

عەباس محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێریش دەڵێت، بە دەیان پڕۆژە هەیە بەس ناوە و لە ناوەڕۆکدا هیچ نییە و پرۆژە هەیە پارەکەى خوراوە و جێبەجێ نەکراوە و ئەگەر حکومەت دەیەوێت چاکسازی بکات، دەبێت دەست بۆ ئەو پرۆژانە ببات کە وەهمى بوون و رووبەڕووى دادگایان بکاتەوە و بیگەڕێنێتەوە بۆ حکومەت و بەکاریانبهێنێتەوە.

عەلی رەشید سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێریش باس لەوە دەکات، وردتر لە پێشوو چاودێریی کاروبارەکانی حکومەتی خۆجێی دەکەن و لێپرسینەوەشیان لەگەڵ دەکەن.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی ستۆپ دژی گەندەڵی، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان شەش هەزار دۆنم زەوی بە ناوی وەبەرهێنانەوە دراوە بە وەبەرهێنەران و هەر لەو ماوەیەدا ١٣ هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵ دەستدرێژیی کراوەتە سەری و بە سەدان دۆنم زەویی دیکە ڕەگەزەکانیان گۆڕاوە لە خزمەتگوزارییەوە بۆ بازرگانی.