سەردێڕ:

هەڵەبجە.. تا ئێستا بودجە بۆ نۆژەنکردنەوەى رێگای مەرزی پشتە تەرخان نەکراوە

فۆتۆ: 
2019-09-23

1963 جار خوێندراوەتەوە

سەرەڕاى ئەوەى دەرخستە بۆ نۆژەنکردنەوەى مەرزى پشتە لە پارێزگاى هەڵەبجە کراوە کە چوار ملیار دینارە، بەڵام تا ئێستا پارەکەى بۆ تەرخان نەکراوە.


سەرەڕاى ئەوەى دەرخستە بۆ نۆژەنکردنەوەى مەرزى پشتە لە پارێزگاى هەڵەبجە کراوە کە چوار ملیار دینارە، بەڵام تا ئێستا پارەکەى بۆ تەرخان نەکراوە.

لەگەڵ هەر شۆفێرێکى بارهەڵگردا بە ڕێگاى مەرزى پشتەدا بڕۆیت، ناچارت دەکەن گوێ بۆ دەردەدڵیان بگریت، کە لەسەر خراپیى ئەو ڕێگەوبانە هەیانە.

دووریى ڕێگاکە لە گوندى سەرتەکى بەمۆوە تا دەگاتە مەرزى پشتە لە ناحیەى بەمۆى پارێزگاى هەڵەبجە ٣٠ کیلۆمەترە، بەشێکى ڕێگاکە گڵە، بەشێکى ترى پارچە پارچەى قیرێکى زبرە و هەندێ شوێنى تریشی کە هەوراز و نشێوەکانن ڕێگایەکى کۆنکرێتکراون کە شیشی ناو کۆنکرێتەکان هاتوونەتە دەرەوە.

شۆفێرى بارهەڵگرەکانى ڕێگاى ئەم مەرزە دەڵێن، بەهۆى خراپیى ڕێگاکەیانەوە زیانێکى زۆر بەر ئۆتۆمبێلەکانیان دەکەوێت.

مەرزى پشتە یەکێکە لە مەرزە لاوەکییەکانى نێوان ئیران و عێراق، لە ساڵى ٢٠١٨ لیژنەى دەروازە نێودەوڵەتییەکانى حکومەتى عێراق مۆڵەتى چەند مانگێکى دیاریکرد بۆئەوەى مەرزەکە ئامادە بکرێت بۆ مەرزێکى نێودەوڵەتى یان بە تەواوى دابخرێت، لەو ماوەیەدا لەسەر ڕووبەرى ٣٥ دۆنم زەوى، گۆڕەپانى ئۆتۆمبیل و شوێنى فەرمانگە حکومییەکان ڕێکخرا، کە نزیکەى ٥٠٠ هەزار دۆلارى تێچوو، تەواوى تێچوونەکەش لەسەر بازرگان و شۆفێران بوو.

جگە لەوەش چەند جارێک ڕێگاى مەرزەکە نۆژەنکراوەتەوە، کە تێچووى نۆژەنکردنەوەکانیش دیسان لەسەر ئەرکى شۆفێران بووە.

کاوە عەلى جێگرى پارێزگارى هەڵەبجە دەڵێت، چاککردنەوەى ڕێگاى مەرزى پشتە یەکێکى ترە لە داواکارى و مەرجەکانى لیژنەى دەروازە نێودەوڵەتییەکانى حکومەتى عێراق، ڕێگاوبانى هەڵەبجە دەرخستەیان بۆ ڕێگاکە کردووە و نێردراوەتە ئەنجومەنى وەزیران، کە بڕى چوار ملیار دینارى پێویستە، بەڵام تا ئێستا بودجەى بۆ تەرخان نەکراوە.

ڕۆژانه‌ ١٦٠ - ١٧٠ باری جۆراوجۆر له‌ ئێرانه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی مه‌رزی پشته‌وه‌ هاورده‌ى هەرێمى کوردستان ده‌كرێت و بە پێچەوانەوە هیچ بارێك هه‌نارده‌ ناكرێت، داهاتی ڕۆژانه‌ی مه‌رزه‌كه‌ش له‌ نێوان ٤٠ - ٤٥ ملیۆن دیناردایه‌.