سەردێڕ:

زیادبوونى ژمارەى دانیشتوان بووەتە باسى گەرمى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

فۆتۆ: 
2019-09-20

6544 جار خوێندراوەتەوە

زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و جیاوازیی ڕێژەکە لەنێوان هەرێمى کوردستان و عێراق، بابەتی گەرمی سۆشیال میدیای هەرێمە لە ئێستادا، ئەمەش دوای ئەوەی پەرلەمانتارێکی پارتی داوای لە ژنانی کورد کرد، هەریەکە و پێنج منداڵیان ببێت بۆ ئەوەی باڵانسی دانیشتووان بەلای عێراقدا نەشکێتەوە و ڕێژەی کورد لەعێراقدا و بودجەی هەرێم کەم نەکات.


زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و جیاوازیی ڕێژەکە لەنێوان هەرێمى کوردستان و عێراق، بابەتی گەرمی سۆشیال میدیای هەرێمە لە ئێستادا، ئەمەش دوای ئەوەی پەرلەمانتارێکی پارتی داوای لە ژنانی کورد کرد، هەریەکە و پێنج منداڵیان ببێت بۆ ئەوەی باڵانسی دانیشتووان بەلای عێراقدا نەشکێتەوە و ڕێژەی کورد لەعێراقدا و بودجەی هەرێم کەم نەکات.

بەشێکی ڕەخنە و بابەت و گفتوگۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت داکۆکیکارانی مافی ئافرەت، لەسەر ئەوەیە کە ئەو پەرلەمانتارە کاری ئافرەتی تەنها وەک کابانی ماڵ و منداڵ گەورەکردن سەیرکردووە، بەشێکی تریشیان لەنێوان لایەنگری قسەکە و بەرهەڵستکاریدا قسەی خۆیان دەکەن و دەنوسن.

هەروەها لە بنەرەتدا، ئەو زانیاریانەی باس لە جیاوازی زۆری نێوان ژمارەی منداڵانی هەرێم بە بەراورد بە عێراق دەکەن، دورە لەراستیەوە، چونکە بەپێى داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و عێراقیش، ئەوا رێژەى زیادبوونى دانیشتوان لەنێوان هەرێمى کوردستان و عێراقدا، رێژەیەکى زۆر نزیکە لەیەکەوە، بەشێوەیەک رێژەى زیاد کردن لەهەرێمى کوردستان لەسەدا 2.4%، لەکاتێکدا رێژەى زیادکردن لەعێراقدا لەسەدا 2.6%یە، بەڵام جیاوازى ژمارەى دانیشتووان وادەکات زیادبوونى ئەوان زۆرتر دەربکەوێت، چونکە هەرێمى کوردستان ژمارەى دانیشتوانى کەمترە لەچاو ژمارەى دانیشتوانى ناوچەکانى ترى عێراقدا.

بەڵام ئەگەر دوور لە هەموو ئەو قسە و رەخنانە، سەیری نمونەکانی جیهان بکەیت، ئەوا دەردەکەویت کە ئاخۆ تەنها زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان، دەبێتە هۆی پێشکەوتنی وڵات و کۆمەڵگە؟ یان بە پێچەوانەوە؟

ژمارەی دانیشتوانی ئەڵمانیا لە ئێستادا لە ٨٣ ملیۆن کەس نزیک دەبێتەوە و، ئابوریی وڵاتەکە لەسەر ئاستی ئەوروپا یەکەمە و لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی چوارەمدایە لە دوای هەریەکە لە ئەمەریکا و چین و ژاپۆنەوە دێت و بەیەکێک لە خۆشگوزەرانترین وڵات دادەنرێت بۆ ژیان و لەڕووی ئابوریی و پیشەسازییەوە، یەکێکە لە گەورەترین و بەهێزترین وڵاتانی ئەوروپا و ئابورییەکەی لە ریزبەندیی جیهانیدا، پلەیەک لەپێش هندستانەوەیە، هەرچەندە ژمارەی دانیشتوانی هیندستان یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن کەسە، واتە زیاتر لە ١٥ ئەوەندەی ژمارەی دانیشتوانی ئەڵمانیا.

پێچەوانەی ئەمە وڵاتێکی وەک بەنگلادیش کە هەرچەندە ژمارەی دانیشتوانەکەی دوو ئەوەندەی ژمارەی دانیشتوانی ئەڵمانیایە و زیاترە لە ١٦٨ ملیۆن کەس، بەڵام بەیەکێک لە دواکەوتوترین و هەژارترین وڵاتەکانی سەر ڕووی زەوی دادەنرێت  و، لە ئێستادا ٢٤%ى دانیشتوانەکەی لەژێر هیڵی هەژاریەوەن.

جياواز لەم نمونانە، وڵاتی چین نمونەیەکی تایبەت و ناوازەیە، لە ئێستادا ئەو وڵاتە بووەتە گەورەترین وڵات لەڕووی ژمارەی دانیشتوانە و گەیشتووەتە یەک ملیار و سێ سەد و هەشتا و شەش ملیۆن.

لەڕووی ئابورییشەوە بووەتە دووەم گەورەترین ئابوریی جیهان، بەڵام تا ئێستاش خێزانەکان بۆیان نییە لە دوو منداڵ زیاتریان ببێت و هێشستا ئابورییەکەی لە دوای ئابوریی ئەمریکاوە دێت کە دانیشتوانی ئەمریکا لە چارەکێکی دانیشتوانی چین کەمترن.

لە ساڵی ١٩٧٨ەوە تا ساڵی ٢٠١٦، سیاسەتی یەک منداڵی لە چین پەیڕەو دەکرا و هەر خێزانێک بۆی نەبوو لە منداڵێک زیاتری ببێت، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە ژمارەی ڕێگەپێدراو لە منداڵێکەوە کرا بە دووان و پێشبینیش دەکرێت ساڵی داهاتوو بە تەواوەتی لاببرێت،  بەڵام لەهەمان کاتدا چین بەردەوام بووە لە پێشکەوتن و گەشەسەندن و لەماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا ئابورییەکەی بەڕێژەی %٣٥٠ گەشەى کردووە.

جیاواز لەم نمونانە، وڵاتێکی بچوکی وەک ئیسرائیل کە ژمارەی دانیشتوانەکەی تەنها هەشت ملیۆن و حەوت سەد هەزار کەسە، یەکێکە لە بەهێزترین و پێشکەوتوترین وڵات لەڕووی زانست و تەکنەلۆژیا و پیشەسازییەوە و خاوەنی چەکی ناوەکیشە، تا ئێستا ١٢ هاوڵاتی ئیسرائیلی خەڵاتی نۆبڵیان لە بوارە جیاوازەکاندا بەدەست هێناوە.

بەڵام وڵاتێکی وەک عێراق کە ژمارەی دانیشتوانەکەی بەهەرێمی کوردستانەوە دەگاتە ٣٨ ملیۆن کەس و نزیکەی پێنج ئەوەندەی دانیشتوانی ئیسرائیلە، نەک بەهێز نییە و خۆی پێ ناپارێزرێت بەرامبەر ئیسرائیل، هەرچەندە هیچ هاوڵاتییەکیان خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ نین، بەڵکو هێلکەی مریشک و پەتاتەش لە دەرەوە هاوردە دەکەن و بە یەکێک لە گەندەڵترین و نائارامترین وڵاتانی دونیا دادەنرێت.