ئەم دیمەنە ٢٣ ساڵ پێش ئێستایە کە جیاکردنەوەی سنوری دێگەڵەیە و بووە هۆی ڕەمزی دوو ئیدارەیی و تا ئێستاش ئاسەوارەکانی ماون و بەهۆی هەندێک رووداوەوە ناوە ناوە ئەم دیمەنانەمان بیردێننەوە.
ئەم دیمەنە ٢٣ ساڵ پێش ئێستایە کە جیاکردنەوەی سنوری دێگەڵەیە و بووە هۆی ڕەمزی دوو ئیدارەیی و تا ئێستاش ئاسەوارەکانی ماون و بەهۆی هەندێک رووداوەوە ناوە ناوە ئەم دیمەنانەمان بیردێننەوە.
بەرەبەیانی ١٩ی ئەیلول لە بازگەی گۆمەسپان، لەلایەن بەرپرسانی بازگەکەوە ڕێگری لە مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان کرا بچێتە هەولیر بۆ بەشداری لەکۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی.
لەبارەی ئەم رووداوەوە وەزارەتی ناوخۆ روونکردنەوەیەکی بڵاوکردۆتەوەو رووداوەکە بە نەخوازراو ناودەبات، بەڵام هیچ هۆکارێکی باس نەکردووەو تەنها دەڵێت کە لێکۆڵینەوە دەکەن.
سەرچاوەیەکی نزیک لە مەحمود سەنگاوی بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، دەنگۆی ئەوە هەیە کە یەکێتیش هەمان هەڵویستی بەرامبەر بەرپرسانی پارتی هەبێت لە کاتی هاتنیان بۆ سلێمانی و لەسەر ئەو باباتەش کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی ڕاگیراوە.
لەلایەکى دیکەوە بورهان سەعید سۆفى ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى لە بەرنامەى تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، کۆسرەت رەسوڵ نامەیەکى نیگەرانى ناردووە بۆ مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى و چاوەروانى وەڵامن.
ئەم ڕێگری کردنەش دوای کۆتا لێدوانی سەنگاوی دێت بەرامبەر پارتی کە تیایدا بە توندى رەخنەى لە مەسعود بارزانى و پارتى گرت و هێرشی کردە سەر کەسایەتیی ناوبراو.
ئەمە یەکەم جارنییە لە بازگەکانی پارتییەوە ڕێگری چوونە هەولێر لە بەشێک لە بەرپرسانی حزبە سیاسییە جیاوازەکان بکرێت، لە چەند ساڵی ڕابردووشدا لەبازگەی دێگەڵە ڕێگری لە کۆسرەت ڕەسوڵ کرا بچێتە هەولێر، کە ئەو کات جێگری سەرۆکی هەرێم بوو، بەڵام زوو بەزوو مەسرور بارزانی گەیشتە لای لە کۆیەو پۆزشی بۆ هێنایەوە.
لە ١٢ی مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٥دا لە بازگەی پردێ لەلایەن بەرپرسانی بازگەکەوە ڕێگری لە یوسف محەمەد سەرۆکی ئەوکاتەی پەرلەمان کرا.
لە ساڵی ٢٠١٧دا لەهەمان بازگە ڕێگری لە پەرلەمانتاران عەلی حەمەساڵح و سۆران عومەر کرا بچنە هەولێر.
لەکاتی رێگریکردن لەسەرۆکی پەرلەمان، بەشێک لە کادیرەکانی یەکێتی و هەندێک لە میدیا سێبەرەکانی بە تەنزەوە باسیان لەرێگریکردنەکە دەکرد و بەشێکیشیان هۆکارەکەیان بۆ ئەوە دەگەڕاندەوە کە گۆڕان هێزی چەکداری نییە، بەڵام ئێستا رێگری لە فەرماندەیەکی پێشمەرگە دەکرێت و کاردانەوەکانیش هەر وەک یەکن.
بەبڕوای چاودێران دووبارە بوونەوەی ئەم رووداوە لەکاتێکدایە کە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بەپێچەوانەی ئەوەوە کە لەسەری دەوترا گوایە کوردستان و حکومەت هەمووی یەکدەخاتەوەو ئاسەواری دوو ئیدارەیی دەسڕێتەوە، بەڵکو ئەمە نیشانەیەکی دیاری تۆخکردنەوەی دوو ئیدارەییە لەلایەن ئەم کابینەیەوە.