سەردێڕ:

وردەکاریى سەردانى شاندى هەرێم بۆ بەغدا لەسەر بودجە

حکومەتی هەرێم چەندین مەرجی هەیە بۆ ڕێککەوتن
کۆبوونەوەى شاندى هەرێم و بەغدا
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-09-16

28826 جار خوێندراوەتەوە

شاندێکی دیکەی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکەن، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، حکومەتی هەرێمیش چەندین مەرجی هەیە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق، کە پێدەچێت بە ئاسانی بەغدا ئامادە نەبێت بۆ جێبەجێکردنیان.


شاندێکی دیکەی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکەن، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، حکومەتی هەرێمیش چەندین مەرجی هەیە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق، کە پێدەچێت بە ئاسانی بەغدا ئامادە نەبێت بۆ جێبەجێکردنیان.

مەرجەکانی هەولێر بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا بریتین لە:

دانەوەی قەرزە کۆنەکان و ھەموو ئەو شایستانەی لە رابردوو بەغدا لە هەرێمی بڕیوە.

گرەنتیکردنی مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان و جێگیرکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی سیادیی عێراق.

خەرجکردنی شایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیایانەی کە نەوت لە ھەرێمی کوردستان بەرھەمدەهێنن.

ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان و ڕێککەوتن لەسەر خاڵە سنوریی و گومرگییەکان.

بە وتەی بەرپرسانی هەرێم، کەشێکی ئەرێنی هاتووەتە ئاراوە و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریدا فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دروستبکاتەوە و هێزی پێشمەرگەش تێیدا بەشداردەبێت، هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئامادەیی دەربڕیوە بۆ بەشداریی نوێنەرانی هەرێم لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا.

بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێم پابەندنەبووە بە ڕادەستکردنی نەوت بە بەغدا بەو شێوەیەی لە بودجەی ٢٠١٩ی عێراقدا لەسەری ڕێکەوتبوون، ئەوەش حکومەتی عادل عەبدولمەهدی خستووەتە ژێر فشاری بەشێک لە لایەنەکانەوە، کە چۆن بەبێ ڕادەستنەکردنی نەوت موچە رەوانەی هەرێم دەکات.

 

ئێستا حکومەتی عێراق سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ە و بەشێک لە لایەنە شیعەکانیش دژی ئەوەن، کە بەبێ ڕادەستکردنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێردرێت.

هەربۆیە ئەگەر هەردوولا نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوا مەترسی ئەوە هەیە بەغدا ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕابگرێت، بەوەش حکومەتی هەرێم ناتوانێت تەواوی مووچەی فەرمانبەران دابین بکات و کێشەی مووچە جارێکی دیکە سەرهەڵدەداتەوە.

حکومەتی هەرێم دەیەوێت لەسەر چارەسەرێکی کاتی لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوێت، وەکو ئەوەی لەمساڵدا کراوە و بەغدا نیوەی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی ناردووە، بەڵام پێناچێت بەغدا بەوە ڕازی بێت، چونکە بەغدا دەیەوێت نەوتی هەرێمی ڕادەست بکرێت.