لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا لەسەر ڕەوشی سوریا، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، کە هێزە چەکدارەکانی سەربە ئۆزسیۆنی سوریا لە عەفرین تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە و بەردەوامن لەسەر گرتن و ئازاردان و ئەشکەنجەدانی هاوڵاتییانی کورد.
لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا لەسەر ڕەوشی سوریا، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، کە هێزە چەکدارەکانی سەربە ئۆزسیۆنی سوریا لە عەفرین تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە و بەردەوامن لەسەر گرتن و ئازاردان و ئەشکەنجەدانی هاوڵاتییانی کورد.
لەوبارەیەوە کۆمیتەی لێکۆڵینەوە سەربە مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووکان، ڕایگەیاندووە، کە لەبەر نەبوونی یاسا لە شارۆچکەی عەفرین، هێزە چەکدارەکان بە تایبەتی سوپای سوریای ئازاد، بە شێوەیەکی فراوان دەستیان کردووە بە ڕفاندن و کوشتن و ئەشکەنجەدانی خەڵکی مەدەنی، بە تایبەتی لە دژی هاوڵاتیانی کورد.
لە ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سوریاش کراوە، بە هاوکاریی سوپای ڕوسیا لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا، کە بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنانەوە بە سەدان هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە ٣٣٠ هەزار کەسیش ئاوارەبوون، ئەوەشی بە تاوانی جەنگ ناوبردووە.
ئەو ڕاپۆرتە لەکاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ١٥ هاوڵاتیی دیکەی کورد لەلایەن هێزەکانی سوپای سوریای ئازادەوە، کە تورکیا پشتیوانییان دەکات، ڕفێندران و هەر بەهۆی دەستدرێژییەکانی ئەو هێزانەوە، دوو ژن بریندار بوون.
عەفرین یەکێکە لە شارۆچکەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، کە سەربە پارێزگای حەلەبە و دەکەوێتە سەر سنوری باکوری ڕۆژئاوای سوریاوە و لە ٣٦٦ گوند پێکدێت، بە پانتایی دوو هەزار و ٣٣ کیلۆمەتر، ژمارەی دانیشتوانی سنوری عەفرین زیاتر لە ٤٦٠ هەزار کەسن.
عەفرین بە بەرهەمهێنانی زەیتون بەناوبانگە و بە هەزاران دۆنم دار زەیتونی هەیە، کە دوای داگیرکردنی لەلایەن تورکیا و سوپای ئازادی سوریاوە، بەشێک لە دار زەیتوونەکان بڕدرانەوە.
دوای ٥٨ ڕۆژ لە بەرخۆدانی دانیشتوانی عەفرین و شەڕڤانان، لە دژی هێرشی سوپای تورکیا بە پشتیوانی گروپە چەکدارە توندڕەوەکانی سوریا، ڕۆژی ١٨ی ئازاری ٢٠١٧ ئەو شارۆچکەیە کەوتە دەست تورکیا و گروپە چەکدارەکانییەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا تورکیا بە شێوەیەکی فراوان دەستی کردوە بە گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین و گۆڕینی ناسنامەی ئەو شارۆچکەیەی ڕۆژائاوای کوردستان.
هەروەها هاوڵاتیانی عەفرین، بە تایبەتی کوردەکان بە شێوەیەکی بەردەوام دەڕفێنرێن و دەکوژرێن و ماڵەکانیان تاڵان دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە دار زەیتوونەکان دەبڕدرێنەوە و دەسوتێنرێن.