٢٨ ساڵە حکومڕانیی کورد لە هەرێمی کوردستان هەیە و نۆ کابینەی حکومەت و چوار خولی پەرلەمان تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا هەرێمی کوردستان خاوەنی دەستوورێکی تایبەت بە خۆی نییە.
٢٨ ساڵە حکومڕانیی کورد لە هەرێمی کوردستان هەیە و نۆ کابینەی حکومەت و چوار خولی پەرلەمان تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا هەرێمی کوردستان خاوەنی دەستوورێکی تایبەت بە خۆی نییە.
بەڵام بە وتەی رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان بە ئامانجی بەدەستهێنانی پشتگیریی حزبەکان بۆ نوسینەوەی دەستوور، کۆدەنگی لەسەر هەندێکی بابەتی چارەنووسساز دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان زنجیرەیەک سەردانی بۆ لای لایەنە سیاسییەکان دەستپێکردووە، بۆئەوەی تیمێکی نیشتمانی دروستبکەن بۆ نوسینەوەی دەستوور.
هەر لەبارەی نوسینەوەی دەستوری کوردستانەوە، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان وتی، گەیشتووینەتە قۆناغێک کە پێویستە دەستوورمان هەبێت،جەختیشی کردەوە، لەم خولەی پەرلەماندا هەرێم دەبێتە خاوەنی دەستوور، ئەوەشی وت کە پەرلەمان دەبێتە شوێنی چارەسەرکردنی کێشەکان و داواشیان لە حزبەکان کردووە پشتگیری کارەکانی پەرلەمان بکەن.
بەشێکی تری کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەیە پشتیگیرى حزبەکان بۆ کارنامەی حکومەت و جێبەجێکردنی بەدەستبهێنن، ئەمەش لەکاتێکدایە، دەبوو حکومەت خۆی ئەو کارەی بکردایە و پەرلەمان چاودێریی جێبەجێکردنی کارنامەکەی بکردایە، چونکە یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی پەرلەمان چاودێریی کارەکانی حکومەتە.
لە خولی پێشووی پەرلەماندا لیژنەیەکی ١٩ کەسی بۆ نوسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان پێکهێنرا و ٧٠ مادەی لێ نوسرایەوە، بەڵام کاتێک لیژنەکە گەیشتنە بابەتی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم، نەیتوانی بگاتە رێککەوتن و بەو هۆیەوە کارەکانی لیژنەکە وەستا، بەڵام ئێستا سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەیەوێت لیژنەکە کارا بکاتەوە و پرۆسەی نوسینەوەی دەستووری هەرێم تەواوبکات.