ناوەندی هاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئێران کە لە ٤ حزب پێکهاتوون تا ئێستا چەندجارێک لەگەڵ ئێراندا بە چاودێریی لایەنی سێیەم لە نەرویژ وتوێژیان کردووە تاکو بگەنە رێککەوتنێک بۆئەوەی بە شێوەی فەرمی لەسەر ئاستی باڵا کۆببنەوە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک و هەر لایەنێکیشیان مەرجێکی خۆی هەیە بۆ کۆبوونەوەکان.
ناوەندی هاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئێران کە لە ٤ حزب پێکهاتوون تا ئێستا چەندجارێک لەگەڵ ئێراندا بە چاودێریی لایەنی سێیەم لە نەرویژ وتوێژیان کردووە تاکو بگەنە رێککەوتنێک بۆئەوەی بە شێوەی فەرمی لەسەر ئاستی باڵا کۆببنەوە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک و هەر لایەنێکیشیان مەرجێکی خۆی هەیە بۆ کۆبوونەوەکان.
ئارام مودەڕیسی ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کە حزبەکەیان ئەندامە لە ناوەندی هاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئێران دەڵێت، لە دوو مانگی داهاتوودا وتووێژەکان بە شێوەی فەرمیتر دەستپێدەکەنەوە.
حزبەکانی ئەندام لە ناوەندی هاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئێران لە گفتوگۆکانیادا چوار مەرجیان بۆ کۆماری ئیسلامی هەبووە:
یەکەم: لە ناوەندێکی فەرمی ئێرانەوە وەک پەرلەمان یان خودی خامنەییە و لە رێگەی ڕاگەیاندنەوە بەفەرمی ئەوە ڕابگەیەنن، کە لەگەڵ حزبەکانی ڕۆژهەڵات کۆدەبنەوە و رێککەوتن دەکەن.
دووەم: کشانەوەی بەشێکی زۆری هێزە سەربازییەکانی ئێران لە خاکی کوردستان.
سێیەم: تەقە نەکردن لە کۆڵبەرا.
چوارەم: ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی کورد و راگرتنی سزای لە سێدارەدان
لە بەرامبەردا ئێرانیش چەند مەرج و داواکارییەکی بۆ ئەو حزبانە هەبووە کە لە دانیشتنەکەدا خراونەتەڕوو:
یەکەم: کۆبونەوەکان لەگەڵ کەسی یەکەمی حزبەکان بێت
دووەم: کۆبوونەوەکان بەجیا لەگەڵ حزبەکان بێت نەک پێکەوە
سێیەم: کۆبوونەوەکان بە بێ ئامادەبوونی لایەنی سێهەم بێت
چوارەم: کۆبوونەوەکان لە خاکی هەرێمی کوردستان بێت
مستەفا مەولودی سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ئێمە ناچینە ژێر باری ئەو مەرجانەی ئێران کە بیەوێت بە قازانجی خۆی دایبنێت بەتایبەت کۆبونەوەکان لە هەرێمی کوردستان رەتدەکەینەوە .
هەرچەندە لەچەند هەفتەی ڕابردوودا وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەی وتبوو کە هیواخوازە ئەو گفتوگۆیانە لە گەڵ حزبەکوردییەکان سەرکەوتوو بێت ئەم قسەیەش بەلای حزبەکانی رۆژهەڵاتەوە گرنگە و پێشهاتی تازەیە.
لە رابردوودا چەند جارێک گفتوگۆو دانیشتن لە نێوان حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەبووە کە بەشێک لە گفتوگۆکان هیچ ئەنجامێکیان نەبووە و بەشێکی تریش لە گفتوگۆکان بە تیرۆرکردنی سەرکردەی حزبە کوردییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆتاییان هاتوە، ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی بەشێک لە چالاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئەو گفتوگۆ و دیدارانەدا نەبن و پێشیانوایە ئێران تەنها بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی سەری و بە شێوەی تەکتیکی گفتوگۆ لەگەڵ حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و هیچ نیازێکی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە وڵاتەکەیدا نییە.