سەردێڕ:

تا ئێستا بڕ و وادەی دابەشکردنی نەوتی سپی دیارینەکراوە

فۆتۆ: 
2019-09-05

6941 جار خوێندراوەتەوە

کۆتایی وەزری هاوینە جارێکی دیکە ناروونی لە بڕ و کاتی دابەشکردنی نەوتی سپی بۆ ماڵان هاوڵاتییانى نیگەران کردووە.


کۆتایی وەزری هاوینە جارێکی دیکە ناروونی لە بڕ و  کاتی دابەشکردنی نەوتی سپی بۆ ماڵان هاوڵاتییانى نیگەران کردووە.

 هاوڵاتییەک بیزاربووە لە هەواڵ و واتە واتی دابەشکردن و دابەشنەکردنی نەوت، هەربۆیە بریاریداوە وازلە نەوت بهێنت، ئێستا خانووەکەی بە سیستەمی شۆڤاژ گەرم دەکاتەوە.

 بەشێکی دیکە لە هاوڵاتییان باس لەوە دەکەن بەهۆی کەمی ئەو بڕە نەوتەی کە وەریدەگرن، دەبێت ساڵانە ٣٥٠ بۆ ٤٠٠ هەزار دینار بۆ کڕینی نەوت تەرخان بکەن، ئەوەش بارگرانییەکی زۆر لەسەریان دروستدەکات.

پارێزگاری سلێمانی ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگەی وەک وادەی گەیشتنی بەشەنەوتی سپی لە بەغداوە بۆ هەرێم راگەیاندووە، بەڵام نازانرێت بڕەکەی چەندە و چەندی کات پێویستە تا هەر ١٠ مەڵبەندەکەی سلێمانی بەرمێلێک نەوت وەردەگرن.

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، سلێمانى پێویستى بە ١٠٨ ملیۆن لیتر نەوت هەیە بۆ ئەوەى کە بەرمیلێک نەوت بەسەر هاوڵاتییاندا دابەش بکەن، بەڵام ئەو بڕەى کە دەینێرن کەمترە لە ٣٠ ملیۆن لیتر.

هەرچەندە سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاریدا پێش وەرزی زستان نەوت بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشبکرێت، بەڵام ئەمەش نەبووەتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕی ئازاد و لە ئێستادا نرخی بەرمیلێک لە نێوان ١٢٥ بۆ ١٣٥ هەزار دینارە.