سەردێڕ:

عەرەب و تورکمانەکان بە داواکارییەکانی کورد بۆ پۆستى پارێزگاری کەرکوك ناڕازین

کۆبوونەوەکانى لایەنى کوردى لەگەڵ عەرەب و تورکمانەکان
فۆتۆ: 
2019-09-05

5048 جار خوێندراوەتەوە

بۆ ئاساییکردنەوەى رەوشى کەرکوک و کردنەوەى گرێکوێرەکانى پۆستى پارێزگار، لایەنە کوردییەکان لە بەغدا تەقەیان لەدەرگاى تورکمان و عەرەبەکاندا.


بۆ ئاساییکردنەوەى رەوشى کەرکوک و کردنەوەى گرێکوێرەکانى پۆستى پارێزگار، لایەنە کوردییەکان لە بەغدا تەقەیان لەدەرگاى تورکمان و عەرەبەکاندا.

شاندێکى پارتى و یەکێتى و لیستى برایەتى،  لەگەڵ بەرەى تورکمانى و لایەنى عەرەبى کۆبوونەوە، بەڵام پێناچێت ئەنجامى کۆبوونەوەکانى بەدڵى لایەنى کوردى بێت.

ئەگەرچی کۆبونەوەکان بە نھێنی و بە سەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتوەکان بەڕێوەچوون، بەڵام ئێن ئاڕ تى زانیویەتی کە خواستی کورد ئەوەیە پێش ھەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان، پۆستى پارێزگاری کەرکوک یەکلایی بکرێتەوە و دۆخی ئەمنیش ئاسایى بکرێتەوە.

هاوکات ئێن ئاڕ تى زانیویەتى تورکمان داواکانی کوردی ڕەتکردووەتەوە و داوای ٣٢٪‏ پۆستە ئیداریی و سەربازییەکانى کەرکوکی کردووە و داواکارییەکى تریشى پۆستى پارێزگارە تا کاتی ھەڵبژاردن.

لایەنى عەرەبیش بۆ پشکی ئیداریی و سەربازیی ھەمان داوای تورکمانیان ھەیە، بەڵام تا ڕادەیەك لاریان نیە کە پارێزگار تا کاتی ھەڵبژاردن بۆ کورد بێت.

ئەگەر چی کورد زۆرینەی دانیشتوانی کەرکوک پێکدەھێنێت، بەڵام لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەرى ساڵى ٢٠١٧ەوە، ئیدارەى شارەکە لە ژێر کۆنترۆڵى لایەنە کوردییەکان نەماوە و لەو کاتەشەوە جارێک بەھۆی ڕیکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی و جارێکش بەھۆی داوای زۆری تورکمان و عەرەبەکانەوە تائیستا رەوشى شارەکە ئاسایى نەبووەتەوە.