سەردێڕ:

شارەوانیی سلێمانی: پیادەڕەوەکەی باخی گشتیی تێکدەدەینەوە چونکە بەپێی نەخشەی ئەندازیاری نەکراوە

فۆتۆ: 
2019-09-04

3385 جار خوێندراوەتەوە

دواى نۆژەنکردنەوەى بەردەم باخى گشتیى شارى سلێمانى و کردنەوەى بەڕووى هاتوچۆى هاوڵاتییاندا، سەرۆکایەتیى شارەوانیى سلێمانى دەڵێت، پێدەچێت نۆژەنکردنەوەى بەردەم باخى گشتى تێکبدەنەوە.


دواى نۆژەنکردنەوەى بەردەم باخى گشتیى شارى سلێمانى و کردنەوەى بەڕووى هاتوچۆى هاوڵاتییاندا، سەرۆکایەتیى شارەوانیى سلێمانى دەڵێت، پێدەچێت نۆژەنکردنەوەى بەردەم باخى گشتى تێکبدەنەوە.

وەک تیمى ئەندازیاریى نەوەى نوێ ئاماژەى بۆدەکەن، ئەو ماددەیەى کە بۆ نۆژەنکردنەوەکە بەکارهاتووە، رووپۆش نەکراوە و بەرگە دەگرێت و کارێکى جیاوازیان کردووە.

هەندرێن فاروق لە تیمی ئەندازیاریی نەوەی نوێ، باسی لەوە کردووە، کۆنکرێتى شەقامەکە بە شێوەیەک کردوویانە کە ماوەیەکى زۆر بەرگە بگرێت.

لە بەرامبەردا زەردەشت ڕەفیق سەرۆکی شارەوانیى سلێمانیش دەڵێت، لەبەرئەوەی کارەکەی نەوەی نوێ هەمان ئەو دیزاینە نییە کە شارەوانیی سلێمانی بۆی دیاریکردووە، پێدەچێت تێکیبدەنەوە و سەرلەنوێ بە دیزاینى شارەوانى نۆژەنبکرێتەوە.

هەڵکەوتەى جوگرافیى باخى گشتیى سلێمانى بە شێوەیەکە، بە تەنیشتییەوە بارەگاى لقى چوارى پارتى دیموکراتى کوردستانە، کە بارەگاکە تەنها چەند مەترێک لێوەى دوورە، لە لایەکى تریشەوە، قایمقامێتى سلێمانى کە بەدەست یەکێتیى نیشتمانیى کوردستانەوەیە، بە تەنیش باخى گشتییەوەیە و تەنها شەقامێک لە نێوانیاندایە.

ڕێبوار عەلی بەرپرسی ئۆفیسی سەرچاوە مرۆییەکانی نەوەی نوێ، کە لایەنى جێبەجێکارى پرۆژەکەیە، دەڵێت، بە هەموو حزب و دەسەڵاتدارانەوە نەیانتوانى بە حەوت ساڵ شوێنێکى دیارى شارى سلێمانى چاکبکەنەوە، کە تەنانەت پارەیەکى کەمى تێدەچێت، بەڵام ئەمان چاکیانکرد، چونکە هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن و پێیان ناخۆشبوو کە ئەو شوێنە وەها وێرانە.

ئایا دواى نۆژەنکردنەوەى بەردەم باخى گشتى، شارەوانیى سلێمانی ئەم کارە تێکدەداتەوە و سەرلەنوێ نۆژەنى دەکاتەوە، یاخود وەک خۆی جێیدەهێڵێت؟ داهاتوو وەڵامى ئەم پرسیارە دەداتەوە.