گرێبەستی حکومەت لەگەڵ کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت بۆ بەئەلکترۆنیکردنی فەرمانگەکانی دادنووسی تادێت تەمومژ و گومان و پرسیاری زیاتری دەچێتە سەر، ئەمەش نەک هەر تەنها بەهۆی ئەو نرخەی لەسەر عەریزەنووسین دانراوە، بەڵکو لەسەر پێکانی ئامانجەکە و خودی کۆمپانیاکەش.
گرێبەستی حکومەت لەگەڵ کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت بۆ بەئەلکترۆنیکردنی فەرمانگەکانی دادنووسی تادێت تەمومژ و گومان و پرسیاری زیاتری دەچێتە سەر، ئەمەش نەک هەر تەنها بەهۆی ئەو نرخەی لەسەر عەریزەنووسین دانراوە، بەڵکو لەسەر پێکانی ئامانجەکە و خودی کۆمپانیاکەش.
لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا دوای وەرگرتنی رەزامەندیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی حکومەتی هەرێم، وەزارەتی داد گرێبەستێکی بۆ بەئەلکترۆنیکردنی فەرمانگەکانی دادنووسی لەگەڵ کۆمپانیای ئینفۆ ئاڕ ئاڕ واژۆکرد، بەپێی گرێبەستەکە نرخی هەر مامەڵەیەکی دادنووسی ٢٥ هەزار دینارە، کە ٨٠%ی بۆ کۆمپانیاکە دەبێت، واتە ٢٠ هەزار دیناری. ئەمەش مانای ئەوەیە کە لە هەر عەریزەیەکدا کۆمپانیاکە ٢٠ هەزار دینار بۆ خۆی وەردەگرێت.
بە وتەى بەختیار ئەمین توێژەر لە زانکۆی لیڤەرپوڵی بەریتانیا و شارەزای بواری بەئەلکترۆنیکردنی حکومەت، ئامانج لە بەئەلکترۆنیکردن راییکردنی مامەڵەی هاوڵاتییانە بە کاتی کەمتر و نرخی کەمتر، واتە ئەگەر پێشتر بۆ نمونە بە ١٠ خولەک مامەڵەیەک راییکرابێت، ئێستا پێویستە هەر لەو ماوەیەدا چەندین مامەڵە راییبکرێت، هەروەها ئەگەر پێشتر مامەڵەکە ٥ هەزار دیناری تێچووبێت، پێویستە لە ئێستادا کەمتر لە سەدا پەنجای ئەو نرخەی تێبچێت، بەڵام لە بەئەلکترۆنیکردنی فەرمانگەکانی دادنووسی ئەمە نەک رووینەداوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە بۆ نزیکەی چوار هێندە نرخەکە بەرزبووەتەوە.
وەک دەبینرێت لەڕووی زانستییەوە ئامانجە و ئەنجامەکە بە تەواوەتی لەژێر پرسیاردایە، ئەمە جیا لەوەی لەڕووی شەفافیەت و چۆنێتی پێدانی ئەو گرێبەستە بە کۆمپانیایەک و دیاریکردنی نرخەکەی بەو جۆرەی ئێستا، گومانەکانی تۆختر کردووەتەوە و لە کەمکردنەوەی ئاشکرادا تەندەرەکەی نەخراوەتەڕوو.
شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەو روەوە تەحەدای حکومەتی کردووە و رایگەیاندووە کە ئەوان دەتوانن کۆمپانیایەک پەیدابکەن و بە سێ هەزار دینار هەمان ئەو مامەڵەی عەریزەنووسینە جێبەجێ بکات.
ھاوکات لە بەدواداچوونێکدا ئێن ئاڕ تی زانیویەتی، خاوەنی کۆمپانیای ئینفۆ ئاڕ ئاڕ کە کۆمپانیاکەی لە بەریتانیا تۆمارکردووە، خاوەنی کۆمپانیایەکی ترە بە ناوی ئاڕ تی سی یو کەی، کە هەر لە بەریتانیا تۆمارکراوە و لە بواری چاپ و دەرهێنانی کارتی مانەوە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێم گرێبەستی هەیە.
بۆ کۆمپانیای ئینفۆ ئاڕ ئاڕ کە گرێبەستی بەئەلکترۆنیکردنی فەرمانگەکانی دادنووسی واژۆکردووە، لە سیستمی باج و داهاتی بەریتانیا لە ساڵی ٢٠١٨دا داهاتەکەی شەش هەزار و ٧٨١ پاوەند (٨ هەزار و ١٩٧ دۆلار) بووە، کە ئەمەش لە داهاتی مانگێکی هەندێک دوکان و چێشتخانەی هەرێم کەمترە، وە هەمان ئەو داهاتەی کە بە ساڵێک لە وڵاتی بەریتانیا دەستیدەکەوێت، ئەوا لە هەرێم لە ماوەی یەک دوو رۆژدا دەستیدەکەوێت.
جیا لەوە بوونی داهاتێکی کەمتر لە ١٠ هەزار دۆلار کەموکوڕییەکی ترە، بەو پێیەى لە بەرامبەر ئەو قازانجە زەبەلاحەی کۆمپانیاکە لە عەریزەنووسیندا دەستیدەکەوێت، هیچ سامان و داهاتێک نییە کە لەکاتی شکستهێنان لە پڕۆژەکەدا، حکومەت وەک قەرەبوو بتوانێت دەستیبەسەردا بگرێت.
هەرچی کۆمپانیای ئاڕ تی ئی سی یو کەی-ە، کە گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ هەیە، هیچ باج و داهاتێکی لە کۆمپانیا هاوسی بەریتانیا دیارینەکراوە و لە بنەڕەتدا کۆمپانیاکە راگیراوە، ئەمە جیا لەوەی پسپۆڕی و جۆری بازرگانییەکەی نەزانراوە.
لە ئێستادا گومانە گەورەکە ئەوەیە کە چۆن دوو وەزارەتی حکومەتی هەرێم لەگەڵ دوو کۆمپانیا گرێبەست واژودەکەن کە خاوەنی هەردووکیان هەمان کەسن و هەردووکیان لە بەریتانیا هیچ پێشینە و ئەزموونێکیان نییە، تەنانەت یەکێکیشیان لە کۆمپانیا هاوسی بەریتانیا راگیراوە.
لەوبارەوە جەلال شێخ کەریم بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بە ئێن ئاڕ تیی راگەیاند، لەکاتی بەستنی گرێبەستەکەدا بەدواداچوونی تەواویان بۆ کارەکانی ئەو کۆمپانیایە کردووە و هیچ کێشەیەکی نەبووە.
رونیشیکردەوە، ئەو کۆمپانیایە کە ئۆفیسی سەرەکیی لە بەریتانیایە، سیستمێکی ئای تی داناوە کە کارەکانی پێدانی کارتی مانەوە لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم دەکات و پابەندکراوە بە دانانی ئامێری پەیوەندیی ئەلکترۆنی، کۆمپیوتەر و پرینتەر و کارتی پلاستیکی دابینبکات و هەر مۆڵەتێک بە هەشت هەزار دینار تازە دەکرایەوە.
سەبارەت بەو پرسیارەش کە ئایا کێ خاوەنی ئەم کۆمپانیایەیە یاخود شەریکە لەگەڵیدا، ناوبراو رایگەیاند کە ئەوان نازانن و تەنها ئەوە دەزانن کە هاوڵاتییەکی خەڵکی هەولێر شەریکە لەگەڵ خاوەن کۆمپانیاکە.
بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، لە ئێستادا چاپکردنی هەر کارتێکی مانەوە لە هەشت هەزارەوە بووەتە ١٦ هەزار دینار، واتە نرخەکەی بووە بە ٢٠٠%، بەدواداچوونەکانیش بۆ زانینی هۆکاری ئەو بەرزبوونەوەیە نەگەیشتنە ئەنجامێکی روون، تەنها ئەوە نەبێت کە بەپێی نوێکردنەوەی گرێبەستەکە نرخەکەی بۆ دوو قات بەرزبووەتەوە.
ناڕەزایەتییەکان و دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکان لەسەر بەئەلکترۆنیکردنی عەریزەنووسین حکومەتی نوێ دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکەوە، بەتایبەتی کەدروشمی سەرەکیی لە یەکەم ساتەکانی هاتنەسەرکاری چاکسازی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵییە، ئاخۆ نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکان بە هەند وەردەگرێت، یان لێدەگەڕێت چۆن هاتووە هەروا بەردەوام بێت؟