ئێن ئاڕ تى گرێبەستى نێوان حکومەتى هەرێم و کۆمپانیاى بە ئەلیکترۆنیکردنى کارى عەریزەنوسەکان بڵاودەکاتەوە کە بەپێی گرێبەستەکە نرخى عەریزە نوسین بۆ ٢٥ هەزار دینار بەرزکراوەتەوە و لەسەدا هەشتاى ئەو پارەیەش بۆ کۆمپانیاکە دەبێت.
ئێن ئاڕ تى گرێبەستى نێوان حکومەتى هەرێم و کۆمپانیاى بە ئەلیکترۆنیکردنى کارى عەریزەنوسەکان بڵاودەکاتەوە کە بەپێی گرێبەستەکە نرخى عەریزە نوسین بۆ ٢٥ هەزار دینار بەرزکراوەتەوە و لەسەدا هەشتاى ئەو پارەیەش بۆ کۆمپانیاکە دەبێت.
لە ١٣ ی شوباتی ئەمساڵدا بە نوسراوێک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کە بە ژمارە ٨٠٩ ئاراستەی وەزارەتی دادی کردووە، رەزامەندی لەسەر گرێبەستەکە دەربڕیوە.
رۆژى ٢٧ى شوباتى ئەمساڵیش گرێبەستەکە لە نێوان وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێم وەک لایەنی یەکەم و کۆمپانیای ئینفۆ ئاڕ ئاڕ کە کۆمپانیایەتی کەرتی تایبەتە واژۆکراوە.
بەگوێرەی گرێبەستەکە کۆمپانیای جێبەجێکار داتاسەنتەرێک دادەمەزرێنێت و رادەستی فەرمانبەران و کادیدرانی وەزارەتی دادی دەکات و ئەرکی سازدانەوە و چاککردنى داتاسەنتەرەکەشی لە ئەستۆ دەبێت.
هاوکات حکومەت پابەندکراوە کە سەرجەم فەرمانگەکانی دادنوسی پابەندبکات بە جێبەجێکردنی ناوەرۆکی گرێبەستەکە و ئاماژە بەوەشکراوە کە ماوەی کارکردن بەو گرێبەستە ١٥ ساڵە.
هەر بەپێی ئەو گرێبەستە ٢٥ هەزار دینار بۆ هەر مامەڵەیەک وەردەگیرێت لەو بڕە ٢٠ هەزار دیناری بۆ لایەنی دووەم واتە کۆمپانیاکە دەبێت و پێنج هەزار دیناریشی بۆ حکومەت وەک لایەنی یەکەم دەبێت.
لەو پێنج هەزار دینارەی بۆ حکومەت دەبێت، دوو هەزار و ٥٠٠ دیناری بۆ هاندانی فەرمانبەرانی دادنوس و فەرمانگەکانی دادنوس خەرج دەکرێت و دوو هەزار و ٥٠٠ دیناریشی وەک داهات بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە.
سەرباری ناڕەزایەتی هاوڵاتیان و عەریزەنوسانی هەرێم دواجار پڕۆژەکە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەرچی حکومەت و کۆمپانیای جێبەجێکارن باس لە لابردنی رۆتین و ئاسانکاریی بۆ هاوڵاتییان دەکەن و جەختیش لەوەدەکەنەوە کە پێشتری مامەڵەکانی دادنوسی هەمان تێچوویان هەبووە.
لەماوەی ڕابردوودا هەر هاوڵاتییەک بۆ تۆمارکردنی سکاڵایەک بڕی دوو هەزار و ٥٠٠ دیناریان بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمێک لێوەردەگیرا و لەلاى دادنوسەکانیش سێ هەزار و ٥٠٠ دیناریان لێوەردەگیرا، لەمەودوا هەر سکاڵایەک ١٥ هەزار دینارى تێدەچێ، چونکە بەهۆى فشارەکان ١٠ هەزار دینار لە نرخەکەى کەمکرایەوە.