٢٣ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ٣١ى ئابى ١٩٩٦دا و ئەم ڕوداوەش هاوشێوەى ڕوداوەکانى دیکەى وەک ١٦ى ئۆکتۆبەرو کەوتنى شەنگال و چەند ڕوداوێکى دیکە، نەک ئەوەى تائێستا هیچ کەس و لایەنێکیان لەسەر سزا نەدراوە، بەڵکو هەندێک جار بەشێک لە بکەرانى ڕوداوەکان بەخاڵى بەهێزى خۆیان وەسفى دەکەن و شانازى پێوە دەکەن.
٢٣ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ٣١ى ئابى ١٩٩٦دا و ئەم ڕوداوەش هاوشێوەى ڕوداوەکانى دیکەى وەک ١٦ى ئۆکتۆبەرو کەوتنى شەنگال و چەند ڕوداوێکى دیکە، نەک ئەوەى تائێستا هیچ کەس و لایەنێکیان لەسەر سزا نەدراوە، بەڵکو هەندێک جار بەشێک لە بکەرانى ڕوداوەکان بەخاڵى بەهێزى خۆیان وەسفى دەکەن و شانازى پێوە دەکەن.
سەرەتای مانگی ئایارى ساڵى ١٩٩٤ یەکەم جەولەى شەڕى ناوخۆ لە نێوان پارتی و یەکێتیدا لە قەڵادزێوە دەستی پێکرد و دواتر پریشکى ئاگرى ئەم شەڕە گواسترایەوە بۆ چەند شاروشارۆچکەیەکى دیکەو بەهۆیەوە بەهەزاران کەس لەهەردوولا کوژران و بریندار بوون.
بەردەوامبوونى ئاڵۆزیەکانى هەردوولا وایکرد لە ١٥ى ئایارى١٩٩٤دا شەڕ بگاتە ناوجەرگەى هەولێرى پایتەخت، بەڵام لە ١٩ى ئایارى هەمان ساڵدا کۆبوونەوەیەکى نێوان کۆسرەت ڕەسول و مەسعود بارزانى بۆماوەیەکى کاتى شەڕو خوێنڕشتنى نێوان هەردولاى ڕاگرت و لە ٣٠حوزەیرانیشدا بە ئامادەبوونی بارزانی و تاڵەبانی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکى سازکرد، بەڵام نە ئەم کۆبوونەوەیەى پەرلەمان و نە ڕێکەوتنەکەى پێشوو ڕێگر نەبوون لە بەردەوامى ئاڵۆزیەکان.
سەرەتاى ساڵى ١٩٩٥ جەولەى دووەمى شەڕ دەستیپێکردەوەو لە ١٥ى کانونى دووەمى هەمان ساڵدا باڵانسى هێز بەلاى یەکێتیدا شکایەوە و هێزەکانى ئەو حزبە توانییان شارى هەولێر کۆنترۆڵ بکەن.
لە شەوی ١٧ى ئابی ١٩٩٦یشدا جەولەی سێیەمی شەڕی ناوخۆ لە رەواندوزەوە دەستی پێکردەوە، بەڵام وەک باس دەکرێت شەرەکانى ئەم جەولەیە جیاواز بوو لەوانى دیکە، چونکە شەڕى یەکلاکەرەوە و سڕینەوەى یەکتربوو.
لەجەولەى سێیەمى شەڕەکەدا، هێزەکانى یەکێتى لەماوەیەکى کەمدا پێشڕەوى زۆریان کرد، چیاى سەفین و شەقڵاوەیان کۆنترۆڵ کردو بەوەش تەواو لەسەرى رەش نزیکبونەوە، پارتى لاى خۆیەوە رایگەیاند کە یەکێتى سوپاى پاسدارانى پەلکێشى ناو شەڕەکە کردووە بۆ یارمەتیدانى خۆى و سوپاى پاسداران تۆپبارانى هێزەکانى پارتى دەکەن لەبەرژەوەندى یەکێتى، ئەمەش پاش کەمتر لەمانگێک بوو کە سوپاى پاسداران لەشارى کۆیە هێرشیان کردە سەر بارەگاکانى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران.
هەربۆیە ڕۆژى ٢٢ى ئاب مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى نامەیەکى ئاراستەى سەدام حسێن کردوو داواى هاوکارى و بەدەمەوەهاتنى هێزەکانى لێکرد، لە بەرەبەیانی ٣١ی ئابی ١٩٩٦ دا هێزەکەى سوپای عێراق کە بە ٢٠ بۆ ٣٠ هەزار سەرباز و نزیکەی ٥٠٠ تانک مەزەندە دەکرا لە هەردوو فەیلەقى یەک و فەیلەقى پێنج و هێزێکى سەربەگاردى کۆمارى لە چەند قۆڵێکەوە هێرشیانکردە سەر شاری هەولێرو لەماوەى چەند کاتژمێرێکدا شارەکەیان کۆنترۆڵکرد.
شەڕەکە بەوە نەوەستا بەڵکو هەفتەیەک دواى لەدەستدانى هەولێر هێزەکانى یەکێتى لەسلێمانى و تەواوى شاروشارۆچکەکانى دیکە کشانەوە و بۆماوەى نزیکەى مانگێک لە سنورى سەیرانبەنى پێنجوێن مایەوە و دواتر بەهێرشێکى پێچەوانە گەڕانەوە و هێزەکانیان تا نزیکى دێگەڵەى سەربەهەولێریان کۆنترۆڵکردەوە .
تائێستاش بەشێک لە بەرپرسان و ئەندامانى پارتى بەشانازییەوە باسى ڕوداوەکە دەکەن، ئەوان پاساوى ئەوە دەهێننەوە کە حزبەکەیان مەترسی لەناوچوونی لەسەر بووە، بۆیە لە ڕووی ناچارییەوە پەنایان بردووەتە بەر ڕژێمی بەعس، جگە لەوەش ٣١ی ئاب کاردانەوەیەک بوو بەرامبەر بە هاوکاری ئێران بۆ یەکێتی و هێرشەکانی یەکێتی بە پشتیوانی سوپای پاسداری ئێرانی، بەتایبەت لەجەولەى سێیەمى شەڕەکەدا.
وەک چۆن بەشێک لە بەرپرسان و ئەندامانى یەکێتى ڕوداوى ٣١ى ئاب بە خیانەت و داگیرکارى وەسف دەکەن، بەهەمان شێوەش پارتى ڕوداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەر کە بوویە هۆى لەدەستدانى شارى کەرکوک بەخیانەت وەسف دەکەن، بەڵام لێکەوت و دەرهاویشتەکانى ٣١ى ئاب وایکرد پارتى لەهێزێکى پەراوێزەوە ببێتە هێزى یەکەمى هەرێم و لێکەوتەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەریش بوویە هۆى ئەوەى کورد بەتەواوى دەسەڵاتى موتڵەقى ناوچە کێشە لەسەرەکان لەدەست بدات و زۆر بەلاوازى بگەڕێتەوە کەرکوک، بەجۆرێک ئێستا بەشێک لەلایەنە سیاسەکانى کەرکوک هۆشدارى ئەوە دەدەن کە لە هەلبژاردنى پارێزگاکاندا کورد دەنگێکى زۆر لەدەست بدات و ئەوان ئەمە دەبەستنەوە بە لێکەوتەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەرەوە.
بەبڕواى بەشێک لەچاودێران، کێشەى ئەم رووداوانە ئەوەیە کە هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان وەک یەک تەحریمى ناکەن و بەکارێکى هەڵەى لەقەڵەم نادەن، بەڵکو زۆرجار پاش روداوەکان وەک دەستکەوت و خاڵى وەرچەرخانى ئیجابى باسى دەکەن، ئەمەش رێخۆشکەرو هاندەرە بۆ ئەوەى کە مێژووى سیاسیى ئێمە هەمیشە ئامادەیى دووبارە بوونەوەى ئەم جۆرە رووداوانەى تیادا بێت و لەحاڵەتى دووبارە بوونەوەشیاندا لەداهاتوودا، وەک رووداوێکى ئاسایى سەیر بکرێت.
وەک چاودێران باسى لێوەدەکەن باجى سەرەکى ئەم ڕوداوانە خەڵکى هەرێم داویەتى و تائێستاش بەدەست دەرهاویشتەکانى ئەو ڕوداوانەوە دەناڵێنن، بەجۆرێک ٣١ى ئاب دوو ئیدارەیی لێکەوتەوە و ١٦ى ئۆکتۆبەریش لەدەستدانى لەسەدا ٥١ى خاکى هەرێمى لێکەوتەوە بەکەرکوکیشەوە.