سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تى وردەکاریى بوونى ئاسایش لەناو بیناى شارەوانى سلێمانى ئاشکرا دەکات

شارەوانى دەڵێت بۆ پاراستنى ئەمنیەتى فەرمانگەکە و هاوڵاتیيانە
فۆتۆ: 
2019-08-29

6980 جار خوێندراوەتەوە

​کەشى فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان لە هەموو وڵاتان کەشێکە کە هاوڵاتیان کاتێک دەچێتە ناو فەرمانگەکەوە هەست بە ئارامى بکەن و کارەکانى بە ئاسانى بۆ جێبەجێ بکرێت، بەڵام لە بەشێکى فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانى هەرێمى کوردستان کەشەکە جیاوازە.


کەشى فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان لە هەموو وڵاتان کەشێکە کە هاوڵاتیان کاتێک دەچێتە ناو فەرمانگەکەوە هەست بە ئارامى بکەن و کارەکانى بە ئاسانى بۆ جێبەجێ بکرێت، بەڵام لە بەشێکى فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانى هەرێمى کوردستان کەشەکە جیاوازە.

بەپێی بەدواداچوونە رۆژنامەوانییەکانى ئێن ئاڕ تى، ژمارەیەک کارمەندى ئاسایش لەناو فەرمانگەى شارەوانی سلێمانی، چاودێریى کارەکانى ئەو کەسانە دەکەن کە سەردانى ئەم فەرمانگەیە دەکەن و لێکۆڵێنەوەیان لەگەڵدا دەکەن بەمشێوەیە.

کاتێک هاوڵاتییەک دەچێتە ئەم فەرمانگەیە سەرەتا دەچێتە لاى کارمەندێکى پرسگەى فەرمانگەکە و کارمەندەکە لە هاوڵاتییەکە دەپرسێت مامەڵەکەت چییە؟، دواتر هەر لە ناو پرسگەکەدا کارمەندى یەکەم هاوڵاتییەکە دەنێرێت بۆ لاى کەسى دووەم، کەسى دووەمیش ناوى هاوڵاتییەکە دەنوسێت و ناسنامە یان بەڵگەنامەیەکى لێ وەردەگرێت، دواتر کەسى دووەم هاوڵاتییەکە دەنێرێت بۆ لاى کەسى سێیەم هەر لەناو پرسگەکەدا، کەسى سێیەمیش لێکۆڵینەوە لە هاوڵاتییەکە دەکات و لێى دەپرسێت بۆ کوێ دەچیت و ئیشت چییە و دەتەوێت چى بکەیت؟ هەر بەپێى زانیارییەکان ژمارەیەکى زۆرى ئەو کەسانەى لە پرسگەى فەرمانگەکەن ئاسایشن.

دواتر کاتێک ئەو هاوڵاتییەى پرسگەى فەرمانگەکە تێدەپەرێنێت و دەچێتە ناو فەرمانگەکەوە لە قاوشى فەرمانگەکە، کەسانێک وەستاون کە ئاسایشى مەدەنین، هەروەها لە ناو ژورەکانیشدا ئاسایش بوونى هەیە و چاودێرى کاروبارەکانى هاوڵاتییان و کاروبارەکانى فەرمانگەکە دەکەن.

لەسەر ئەم بابەتە سەرۆکى شارەوانى سلێمانى بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، ئەو کەسانەى کە هێنراون بۆ فەرمانگەى شارەوانی، ئاسایشن و بۆ پاراستنى ئەمنیەتى فەرمانگەکە و هاوڵاتیيان و فەرمانبەرەکانیانە.

وەک توانا کەمال سەرۆکى شارەوانى سلێمانى دەڵێت، ئەو ئاسایشانە ژمارەیان ١٠ کەس دەبێت و وردە وردە بیر لەوەش دەکەنەوە کە ئاسایش لە فەرمانگە و شوێنەکانى دیکەى سەر بە شارەوانى سلێمانى دابنێن.

بوونى ئاسایش لە ناو فەرمانگەیەکى مەدەنى وەک شارەوانى بە لاى بەشێک لە هاوڵاتییانەوە کارێکى نەگونجاوەو دەڵێن نابێت ئاسایش لەناو دەزگایەکى مەدەنیدا بوونى هەبێت، هەر لەسەر ئەم بابەتە، هاوڵاتییەک بە ناوى ئەندازیار ئاکۆ سەمەد نوسویەتى، "وابروات شارەوانى سلێمانى دەگۆرن بە ئەمنە سورەکە"، دەشڵێت "من بایکۆتى ئەوە دەکەم کە جارێکى تر برۆمەوە بەو دەزگا ئەمنییەدا کە مەبەست لێی فەرمانگەى شارەوانییە".