وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە ڕێگەی پرۆژەیەکەوە دەیەوێت ژمارەى ئەو مزگەوتانە کەمبکاتەوە کە وتارى هەینیان تێدا دەخوێنرێت، یەکەمجاریش لەسەنتەری شارەکانەوە دەست پێدەکات.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە ڕێگەی پرۆژەیەکەوە دەیەوێت ژمارەى ئەو مزگەوتانە کەمبکاتەوە کە وتارى هەینیان تێدا دەخوێنرێت، یەکەمجاریش لەسەنتەری شارەکانەوە دەست پێدەکات.
نەبەز ئیسماعیل-وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، ئەم بڕیارە لە کابینەی پێشوو لە کۆنفرانسی وەزارەتەکەیان بریاری لەسەر دراوە و بڕیارەکەش بۆ هەموو مزگەوتەکانە و هەندێک مزگەوت لەیەکەوە نزیکن وتار خوێندن تێیاندا دەکرێت بە دەوری و هەر هەینیەک لە مزگەوتێکدا وتار دەدرێت.
یەکێتی زانایانی ئاینیش بوون بە دووبەش و بەشێکیان پشتگری پڕۆژەکە دەکەن و بەشێکی دیکەشیان لەگەڵیدا نین و دەڵێن ئەو بریارە خاڵی ناکۆکی ناو کۆنفرانسەکەى ئەوقاف بووە.
جەلال خەیلانی جێگری سەرۆکی یەکێتی زانایانیش دەڵێت، دەنگی ناڕازی هەر دەبێت، بەڵام دواجار زۆرینە لەگەڵ چ بریارێکدا بوو ئەوە جێبەجێ دەکرێت.
مامۆستایانی ئاینی بە گومانەوە لە بریارەکەی وەزارەتی ئەوقاف دەڕوانن و دەڵێن ئەزموونی تاڵیان لەگەڵ ئەو بڕیارانە هەبوو پێشتر وەزارەتەکە دەریکردووە بەتایبەتی دەرکردن و دوورخستنەوەی مامۆستایان لە وتاردان.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ئەوقاف، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە شەش هەزار مزگەوت هەن کە نزیکەی ٥٥٠ مزگەوتیان لە ئەوقاف تۆمارکراون و سێ هەزار مزگەوتیش وتاری هەینیان تێدا دەخوێنرێت.