سەردێڕ:

پەرلەمانى کوردستان شەش پرۆژە یاسا دەخاتە بەرنامەی کارەوە

فۆتۆ: 
2019-08-21

3726 جار خوێندراوەتەوە

بۆ وەرزى نوێی یاسادانان پەرلەمانی کوردستان ئامادەکارییەکانى دەستپێکرد و، لەو چوارچێوەیەدا سەرۆکایەتیی پەرلەمان و لیژنەی یاسایی کۆبوونەوە و بڕیاردرا شەش پرۆژە یاسا بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە و خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ بکرێت.


بۆ وەرزى نوێی یاسادانان پەرلەمانی کوردستان ئامادەکارییەکانى دەستپێکرد و، لەو چوارچێوەیەدا سەرۆکایەتیی پەرلەمان و لیژنەی یاسایی کۆبوونەوە و بڕیاردرا شەش پرۆژە یاسا بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە و خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ بکرێت.

١١ پرۆژە لە بەردەستى لیژنەى یاساییدان، بەڵام شەشیان دەخرێنە ناو بەرنامەی کارەوە، بە پاساوى ئەوەى پێنج پرۆژەکەی دیکە لەناو پڕۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشینیی موچە و دەرماڵە جێگەیان کراوەتەوە.

جەلال محەمەد بڕیاردەری لیژنەی یاسایی دەڵێت، ئەو یاسایانەى لە عێراق دەرچوون وەک پارێزگاریکردن لە داهاتە ناوخۆییەکان و چاودێریکردنى بازاڕى سەوزە و میوە لە هەرێمى کوردستان بەرکارى دەکەن، بەڵام بۆ ناوخۆ چاوەڕێى پڕۆژەیاساى چاکسازی دەکەن.

لە وەرزی یەکەمی یاسادانان پەرلەمانی کوردستان تەنیا دوو یاسای هەموارکردەوە، کە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم و ئەنجومەنی پارێزگاکان بوو.

پەرلەمانى کوردستان ١٤ پڕۆژە یاسای پێشنیازکراوی رەوانەى ئەنجومەنی وەزیران کردووە، بەهۆى ئەوەى رەهەندی داراییان هەیە و پێویستیان بە رەزامەندیی ئەنجومەنى وەزیرانە.

کاوە عەبدولقادر ئەندامی لیژنەی یاساییش دەڵێت، بڕیاردرا لەگەڵ دەستپێکردنەوەى وەرزى نوێی یاسادانان شەش پڕۆژە یاسا بخرێنە بەرنامەى کار و خوێندنەوەى یەکەمیان بۆ بکرێت.

فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش ڕەخنە لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەگرن، لەبەرئەوەى ئەو پڕۆژە پێشنیازکراوانەی ئەوان پێشکەشیان کردبوو، لە وەرزى یەکەمی یاسادانان نەخرانە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانەوە.

شێرکۆ جەودەت سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووش ئاماژە بەوە دەکات، لەگەڵ فراکسیۆنە ئۆپۆزسێۆنەکان هاودەنگییان هەیە بۆ پرۆژە یاساکانیان، کە خزمەت بە خەڵک دەکات.

پەرلەمانی کوردستان لە ١٥ی تەموزەوە پشووی دەستپێکردووە، لەو ماوەیەدا یەک دانیشتنی نائاسایی کردووە، لەسەر پڕۆژە بڕیاری بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان و لە ٣ی مانگی ئابدا کرا بە بڕیار.

هاوکات پەرلەمان هەموو ئەو پرۆژە یاسایانە دەخاتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمان، کە ئەنجومەنی وەزیران ئاراستەی دەکات، جیا لەوەش دەیەوێت لە وەرزی نوێی یاسا دانان زۆرترین پرۆژە یاسای پێشنیازکراو بخاتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانییەوە، بەتایبەتی یاسای چاکسازی لە خانەنشینی موچە و دەرماڵەی پلە باڵاکان.